لە پەراوێزی دووەمین دیداردا، دیدگای یەکێتی بۆ حوکمڕانی

09:45 - 2025-04-23
سالار مەحمود
68 خوێندراوەتەوە


رۆژی دوو شەممە 18/11/2024 لە دەباشان یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئامادەکاری دیداری یەکێتی سازکرا و تەوەر و هێڵە گشتییەکانی دووەمین دیدار دیاری کران.
لە ماوەی پێنج مانگدا نۆ کۆنفرانسی ناوچەیی وەک ئامادەکاری بۆ دیداری گشتی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئەنجام دران. بە هەزاران لاپەڕە نووسرانەوە و گفتوگۆی تەوەرەکان کران. پرسیار و پێشنیارو پرۆژەی زۆر ئاراستەی لیژنەی باڵای دیدار کراون.
ئێستا وا گەیشتینە دووەمین دیدار لە 23/4/2025 لەناو ئەو تەوەرە گرنگانەدا، یەکێک لە هێڵە سەرەکییەکان روئیای یەکێتی بۆ حوکمڕانی دەبێت.

 

دیداری یەکێتی، وێستگەی گفتوگۆی قۆناغی دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە


حکومەتی باش بە چ مانایەک
حکومەتی باش بەپێی پێوەری نێودەوڵەتی بۆ حوکمڕانی زانراوە چۆنە، بنەماکانی حکومەتی باش روونن لە کورتترین پێناسەیدا حکومەتی خەڵک و پەیڕەوکردنی شەفافیەت و بێ رۆتین و خزمەتگوزارە.
حکومەتی کوردستان، لە پرۆسەی بەناو سەربەخۆیی ئابووری سەرکەوتوو نەبوو، لە هەمان کاتدا کەوتە ژێر باری قەرزێکی زۆری چەندان ملیار دۆلاری، بەڵام هێشتا پەرلەمانی کوردستان نازانن سەرچاوەی ئەو قەرزانە و هۆکاری راستەقینەی ئەو قەرزانە چین، بەم دەرئەنجامە دەردەکەوێت نا شەفافیەت لە خەرجی و داهات وای کردووە بنەماکانی حکومەتی باش لە بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستاندا ئامادەیی نییە.
لە لایەکی ترەوە لە دە ساڵی رابردوودا، بە هۆی دابەشبوونی سیاسی لەو دەڤەرەی یەکێتی باڵا دەستبووە، حکومەتی خۆجێی دابەشکرا بەسەر چەندین لایەندا، بە پێچەوانەی ئەو دەڤەرەی پارتی بەپێی واقیع باڵادەست بووە، بەڵام پارتی ئامادە نەبوو یەک لایەن لە غەیری خۆی بەرپرسیارێتی و مافی بەشداری بەڕێوەبردنی پێ بدات.

متمانەی زیاتریان دایەوە بە یەکێتی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەوەی کرد و تا ئاستێک توانی سەرکەوتوو بێت لە کوژاندنەوەی ئاگری ئاشوبێکی ناخۆیی. بەڵام دوای چەندین ساڵە خەڵکی دەڤەرەکە متمانەیەکی زیاتریان دایەوە بە حزبەکەی خۆیان و لە بەرامبەردا لایەنەکانی تر پاشەکشەی گەورەیان کرد.
لە ئێستادا گفتوگۆی کاراکردنەوەی حکومەتی خۆجێی  لە هەردوو پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی راپەێن بووەتە پێویستی ئەم قۆناغە، لەمەشدا گەرەکە دیدگایەکی نوێ و سەردەمیانە بێتە کایەوە بۆ زیاتر کاراکردنی دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان.
دیدگای یەکێتی بۆ حوکمڕانی لەسەر بنەمای شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکانە بۆ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.
دیدگای یەکێتی، قۆرخ نەکردنی دەسەڵاتە لە پایتەختەوە، بەڵکو پایتەخت نوێنەرایەتی سیادە و سیاسەتی حوکمڕانی هەرێم بکات، بەپێی سیستەمە فیدراڵییەکە، دەبێت دەسەڵاتەکانی خزمەتگوزاریی و ئیداریی و ماڵی شۆڕبکرێتەوە.

