رۆڵی گوندەكان لە چارەسەركردنی قەیرانەكانی هەرێمدا

10:36 - 2022-04-13
وتار
610 خوێندراوەتەوە

گوندستانی نوێ

ئەمجارە مەبەستمان لە گەڕانەوە بۆ گوندەكان مەبەستمان گەڕانەوە نییە بۆ گوندەكان لە پێناوی خزمەتكردنیان و گرنگیدان بە گوندەكان، ئەم كایەیە مەبەستمان ئەوەیە كە بۆ پڕكردنەوەی بەشێكی زۆری ئەو قەیرانانەی كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە بگەڕێینەوە بۆ گوندەكان و جارێكی دیكە ئەو بەرهەمە خۆراكی و كوردەوارییەی لە گوندەكاندا بەرهەم دەهێنرێت سوودیان لێ وەربگیرێت و بازاڕیان پێ پڕ بكرێتەوە و تێچوویەكی زۆر لە بەرهەمی دەرەكی و بیانیدا بەهەدەر نەدرێت و لە بەرامبەریشدا ئەو هێزە كارە زۆر و گەورەیەی لە گوندەكاندا كۆبۆتەوە و تاكو ئێستا سوودی لێ وەرنەگیراوە، بەگەڕ بخرێتەوە و پشت بە بەرهەمی دەرەكی نەبەسترێت و كاڵای ناوخۆیی جێگەی كاڵا بیانییەكان بگرێتەوە.
یەكێك لەو هۆكارانەی وایكردووە قەیرانە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان چارەسەر نابن و بازاڕەكانی هەرێم هەمیشە وەك مار كڕیارەكان دەگەزن! و رۆژ لە دوای رۆژ قەیرانەكانیش لەسەر یەكتر هەڵدەچنرێن، نەگەڕانەوەیە بۆ رۆڵی گوندەكان لە پڕكردنەوەی بازاڕ و پڕكردنەوەی داوا و پێویستی كڕیار. 
هیچ جوگرافیایەكی ئەم سەرزەمینە هێندەی هەرێمی كوردستان بازاڕەكانی خاڵی نییە لە بەرهەمی ناوخۆیی و تەواوی ئەو بەرهەمانەی لە بازاڕەكاندا بەكار دەبرێن بەرهەمی دەرەكی بێت، تاكو حكومەتی هەرێم نەگەڕێتەوە بۆ رۆڵی گوندەكان لە دابینكردنی پێویستییە ناوخۆییەكان و هێزی كاری گوندنشینەكان نەخرێتەگەڕ، ئەستەمە بتوانرێت كاریگەری هەر قەیرانێك لەسەر شانی هاووڵاتیان سووك بكرێت و لاببرێت.
فرەیی سەرچاوەكانی داهات لەناوخۆی هەر وڵاتێكدا، هۆكارێكی سەرەكییە بۆ ئەوەی هاووڵاتییەکانی كەمتر توشی قەیران ببنەوە و كەمتریش پشت بە هێزی دەرەكی و كاڵای دەرەكی ببەستن، پشت بەستنیش بە تەنها «نەوت» زیانێكی گەورەیە بەر حكومەتی هەرێم یەكەمجار و هاووڵاتیانیش دووەمجار كەوتووە و بە روونی هەستیشی پێ دەكرێت، كەچی زۆر بێدەربەستانە لێی دەڕوانرێت و هێشتا هەوڵێكی جدی و روون لە ئارادا نییە كوردستان لەم دۆخە رزگار بكات و بەرهەمی ناوخۆیی شوێنی هەموو ئەو كاڵایانە بگرێتەوە كە تاكی بەكاربەری كورد زۆرترین داواكارییان لەسەری هەیە، تاكو دۆخەكە بەمشێوەیە بمێنێتەوە و بەردەوام بێت ئەوا لەهەر كوێیەكی ئەم جیهانە رووداوێك رووبدات ئەوا لە هەرێمی كوردستان قەیران سەر هەڵدەدات.

وتارەکانی نوسەر