یادی راپەڕینی هەولێر پیرۆز، بەهاری سەرفرازی هەولێریان پیرۆز

10:20 - 2023-03-11
ستران عەبدوڵڵا
335 خوێندراوەتەوە

یادی راپەڕینی هەولێر پیرۆز، بەهاری سەرفرازی هەولێریان پیرۆز
ستران عەبدوڵڵا
بەهاری خاوەندارێتی راپەرینە کە وەعدی مێژووە و هەر دەبێت خەزانی جیاکاری و خەزانی مەیلی سنووردارکردنی ئازادی بەدواوە بێت.
لە دەکەیەکی بەرزی سوچێکی قەڵاوە ئیبن موستەوفییەک دانیشتووە و گشت ئەم مێژووە لە (تەئریخی ئەربیل) بە زرنگی و نەباهەتەوە دەنووسێتەوە. گشتی لە کتێبخانە میللی و دەوڵەمەندەکانیدا شانیان داوەتە سێبەری قەراتەوە، تۆمار کراوە و خوێنەری بە سەلیقەی وردی دەوێت تا جفرە و پەنهانییەکانی وەخوێنێت.
هەولێر وا هەڵکەوتووە کە پایتەخت بێت نەک ویلایەت، مێژووی دێرینە ئەمما ئاسۆی گەشی دوا رۆژی سەرفرازیشە. فەقیر نەواز و غەریب دۆستە ئەمما هەمیشە عند الایجاب خاوەندارێتی لە خۆی و لە کوردستان کردووە.
وا هەڵکەتووە کە هی هەموان بێت، هی موفتی و کتێبخانەکەی، هی جاهید و چوارینەکانی، هی محەمەد ئەربیلی و هی تیپی مۆسیقای دەرسیم بێت، هی کرمانج و شادستۆن لە پێ، هی پێکهاتە و هی پێکهاتن بێت، وەختێک کە دیتی قسە پێویستە، وەک عەونی یوسف، بە دەنگی زوڵالی کوردایەتی مەدەنی دەڵێت؛ (جەناب مەقایس نەماوە).
سڵاو لە شانە چەکدارەکانی بروسک، لە رێکخستنە قایم و قامەت بەرزەکان، لە گشت هەوڵێرییەکان، بە خاس و عەوامیانەوە. بە موبتەداو خەبەریانەوە، کە  وتەبێژی خانەقای کەرکوک شێخ رەئوفی خانەقا چاکی لەسەر وتوون؛ هیچ وڵاتێک خێر و خۆشی شاری هەولێری نییە، ئەوەش کۆپلەیەکی؛
هیچ وڵاتێ خێر و خۆشیی شاری هەولێری نییە
میللەتی وا چاک و پاک و لاوی وەک شێری نییە
خەڵکەکەی راستن، بەزۆری فێڵ و دەسبڕیان کەمە
کەم کەمەی ناڵێم، ئەوى تر منجڕ و گێڕی نییە
ئەرزەکەی راست و دروستە، وەک دەروونی ئەهلەکەی
شاخ و هەردە و پێچ و کەند و لێژ و هەڵدێری نییە
نامەوێ لادەم، حەقیقەت چۆنە، هەروا لێی ئەدوێم
باوەڕت بێ، شاری تر، ئینسانی وا ژیری نییە

وتارەکانی نوسەر