پاسپۆرتی سلێمانی وا نابێت

09:51 - 2023-05-15
سمکۆ چنارەیی
283 خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی، بە یەکێک لە فەرمانگە چالاک و دڵسۆز و رایکردنی کاروباری هاووڵاتیان بەشێوەیەکی باش و گونجاو دادەنرا، لەکاتی سەردان کردنیدا چەندین رێنمایی گرنگ سەبارەت بە فۆڕمی ئەلیکترۆنی بۆ دەرهێنان و نوێکردنەوە و تەنانەت تەواوبوونی پاسپۆرتیش دەدرێت بەو کەسانەی سەردانی دەکەن.
هەروەها یەکێکە لەو بەڕێوەبەرایەتییانەی لە پەیجەکەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی زۆر چالاکن و بەردەوام رێنمایی و هەواڵی تەواوبوونی پاسپۆرتە نوێیەکان و کاتی نەمانی دەفتەری پاسپۆرت و هاتنی دەفتەری نوێ  بڵاودەکەنەوە، تا هاووڵاتی بەردەوام ئاگاداربێت و تەنها لەکاتی پێویستدا سەردانیان بکات، لەگەڵ بوونی هەر کێشەو گرفتێک لە مامەڵەی هاووڵاتیاندا جگە لەوەی بەردەوام لە کۆمێنت وەڵامی پرسیاری هاووڵاتیان دەدەنەوە، هەروەها بەردەوامن لە پەیڕەوکردنی رێکاری نوێ بۆ ئاسانکردنی رێکارەکانی بەردەم هاووڵاتیان لە مامەڵەکانیاندا.
هەموو ئەوانە جێگەی دەستخۆشین، بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستە و کار و ماندوبوونی کارمەندانی ئەو فەرمانگەیە نادیدە دەکات، وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی مامەڵەی هاووڵاتیانە لە رۆژێکدا بەبێ ئەوەی رەچاوی تەواوبوونی کاتی دەوامی کارمەندەکانیان بکەن، نموونەش رۆژی پێنج شەممە 11/5/2023 بوو زیاتر لە 200 هاووڵاتی لە هەردوو بەشی کۆتایی و پێش کۆتاییدا واتە وەرگرتنی پەنجەمۆر و وردبینی بەهۆی تەواوبوونی ماوەی دەوامی کارمەندەکانیان کارەکانیان راگیرا و دوای چەندین سەعات چاوەڕوانی و نۆرەگرتن مامەڵەکانیان کەوتەوە رۆژی یەک شەممە.
خەڵکی تێدا بوو لە گوند و ناحیەکانی دەرەوەی سلێمانی هاتبوون، لەبەرئەوە پێویستە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی شێوازی وەرگرتنی فۆڕم و کاتی دەوامی کارمەندانی بەجۆرێکی گونجاوتر رێکبخاتەوە تاوەکو ئەو گلەیی و دەنگەدەنگ و جەنجاڵییەی کە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو رویدا دووبارە نەبێتەوە .

وتارەکانی نوسەر