بیدوێنە شەرحی خۆی دەکات

08:02 - 2023-03-22
لاوێن ئەبو زێد
291 خوێندراوەتەوە

کەمال کەرکوکی دەڵێت، مەحاڵە رێگە بە یەکێتی بدەین جارێکی تر پۆستی پارێزگای کەرکوک وەربگرێتەوە.
ئەو ‎قسەیەی کەمال کەرکوکی هەر کەسێکی تر بیکردبایە دەیان بوختان و وەڵام و وەڵامکاریی لێدەکەوتەوە و پارتییەکان بە درۆیان دەخستەوە و وایان نیشان دەدا کە ئەوەندە لە خەمی کەرکوک و کەرکوکییەکاندان، ئەوەندە بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ مەسەلەی کەرکوک دەکەن کە ئەوان هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە پارێزگاری کەرکوک کورد بێت، گرنگ نییە چ لایەنێکە.
کەمال کەرکوکی باسی زۆرترین دەنگی کەرکوک دەکات بێ ئاگا لەوەی کە ژمارەی کورسییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەموو هەڵبژاردنەکانی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا لە  کەرکوک لە ژمارەی کورسییەکانی پارتی زیاترە، باشە ئەگەر وایە بۆ لە کوردستان لافی زۆرترین ژمارەی کورسی لێدەدەن و بەم نەفەسەوە دانوستاندن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا دەکەن بەڵام لە کەرکوک باسی ژمارەی دەنگی کاندید دەکەن؟ دیارە بانێک و دوو هەوایە، دڵنیام کەمال کەرکوکی ئەوەندە بێ ئاگا نییە و ئەوەندەش کەم ئەزموونی سیاسی نییە کە نەزانێت ژمارەی کورسی حوکم دەکا نەوەک ژمارەی دەنگی کاندید. ئەویش ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا پۆستی پارێزگار یەکلایی دەکاتەوە نەوەک ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام کێ ئەو قسانەی پێدەکا، خوا دەزانێت.

ئەگەر پارتی و کەمال کەرکوکی لافی ئەوە لێدەدەن ژمارەی کورسییەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگایان زۆرە دەبێت ئەوەش بزانن کە لە کۆتا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە کەرکوک یەکێتی و پارتی بە یەک لیست چوونە هەڵبژاردنەوە و پارتی زیاتر لە نیوەی کورسییەکانیان بە دەنگی یەکێتی بە دەستهێنا، ئەوەش زۆر روونە کە یەکێتی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یان چوونە پەرلەمانی عیراق و لە شوێنیان ئەندامانی پارتی شوێنیان گرتنەوە.

وتارەکانی نوسەر