بەسەرهاتێکی ناخۆش و بە داخە کە لێرە و لەوێ لە هەموو شوێنێکی دونیا روو دەدا، بەڵام کە لە وڵاتی خۆمان دەقەومێت ئینجا دەزانین هێشتا هیچ یاسا یان هیچ نەزم و نەریتێک نەیتوانیوە بەری پێ بگرێت و چارەی بکات.
قابیل و هابیل داستانێکی قەدیمە، قورئانی پیرۆز بە ئاماژە بۆ پەند و ئامۆژگاری و مێژوو بۆ تۆمار و وردەکاری بەسەرهات باسی دەکەن، بەڵام چاوی تەماح رەش یان کاڵ، ورد یان زەق بێت بە هیچ تێر ناخوا و وەک دەڵێن مەگەر (خۆڵ تێری بکات) یانی مەرگ و داخستنی مەلەفی ژیان و جولە کۆتایی پێبێنێت.
ئێمە تێکۆشەرێکی ریزەکانی یەکێتی و پەرۆشێکی کەسوکاری شەهیدانمان لە کۆمیتەی کوردستان (فەیلەق) هەیە کە وەک دەیان و سەدان تێکۆشەری کەرکوکی بێ هیچ کەشوفشێک، ئەرکی حزبیی خۆی لە خزمەت خەڵکی شار و کەسوکاری شەهیدان (کاک عەلی حەمەد ئیسماعیل)جێبەجێ دەکا و بۆ کەسابەت و رزقی حەڵاڵیش کار و کۆشش دەنوێنێت. تەکسیی هەیە بۆ بەخێوکردنی کوڕە تاقانەکەی، منەتی کەس هەڵناگرێت و رازییە بە تێکۆشانی ژیان لەپاڵ تێکۆشانی حزبیدا. لەولاشەوە چاوی تەماح کوێرە نە هاوشاری و هاوڕێیەتی، نە نزای حەجی ماڵی خوا و نە نەزمی پۆلیسی و دەوڵەت دەزانێت و رەچاو دەکات کە دەستی دەچێتە خوێنی مەخلوقێکی بێوەیی خوا.
ئاخر حەجی دیاری دووری بۆچی بوو کە خواناس و خەڵقپەروەری لە شاری خۆت هەبن و ئەولەویەت و لەپێشترە.
لەسەر ئەمەیە کوردەواری جوانی گوتووە (تا ماڵ مابێ......)
چۆن ئەم دەستە بە بێباکی و بۆ چڵکی دەستی ماڵی دونیا دەچێتە خوێنی بەندەی خوا و هاوشارییەکەت؟ چۆن خێزانێک بێ سەرپەرشت و بێ بەخێوکەر دەکرێت؟
هیچ ئامۆژگاری و دەرس و دەورێک ناتوانێت فیشەکی چروکی لەدەست دەرچوو بگێڕێتەوە؟ هیچ ئەسەفێک رۆحی گەڕاوە بۆ لای خوای خۆی لە ئەجەل ناگێڕێتەوە. هێندە هەیە خوا هەقی کەس بەسەر کەسەوە جێناهێڵێت و کیتابی ژیان و ئەجەل کراوەن و بێ داخرانن.
ئێمە لە جێی یاسا و داد و عەدالەت قسەمان پێ ناوترێت و نابێت هیچ بڵێین دوای کسپەی دڵی کوڕەکەی.
چیرۆکێکی خەمگین دوو ماڵی وێرانکرد و دڵی دۆستانی شەهیدی غەدر (کاک عەلی) و ئاوارەی نیشتەنیی شانۆی ئازار، فیلەقی جارانی سوپای بەعسی خستە پەژارەوە.
کۆستێکی ترە لە شاری کۆستکەوتووی ناو دیوانی تەئریخ و زامداری لە مێژینەی دەستی تەعریب و راگوێزانەوە. شار ئەمە دەرد و خەمی و تاوانباریش ئەمە نەگبەتی و تاوانی کە لە ڤیدیۆکەدا قاچی لەسەر قاچ داناوە و رووی لە چارەنووسی دۆزەخییە. سۆشیال میدیاش کەرەستەی چەند رۆژی دابینکرد.
شەهیدی غەدریش ناونیشانێکی ترە بە باڵای هاونیشتمانی کەرکوکدا بڕاوە. رۆحی کاک عەلی شاد و ئاسودە بێت لای دیوانی پەروەردگار.