ئا تۆ وەرن با زلی کەین!

12:08 - 2023-05-01
هاژە باست
461 خوێندراوەتەوە

ئەگەر نەت وتبێت چی؟! بیزات بەو نیشانەی پرسیار و سەرسوڕمانەوە، کەواتە پێویستە بچیتە لای دکتۆرێک بۆ پشکنینی رێژەی زیرەکیت، زۆر روونە برام، تۆ یان ئەوەتا عەبقەریت (زیرەکی لە رادەبەدەر)، یان مێشکت کێشەیەکی هەیە، خوا لێم نەگرێت.
میدیا و بەتایبەت سۆشیاڵ میدیا، ئیشیان چییە؟ زلکردن!، زلکردنی سنگ و سمت و گوپ ناڵێم، ئەوە کاری پزیشکی جوانکارییە باس لەوەش دەکەین کاتێکی تر، زلکردنی بابەتەکان دەڵێم.
خوا پەنامان بدات، رەمەزانی ئەمساڵ رۆژێک بارانێکی بەخوڕ باری، (چەند جارێک گوێم لێبووە دایکم دەڵێت: بارانی بەخوڕ، نازانم تا چەند راستە)، ئەو بارانە پەکو میدیا لێی کردینە دنیا ئاخیر، وتیان تۆفانە و لافاوە و رەشەبا و هەرا و هوریا، هەر ئەوەندە مابوو ماڵمان پێ چۆڵ بکەن و بڵێن تەور و ئاگر دەبارێت.
جا سەیری خۆش باوەڕی ئەو میللەتە، قەرار بوو میوانم بێت سوتفە کەوتبووە ئەو رۆژە، فەقیرانە زەندەقیان چوو بوو، دەعوەت برام کە کەس لە دەستی خۆی نادات نەیاندەوێرا بێن، بە هەزار تەکلیف بەڕێمانکرد.
هەرچی بارانیش بوو بە سەلامەت هات و ئیشی خۆی کرد و رۆشت، کەمێک رەشەبای لەگەڵ بوو جارجاریش گرمە گرمێک، ئەگەر باسی زەرەر و زیانیش دەکەن، بەخوا ماڵە فەقیر وەک پێشینان دەڵێت، بەڕەکەی هەر لەلای تەنکیەوە دەدڕێت، دڵۆپێک ببارێ و بە تەشت ببارێ وەک یەکە زیانەکەی، بەگوتەی هەولێریان هەر ئاوی لۆ دەچێتە مارێ، ئەوەش بەرەکەتی خوایە.
ئەوەی میدیا بەحاڵی ئێمەی دەکات کەس پێمانی نەکردووە، بۆ خۆشم میدیاکارم رووی دەمم لە هەموومانە، وەڵاهی مێشی وا دەکەینە گایەک، مێشی داماو کونە مشکی لێ دەبێته قەیسەری، نازانێت روو لەکوێ بکات و لەکوێ خۆی حەشار بدات، بابەتی وا سووک دەکەین، مرۆڤ لەخۆی وەڕس دەبێت، چ زاڵمین ئێمەش.

وتارەکانی نوسەر