‎لێکەوتەکانی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

10:25 - 2024-06-26
سالار مەحمود
171 خوێندراوەتەوە

‎‎سالار مەحمود*

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گەرمترین بابەتی ئەم دوو ساڵەی رابردووی هەرێمی کوردستان بوو، ئینجا شۆڕ بۆوە بۆ عیراق و دامەزراوە دەستوورییەکانی.
‎هەرێمی کوردستان لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا کرایەوە لەبەردەم چەندین ئەگەری نەخوازراودا، بەرە بەرە ئاراستەی رووداوەکان بەرەو خراپ و خراپتر رۆیشتن. بەشێک لە سەرچاوەی ئەو رووداوانە عینادی سیاسی و گوێنەدان بوو بە دەرهاوێشتەی لادان لە رێڕەوە دروستەکەی سیاسەتکردن.
‎ئەو گوێنەدانانە وای کرد ‎لەهەردوو وڵاتی ئیقلیمیەوە پەلاماری ئاسایش و ئۆقرەیی هەرێمی کوردستان بدرێت لەلایەک و حکومەتی عیراقیش دەست بخاتە بینەقاقای دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم تا بەتەواوەتی تەسلیمی مەرجەکانی ببێ.
‎لەم میانەیەدا خەڵکی کوردستان بە گشتی و مووچە خۆران زیانی زۆریان بەرکەوت.
‎چەندین سەرمایەداری نیشتمانی سەرمایەکانیان گواستەوە بۆ شوێنی تر.
‎پارتی بە پلەی یەکەم لە گەیشتن بەم دۆخە ئۆباڵی دەکەوێتە ئەستۆ، چونکە لە ئاستی گوتاردا غرورێکی تاک لایەنەی دابوو بە حکومەتی هەرێم و لە ئاستی کرداردا هەر جارەو وەفدی هەرێم دەچوونە بەغدا بە سازشێکی نوێوە دەگەڕانەوە کوردستان.
‎لەهەمان کاتدا نەگەڕانەوە بۆ پەرلەمان و لەوەش واوەتر درێژکردنەوە و داخستنی کارەکانی پەرلەمان ترازانی زیاتری دروستکرد.
‎پەرلەمان بۆ خۆشی بووە بە شێک لە ئاڵۆزییەکان، لە جیاتی بوونی بە سەکۆی گفتوگۆی چارەسەری کێشەی نێوان لایەنەکان.
‎لە ئێستادا سەبارەت بە هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمان هاوکێشەکە بەم جۆرەیە:
‎هەموو لایەنەکانی کە پێشتر فراکسیۆنیان لەپەرلەمان هەبوو لەگەڵ لیستە نوێکان بە هاوتەریب لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەی هەڵبژاردنن و پارتی بەتەنیا ملنادات بۆ چوونە ناو هەڵبژاردنەوە. 
‎تا گەیشت بەو ئاستەی ئەو وادەیەی لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە دیاری کرابوو 10-6 و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن پەسەندی کرد بەسەر بچێ و عینادی خۆی بباتە سەر.
‎ئێستا دیارە بە زارەکی پارتی قبووڵی هاتنە ناو هەڵبژاردنی کردووە، بەڵام ئایا بە کردار لەگەڵە؟ 
ئەگەر لەگەڵ بێ ئەوا پێویستە سەرۆکی هەرێم نزیکترین وادە دیاریبکات بۆ کردنی. چونکە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژارنی عیراق چاوەڕوانی مەرسومی هەرێمە.
‎درەنگ یا زوو ئەم ململانێیە بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەگات و ئەو غرورە  پێویستە کۆتایی پێ بێت، چونکە لە یەک ئاستدا بە زیانی هەمووان کەوتەوە و
‎پارتی لەمەشدا کارتی لەدەستدا و دەستی نەکەوت.
‎ئەگەر لەمە زیاتر شەڕی کات و دواخستن بکرێ بە دڵنییایەوە بە زیانی قورسی ئەزموونی هەرێم و ئایندەی قەوارەی هەرێم کۆتاییدێت.
‎یەکێتی لەم پێناوەدا خەباتی سیاسی پەرەپێدەدات لەگەڵ لایەنەکانی تر بۆ کردنی هەڵبژاردن و گەڕاندنەوەی پێگەی سیاسی بۆ دامەزراوەکانی هەرێم کە رێگا دروستەکە لەم پێناوەدا بە مەرجەعکردنی پەرلەمانی کوردستانە لە رووی سیاسی و یاساییەوە و هەرێم لە دوای هەڵبژاردن ببێتە خاوەن دەستوور.
‎بەبیری هەموان دێنمەوە کە یەکێتی چۆن قوربانیدا لەپێناوی هەبوونی دەستوور، داخوازییەکانی لایەنی بەرامبەر چی بوون بۆ ئەوەی ببینە خاوەن دەستوور، لە جیاتی هەوڵەکان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و قەیران و رووداوەکان، هەڵبژاردنی پێشوەختی دەخواست، کەچی رێکاری تر گیرایە بەر، خۆدزینەوەی زیاتر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن گرانتر لەسەر سەبەبکار دەکەوێتەوە کە خوازیاری هیچ لایەکی سیاسی نییە و لەبەرژەوەندیی پێگەی قەوارەی هەرێمی کوردستان نییە.
‎ئاراستەیەکی شۆڤێنی لە بەغدا کار لەسەر زیاتر ترازانی ماڵی کورد دەکات، ئامانجیان لەمە زۆرە، سەرەکیترینیان بێهێزتر کردنی قەوارەی هەرێمە تا گەیاندنی بە هەڵوەشانەوەی سیستمی فیدراڵ لە عیراقدا، ئێستا ئەو رەوتە کار لەسەر داماڵینی رۆحی فیدراڵی دەکەن و لێسەندنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێم و گەڕاندنەوەی بۆ سەر حکومەتی ناوەند.
‎ئەوەی یارمەتی ئەم دەستاودەستکردنەی دا، ئەو شیرازە سیاسییە شێواوەی هەرێم بوو.
‎کۆتایی وتەیەک لەم نووسینەدا پێویست بێ ئەمەی خوارەوەیە، بەردەوام بوون لەسەر ئەم تێرمە لە تێڕوانین بۆ سیاسەتکردن و ململانێ لێکەوتە سەلبیەکانی زیاتر دەبن.
‎باشترین چارە، گرتنەبەری رێگای هەڵبژاردنە و بە جیاوازییەکانەوە لە پەرلەمانەوە نەخشە رێگای نوێ بۆ سیاسەت لە ئاستی هەرێم و لەگەڵ بەغدا دابڕێژرێتەوە. 

*ئەندامی سەرکردایەتی ی.ن.ک


وتارەکانی نوسەر