نابێت رێگە بە بۆشایی بدەین. رێی پێبدەین خەڵکی تر پڕی دەکەنەوە. ئەمە بنەمایەکی زانستی فیزیکیشە. ئەگەر لە بوارێکدا هەوای پاک نەمێنێت هەوای پیس ئەو بوارە پڕ دەکاتەوە. بابەتەکە پاقژیی بیری خۆمانی و نا پاقژیی بیری نەیار نییە، باسەکە نەچێتە قاڵبی موقەدەس و گڵاوییەوە کە ئەمە لەگەڵ روانگەی دیموکراسیی ناگونجێت. بابەتەکە باوەڕ و بیرۆکەیە کە ئەگەر باوەڕت پێی نەبێت و لە بیروباوەڕی خۆت دڵنیا نەبیت هەر نەتبێت باشترە و هەر خاوەندارێتی لێ نەکەیت چاترە و دواییش هەر قوربانی بۆ نەدەیت.
ئەگەریش باوەڕت پێیەتی بیڵێیت و بیکە و بۆشاییەکە پڕبکەوە، بوارەکە بە هەوای پاکی بیری خۆت پڕ بکەوە تا هەوای پیس تەشەنە نەکات. با بیروباوەڕی رەوای خۆت گشت ئەو ناوە بتەنێتەوە.
ئەمڕۆ لە بەغدا پاکێچی ئیستحقاقەکانی کورد قاچوقوچی تیا دەکرێ، هەندێک لەبەر ئەوەی هەر باوەڕیان وابووە کە کورد جێی باوەڕ نین و شایانی هیچن و هەندێکیش روویان لە جەمسەرگیری هەڵبژاردنە و کەسابەتەکە لە کۆمەڵگەی لۆکاڵی خۆیان ئەوەیان لێ دەخوازێت بوعبوعی کوردستان گەورە نیشاندەن.
لە کوردستانیش دوو دەنگ زەقن و هەولێری گوتەنی (گارەکاری) دەکەن:
دەنگی جەمسەرگیریی فشە قەومی کە قەت خەمی نەتەوەی نەبووە و گەرەکێتی رق و توڕەیی خەڵک لە مووچەی رەوا بۆ هەڵبژاردن گل بداتەوە و دەنگی پۆپۆلیستی نەشاز کە هەر لە هەمان ئاو دەخواتەوە و لە شەوی تاریکا خەیاڵی لای بردنی لێفەکەی مەلا نەسرەدینە.
ئەم جەمسەرە دوو زەردێنەییە بەرامبەر جەمسەری بەغدا هەر لە ئێستاوە، لەم هاوینە گەرمە تای هەڵبژاردنی زستانی دادێی گرتووە.
هەر لایە و کەرەستەی (با بڕوخێ و بابژی) خۆی تاوداوە سا بەڵکو لەڕێی بەرامبەرەکی روکەشانەی یەکترییەوە خزمەتی یەکتری بکەن!
ئەی هەوای پاکژ تۆ لە کوێی تا شوێنی بیروباوەڕی راست و رەوان بکەیتەوە؟ وا لەوێیە ! لەو شوێنەی بەرژەوەندی گەل دەیخوازێت و گەرەکە خەڵکی یەکڕیز و بۆی کەمەندکێش بکەیت.
زۆرینەی خەڵک لەگەڵ ئەوەن بە گفتوگۆ و رێککەوتن و پێداگری لەسەر ماف و داخوازییەکان کێشەکان چارەسەر بکرێت. ئەمە خەباتێکی رۆژانەیە نەک هاتوهاواری کاتی لە کاتی ململانێی هەڵبژاردندا. ئەمە ئیشی هێزە دەربەستەکانی وەکو یەکێتییە کە رۆژانە کاری بۆ بکرێت و رای گشتی لەسەر کۆبکرێتەوە. ئیشی سیاسەتی نیشتمانیی ژیرانەیە کە هەر بە یەکێتیی دەکرێت.
لەم چوارچێوەدایە کە بیری باش یەکڕیزی دروست دەکات و خەڵکی لە دەور کۆدەبێتەوە. بە کەس ناڵێین بیری خۆت مەڵێ و دوای بیری ئێمە بکەوە بەڵکو فەرموون و وەرن پێکەوە دەوری بیری باشی چارەسەری بدەین و هەوای پیس لەقاو بدەین.
یانی پێکەوە جەمسەرگیری یەکڕیز بین و زۆرینەی دەنگی کوردستان بۆ نەبەردیی داهاتوو ببەینەوە. ئینجا لە بەغدا ماف لە قوڕگی شێر دەربێنین، بەوەش هەر لەڕێوە رێوی لە کلکە لەقێ دەکەوێت.
بابەتەکە ئاسانە: لەبەرامبەر هەر بیرێکی چەوت و ناقۆڵا بیرێکی دروست و رەوای کوردانە بڵاوبکەینەوە، رێگە بە بۆشایی نەدەین.