کاتی پەیمانی پیرۆزە

10:18 - 2023-05-08
سمکۆ چنارەیی
270 خوێندراوەتەوە

لای هەموان ئاشکرایە دەسەڵاتدارێتی لە هەرێمی کوردستان، پڕە لە ناکۆکی و نا بەرابەری و قۆرخکردن و بە هەدەردانی سامانی گشتیی و چەندین ناعەدالەتی تر ،هەموو ئەوانەش بوونەتە هۆکاری رەشبینی و ناڕوونی ئایندە لەلای هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
بۆ تێپەڕبوون لەو بارودۆخەش دەکرێت بیرێک لە رابردوو بکرێتەوە چۆن لە سەردەمی میر بەدرخان پاشادا لەساڵی 1821 دەسەڵاتی گرتە دەست و بووە میرێکی بەتوانا و بەهێزی میرنشینی بۆتان، لەوکاتەدا خێڵ و ئایین کاریگەریی زۆری بەسەر بزوتنەوە و دەسەڵاتدا هەبووە و میریش بۆ تۆکمەکردنی حوکمداری و دژایەتیکردنی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی پەیمانی پیرۆزی لەنێوان میرە کوردەکاندا دامەزراند تاوەکو ئارامی بۆ ناوچەکە بڕەخسێنێت.
لەو پەیمانەدا هاوکاری و یەک دەنگی و یەک ریزی سەرۆک خێڵ و میرەکانی کورد رێکخراو دەسەڵاتێکی سەربەخۆ هاتە ئاراوە تەنانەت بەپێی مێژوونووسان چەند کارخانەیەکی گرنگ بۆ پێداویستی ئەو سەردەمە دروستکراوە و تەنانەت سکەی پارە لێدراوە، سنووری حوکمڕانیشی بەشێکی گەورەی کوردستانی گرتبووەوە.
کاتێك سوپای عوسمانی پەلاماری میرنشینی بۆتانیدا میر بەدرخان بەرگری دیار و سەرسەختانەی کرد، بەڵام بەداخەوە خیانەتی ناوخۆیی و پشتکردنە یەکتر و شکاندنی پەیمانەکەی نێوانیان بووە هۆی کەوتنی حوکمدارییەکەیان و لەساڵی1847 میرنشینەکە کۆتایی هات.
ئێستاش  لە بەشێکی بەرچاوی هەرێمی کوردستان حوکمدارییەکی کوردی وەک دەبینین لە ئارادایە، بەڵام بەهۆی ئەو خاڵە نێگەتیڤانەی لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا، جێگەی رەزامەندی و لێ رازیبوونی دانیشتوان نییە، لەبەرئەوە پێویستە دڵسۆزانە چاو لە هەڵوێستەکەی میر بەدرخان بکرێت و پەیمانی پیرۆز لەنێوان سەرجەم لایەن و دەسەڵاتدارانی  ئێستادا ببەسترێت و کارکردن بۆ ئەو پەیمانەش لەمکاتەدا ئەرکێکی پیرۆز و نەتەوەییە و بەوەش ئاشتەوایی روون و ئومێد بۆ هەرتاکێکی کورد دەگەڕێتەوە.

وتارەکانی نوسەر