راپەڕین بەڵگەی کوردستانیبوونی خانەقینە

09:52 - 2023-03-15
عەباس مەحمود
274 خوێندراوەتەوە

لەزۆربەی رووداوە مێژووییەکان و دوای تەواو بوونی شەڕ و ململانێکانی نێوان وڵاتان و داڕشتنەوەی دووبارەی سنوورەکان، دەگەڕێنەوە بۆ بەڵگەنامەکان و جیۆپۆلۆتیکی ناوچەکانی کێشە لەسەر، هەروەها دواهەڵوێستی دانیشتوان و بەتایبەتی رای گشتییان، دەکرێتە خاڵەکانی دانوستانیان و ئەوەی زۆرترین خاڵ و بەڵگەی لابێت تەنانەت دەتوانێت لە نێوەندە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی دیکەش رازی بکات بەوەی ئەو ناوچانە لە هەموو روویەکەوە پەیوەستە بە جوگرافیاکەیەوە، بەمەش بەشێوەیەکی لۆژیکی بەسەر نەیار و رکابەری خۆیدا سەرکەوتوو دەبێت. 
هێنانی بەڵگەنامەی مەحکەم و حاشاهەڵنەگر بۆ گێرانەوەی رووداوە مێژووییەکان و چۆنێتی خستنەڕووی ئەو بەڵگە و دیکۆمێنتانەش تەنیا بە کەسانی شارەزای مێژوو و دابونەریت و زمانەوانییەکان دەکرێت.
لە خانەقینی ئێمەش وەک ناوچەیەکی جێناکۆک و کێشە لەسەر و دانەبڕاوی خاکی کوردستان دەکرێت بە دانوستان و هێنانی بەڵگەنامەکان دواتر شێوازەکانی تری کاریگەری یەکلایی بکرێتەوە. 
یەکێک لە بەڵگە و رووداوە مێژووییەکان کە دەکرێت بەکاربهێنرێت، راپەڕینی ساڵی 1991ی خانەقینییەکانە کە هاوشانی هاونیشتمانانیان بەشدار بوون لە راپەڕینی گەلی کوردستان و شارەکەیان بۆ چەند رۆژێک لەدەستی گەورەترین دوژمنی سەرسەختی مرۆڤایەتی دەرهێنا و سەلماندیان کە ئەوان بەشێکن لە هەڵوێست و بڕیار و دوا وتە و هەموو شتێک و ئەوان جیاواز نیین لە کوردستان.
بۆیە ئەم رووداوە مەزنە بۆ هەمیشە وەک بەڵگەو دیکۆمێنت لە کتێبی سەروەرییەکانی خەڵکی بە شەرەفی خانەقیندا و لە کتێبی مێژووی کوردستاندا دەمێنێتەوە و هەرکات پێویست بکات گەلی کوردستان دەتوانێت بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ لەگەڵ نەیاران و رکابەرەکانیدا بەکاریبهێنێت و بەڵگەیەکی مەحکەم و حاشاهەڵنەگریشە.

وتارەکانی نوسەر