لە مێژە سیگمۆند فرۆیدی دەروونناس لە بارەی فێربوونەوە تیۆری لە منداڵەوە بۆ منداڵی باس کردووە، ئێستاش یەکێکە لەو میتۆدانەی بۆ وانە وتنەوە بەکاردێت، واتە فێربوون لە رێی هاوتەمەنەکانەوە.
سروشتی هەموو مرۆڤێک بەو جۆرەیە کە پێیخۆشە زیاتر لەگەڵ هاوتەمەن و تەنانەت هاوچین و گروپی خۆیدا کار بکات و هاوڕێیەتی بکات، راستە مامۆستا رۆڵی دیار و بەرچاوی هەیە لە پەروەردەدا بەو حوکمەی زانست و زانیاریی زۆری پێیە و شارەزای گەیاندنە بە خوێندکار و زانستی دەروونناسیی لە کۆلێژ یان پەیمانگە خوێندووە، هەروەها شارەزایە لە هەڵسوکەوت لەگەڵ خوێندکاراندا، بەڵام زۆرجار گەیاندنی پەیام و مەبەستی پەروەردەیی و زانستی و فێربوون لەنێوان خوێندکاران خۆیاندا باشترە، لەچاو ئەوەی کەسێکی گەورە پێیان بڵێت، نموونەش رێگەی هاوتەمەنەکانە.
سروشتی هەموو مرۆڤێک بەو جۆرەیە کە پێیخۆشە زیاتر لەگەڵ هاوتەمەن و هاوچین و گروپی خۆیدا کار بکات و هاوڕێیەتی بکات
ئەم تیۆرە دەکرێت بۆ زۆر لە وانەکان لە کاتی وانەوتنەوەدا پراکتیک بکرێت، لە سوودەکانی ئەو شێوازەش خوێندکار باشتر لە هاوڕێکەی تێدەگات، لەبەرئەوەی جوڵە، باڵا و شێوەی جلوبەرگ و تۆنی دەنگی وەک خۆیەتی و بەهیچ جۆرێک هەست بە سترێس و ترس ناکات، کاتێک هاوپۆلێکی بابەتێکی پێ دەڵێت و دیالۆگی لەگەڵدا دەکات پەیوەندییەکی پتەو و گیانی یارمەتی لەنێوان خوێندکاراندا دروست دەبێت، هەروەها بڕوابەخۆبوون و سەرکردایەتی کردن لەلای ئەو کەسانە دێتە ئاراوە کە ئەو حەز و خولیایەیان هەیە، جگە لەوەی هەرکات پێویستیان بەوە بوو بابەتەکان دووبارە بکرێنەوە یاخود بۆچوون دەرببڕن راستەوخۆ بەشداردەبن و بێ دەنگ و گۆشەگیر نابن.
پێویستە مامۆستاش لەپێناوی باشتر تێگەیاندن و پێگەیاندنی خوێندکاراندا وەک سەرپەرشتیار و چاودێرێکی ئەو میتۆدە رۆڵی خۆی ببینێت و بەئاگابێت لەوەی کە خوێندکاران پابەندبن بە رێسا و یاساکانی ناو پۆلەوە، تێگەیشتن و فێربوون کرۆکی بەکارهێنانی ئەو رێگەیە بێت، لە کاتی دەرچوون لە یاسای فێربوون دەست و برد بێتە گۆ و کۆنترۆڵی میتۆدی فێربوونی هاوتەمەنەکان بکاتەوە، هەر تێبینی و لایەنێکی نەرێنی ئەگەر لەلای تۆمارکرا بۆ وانەیەکی دیکە دەتوانێت چارەسەری بکات.