55
له پۆلی دووی ناوه‌ندی بووم كه مامۆستای زمانی عه‌ره‌بی بردینی بۆ كتێبخانه‌ی خوێندنگه‌كه‌مان، رۆژێكی ساردی زستان بوو، به‌ڵام هۆڵه‌كه پڕ فه‌رش و سێ لای كتێبخانه‌ی پڕ له كتێبی جواروجۆر بوو، له‌په‌نجه‌ره گه‌وره‌كه‌شه‌وه هه‌تاو هاتبووه ژوورێ، كتێبخانه‌كه‌ی گه‌رم داهێنا بوو، له‌ناوه‌ڕاستیشدا دوو مێزی گه‌وره هه‌بوو كه به‌چوار ده‌وریدا كورسی دانرابوو، مامۆستاكه‌مان داوای لێكردین یه‌كی كتێبێك هه‌ڵبژێرین و بیخوێنینه‌وه، دوایی له‌باره‌ی ئه‌و كتێبه‌وه راپۆرتێك بنووسین، ئه‌وه یه‌كه‌مجارم بوو بچمه كتێبخانه، بینینی ئه‌و هه‌موو كتێبه شاگه‌شكه‌ی كردبووم هه‌ر ده‌مه‌ی ده‌ستم ده‌دایه كتێبێك و تۆزێكیم لێده‌خوێنده‌وه و دامده‌نایه‌وه، كتێبێكی ترم هه‌ڵده‌گرت، ئینجا به‌سه‌ر ناونیشانه‌كاندا ده‌گه‌ڕام تا مامۆستاكه‌م ئاگاداریكردمه‌وه كه كات تێده‌په‌ڕێت و ده‌بێت كتێبێك هه‌ڵبژێرم بیخوێنمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی دوایی راپۆرته‌كه‌م بنووسم، له راستیدا ماوه‌ی وانه‌كانمان چل و پێنج خووله‌ك بوو، ئینجا تا له پۆله‌وه ده‌هاتینه قاتی خواره‌وه كه كتێبخانه‌كه‌ی لێ‌بوو ده ده‌قیقه‌یه‌ك تێده‌په‌ڕی، ئه‌وه‌ی ده‌مایه‌وه به‌شی خوێندنه‌وه‌ی كتێبێكی نه‌ده‌كرد، قه‌ده‌غه‌ش بوو كتێبه‌كه ببه‌ینه ماڵه‌وه، بۆیه ده‌بوو له‌و ماوه كه‌مه‌دا بیرۆكه‌یه‌ك له‌باره‌ی كتێبه‌كه‌وه وه‌رگرین و بیكه‌ینه راپۆرت، به‌داخه‌وه ناوی ئه‌و كتێبانه‌م بیر نه‌ماوه كه له‌و چه‌ند جاره‌دا له‌كتێبخانه خوێندمه‌وه، چونكه له‌پڕێكا بێ هیچ روونكرنه‌وه‌یه‌ك ئه‌و نه‌ریته وه‌ستاو ئیتر جارێكی تر ئه‌و كتێبخانه‌یه‌مان نه‌دییه‌وه، ده‌بێت ئه‌و راستییه‌ش بڵێم زۆربه‌ی خوێندكاره‌كان كردبوویانه گاڵته‌و كتێبیان نه‌ده‌خوێنده‌وه و هه‌ر خه‌ریكی چرپه‌چرپ و پێكه‌نین بوون، دواتریش كه مامۆستا داوای راپۆرتی لێده‌كردین هه‌ر چه‌ند خوێندكارێك راپۆرتیان هه‌بوو، به‌ڵام من مه‌سه‌له‌كه‌م زۆر به‌جدیات وه‌رگرتبوو زۆر به‌دڵخۆشییه‌وه له‌باره‌ی كتێبه‌كه‌وه ده‌منووسی، ره‌نگه هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه دووره‌وه و له‌و ئه‌زموونه كورته‌وه و پێش چوونه زانكۆشم فێری ئه‌وه بووبم كه تێبینی و سه‌رنجی خۆم له‌باره‌ی ئه‌و كتێبه‌وه بنووسم كه ده‌یخوێنمه‌وه، ئه‌م یاده‌وه‌رییه‌م بیر چووبۆوه تا له‌م رۆژانه‌دا به‌ڕێكه‌وت ئه‌و مامۆستایه‌م بینی كه ویستی فێری كتێب خوێندنه‌وه‌مان بكات.