وزە دەدات بەهین و هینت دەکات

10:15 - 2023-04-26
هاژە باست
355 خوێندراوەتەوە

ئەوە ماوەیەک وتبوویان جەرجیر بۆ شتێک باشە، (جا من نەیڵێم باشترە خۆتان ماشەڵا هەمووتان دەیزانن)، ئێ وەلحاسڵ لەبازاڕدا دەست نەدەکەوت، کابرایەکیش عەوداڵ بوو بەدوایا، چەند دوکانێکی کردبوو پرسیارە و پرسیار دەستی نەکەوتبوو، حاجییەکیش ئاگای لەم کەین و بەینە بوو بانگی کردبوو وتبووی: ئەگەر بەتەمای جەرجیر بیت خەیاڵت خاوە، من یەک مەزرەعەم خواردووە ئیسفادەم لێ نەکردووە»، حەتمەن من هەر بەزمانەکەی ئەو گێڕامەوە، سابەخوا نازانم بۆ ئێمە هەر دوای قەرەباڵغی دەکەوین، جاری وایە دەبینی لەشوێنێک 10 کەس کۆبووەتەوە، ناشزانین مەوزوع چییە، هەر لەخۆوە گیانمان بۆی دەخورێت بزانین چییە، دەی بەڵکو کابرا خۆی بتەقێنێتەوە!
هەر ئەوەندە 10 ریکلامی فەیکمان بینی بەشان و باڵی کاڵایەکدا هەڵیاندا، بشزانین خراپە دوای دەکەوین، ئاخر دەڵێن مرۆڤ لە قەرەباڵغیدا بمرێت باشترە لەوەی بەتەنیا بێت.
ماوەیەک سەیرەکەم وا خوویان یاوەتە ڤیاگرا (سێ بە سێ تەڵاقی بارام بەگی خۆمان کەوتبێت هەمووتان دەزانن چییە)، دەڵێن لەملاولا فڵان چوار دەنکی خوارد جەڵتە لێی یا، بەزەیت بە ئەقڵی ئەم میللەتەیا یەتەوە، وامان لێهاتووە هەر بڵێن قوڕ بۆ شتێک باشە، سوێنتان لەسەرم نییە لەو بازاڕە بەرناکەوێت و خەڵک بەچنگ دەیخوات.
بیری لێبکەرەوە قوڕ بخۆیت و بڵێن بۆچی باشە، بڵێی هینتەکات، وزە دەیات بەهین و واو لێ دەکات هین بیت.
خۆ دەزانم مێکشتان بۆ شتی خراپ نەڕۆیشت، مەبەستم ئەوە بوو بەهێزت دەکات، وزە دەیات بە لەش و وات لێ دەکات چالاک بیت، ئەمە چی؟ قوڕ دەڵێم قوڕ.

وتارەکانی نوسەر