دیدگای یەکێتی بۆ حوکمڕانی لەسەر بنەمای نوێنەرایەتیکردنە
حکومەتی هەرێم نوێنەرایەتی هەموو خەڵکی کوردستان دەکات، لە بەرامبەر هەر وەفد و گەل و وڵاتێک، لە سەردان و دیدار و وەفدەکانی هاتوو و رۆیشتوودا،  نوێنەرانی حکومەتی کوردستان، دەبێت خۆیان داماڵن لە بەرگە حزبییە تەسکەکە و توانای حکومەت بۆ کەس و حزب بەکار نەهێنرێت، بۆ ئەوەی سەنگی هەرێم پارێزراو بێت.
هەر بەردەوام بوونێک لەسەر نەریتە کۆن و سەرنەکەوتووەکانی نوێنەرایەتیکردن هەڵەیەو زیانی زۆر بە پێگەی حوکمڕانی کوردستان دەگەیەنێت، یەکێتی حکومەتی بۆ خزمەتی گشتی و حوکمڕانییەکی دروست دەوێت، لەناو حکومەتیشدا مکوڕ دەبێ لەسەر ئەو بەڵێنانەی لەم سێکتەرە بە خەڵکی کوردستانی داوە، بۆ نموونە کە وەفدێک دەچێتە بەغدا بۆ چارەسەری کێشەیەکی دیاریکراو پێویستە دۆسییەی چارەسەر لای حکومەت بێت بە مانا فراوانەکەی نەک لای کەس و لایەنێک، بوونی یەک دۆسیە و یەک مەلەفی چارەسەر پرۆسەی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەر خێراتر دەکات و هێز دەداتە کوردستان لە بەرامبەر بەغدا.

 

ئەوانەی داننانێن بەوەی لەم چەند ساڵەی رابردوودا حکومەتی هەرێم هەڵە و پەڵەی زۆری هەبووە، دیارە نایانەوێت دان بە کەم و کوڕییە گەورەکان دا بنێن و مەیلی سیاسییان نەک بۆ راستکردنەوە نییە، بەڵکو دەیانەوێ لەسەر هەمان رێڕەوی نادروست و خراپ بەردەوام بێت


کامە دیدگا بۆ حوکمڕانی

لە دواین هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 10/20/2024 ، بەرنامەی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، داننان بە کەموکوڕییەکان و بوونی پلان و بەرنامەی چاکسازیی بوو بۆ حوکمڕانی ئایندە، ناونیشانی ئەم پرۆسێسەش «راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی» بوو.
یەکێتی کە لە بنەمادا، خاوەنی دیدگای یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، توانی لە دروستکردنی یەکەم کابینەی حکومەت و دووەم کابینەشدا سەرۆک وەزیران لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بێت.
سیستەمی فیدراڵی بۆ هەرێم و بەغداش لە پەرلەمانی کوردستان چەسپاند، واتە شاندانە ژێر باری بەرپرسیارێتی، لەیەکەم رۆژی حوکمڕانی کوردستانەوە یەکێتی کۆڵەکە سەرەکییەکە بووە.
دوای (33) ساڵ لە حوکمڕانی، چاکسازیی ریشەیی حەتمیەتی ئەم قۆناغەیە، حوکمڕانی کوردستان پێویستی بە شێوازی نوێی بەڕێوەبردنە بە جۆرێک لەگەڵ پێوەرە گشتییەکانی (good government) بگونجێت.
هەڤاڵانی یەکێتی لەپاڵ تەوەرەکانی تری ژیانی سیاسی، وەکو پرسی گەنجان و ژنان و ناوچە دابڕاوەکان و پەیوەندییەکان و پەیکەر و ئۆرگانەکان، لە دووەمین دیداردا روئیای یەکێتی بۆ حوکمڕانی تەوەرێکی باڵکێش دەبێت.

*ئەندامی لیژنەی باڵای دیداری یەکێتی

 

وتارەکانی نوسەر