کۆتاییەکەی کراوەیە، چونکە زۆری ماوە

05:24 - 2025-05-18
ستران عەبدوڵڵا
42 خوێندراوەتەوە

ستران عەبدوڵڵا 

کاروانێکی پەنجا ساڵییە و هەدادانی بۆ نییە. لە هەندێک دەرفەتی ساف و بێگەردی ئاسمانی رەوتی گەشەدا وەک ئاوی سازگار رێ دەکا و دەڕوا و رووباری حەیاتە بۆ تینوێتی خاک و پەکی خەڵک و ئاسۆی لێڵی داهاتوو.
لە هەندێک بەربەستی رێ و تەنگەتاوی رۆژگار و شەوەزەنگی تەقویم و ساڵنامەی کەیفسازی داگیرکەراندا زگزاک و بە تاو و تاسەیە. بە توڕەیی و تەکان و گوڕ خواردنەوە رێگا بۆ خۆی و رەوایی پرسەکەی دەکاتەوە.
ساحێبی مەسەلەیە و هەمیشە ئامادەی نەبەردی و نەبەزین و نەسرەوتنە.
هەرچی بۆ گەلەکەمان باشە و پێویستە و هەرچی بە کوردی و کوردستان دابین دەبێت دایمە و دەرهەم مەسەلەی یەکێتی و خەمی ئەو بوو.

پەنجا ساڵ کە بە حوکمی دوورودرێژی زەمانە و رۆژگاران پێچی مێزەرێکە، بەڵام بۆ خاک و خەڵکی کوردستان، بۆ عومری ناهەمواری نەتەوە بندەستەکان سەدەی بێ رەحمی و سەدای بەرپەرچدانەوەی زوڵم و ستمی مێژووە.

لەبەر ئەوەیە پەنجا ساڵ بۆ تێکۆشانی کوردایەتی هەر یوبیلی زێڕین نییە، بەڵکە یادی ئەڵماسیی سەدەیەک هیلاکی کوردە.
کوردستان لە دێر زەمانەوە هەیە، نیشتمانپەروەریش هەروا لەگەڵ هەوا و هەناسە و هەڵسان نەشونما دەکات، کوردەوایش ئێ دیارە خودناسین و پێکەوەیی و پێکەوە هەڵکردنە، کوردایەتیش خوێن و فرمێسکی رشت تا کامڵ و پێگەیی، ئەمما گردکردنەوەی گشتی ئەمانە لە گوشراوەیەکی ئازار و ئازایەتی و ئازادیدا ئەمە زەمان و زەمین و زەمانەت و مسگۆری تاقیکردنەوە و ژیریی گەرەک بوو، کوردایەتی نوێباوی پێویست بوو، یەکێتی هات و ئەمانەی لەیەک کۆکتێلی مزر و تیژدا دابینکرد. 
 
پەنجا ساڵی پێش هاتنی وەک پرۆڤە و مەشق و راهێنانی کردارەکی بوو،  بڕنەوی کوردایەتی چاوی گرژ و تیرئەنداز دەکرد، بە تیلەی چاو گەرەکی بوو ئامانج بپێکێ و  زرمەی لێ هەڵسێنێ. ماوەیەک باسک و بازوی پتەو دەکرد تا ئەگەر مام جەلال بڕیاری دا و رەفیقەکانی  تەدارەکیان تەواو کرد کڵپە و بڵێسەی لێ هەستێنن.
ئەمە کورتە چیرۆک تێری ناکا و نۆڤلێتیش لە ئاستیا شەرمەزارە، سێینەش دەتوانێ تەنها فریای تەمەنی پێش راپەڕینی بکات، 
ئەمە داستانی سەدەیە و رەنگە چەند نەوەیەک لە نۆبڵ وەرگران لە عۆدەی بێن، رەنگە.
بەو حاڵەشەوە ئەم داستانە رانەوەستاوە و کۆتاییەکەی کراوەیە، کراوەیە تا کورد دەگاتە دوا مەنزڵی چارەنووس.

وتارەکانی نوسەر