دایک و باوکی بێ سەرپەرشت؟

10:10 - 2023-05-23
هاژە باست
405 خوێندراوەتەوە

چ رۆژگار و چ ژیانێک تێکەوتووین باوەڕ دەکەن، ئەو دێڕەی سەرەوەم لە پەیجێک بینی، کە کۆمەڵێک گەنج خۆیان تەرخانکردووە بۆ خزمەتی ئەو ژن و پیاوە بە تەمەنانەی بێ کەسن!
ئەو گەنجانە  دوور و نزیکیش نایان ناسن، بەڵام ویژدانیان کاردەکات، قسەمان لەسەریان نییە و دیارە کارەکەی ئەوان جێگای رێز و پێزانینە و دەبێت بڵێین خودا پشتیوانیان بێت و دەشبێت نزا بکەین نموونەیان زۆربێت، وابڕوات لە ساڵانی داهاتوودا زۆر پێویستمان پێیان دەبێت، بەس ئەوەی جێی شۆکە و ئەوتاسێنێت بوونی وشەی بێ سەرپەرشتە، بۆ کێ؟ دایک و باوک! پیرۆزترین دوو کائینی سەر زەوی، لەکاتێكدا دەکرێت شایەنی پەرستن بن.
خۆ من تووشی شۆکی ژیانم بووم بەبینینی ئەو دێڕە، دەکرێت و رێی تێدەچێت منداڵی بێ سەرپەرشت هەبێت، بەهۆی نەمانی دایک و باوک، یان لێکترازانی خێزان، ئیتر بە هەر هۆکارێک بێت، هەرچەندە ئەمەشیان قسەی لەسەرە و قبوڵکراو نییە، بەڵام بەجدی هیچ بیانوویەک شایەنی ئەوە نییە دایک و باوک بێکەس بن و بکەونە سەرجادە و هیچ پەناگەیەکیان نەبێت، ئەگەر هەزاران هۆکاریش هەبن، هۆکاری مانەوەیان لای منداڵەکانیان بەهێزترە و لە سەروو هەموو بیانووەکانەوەیە.
پێم سەیرە خێزان هەیە لەماڵەوە خۆش دەژین و نانی گەرم و جێی نەرمیان هەیە و خۆیان بە دنیا ناگۆڕنەوە، رۆژی سەد جار خۆیان بەقوربانی منداڵەکانیان دەکەن و پێداویستییەکانیان بۆ بەردەست دەخەن، کەچی دایک و باوکیان فڕێ دەدەنە سەرجادە و لەبیری دەکەن بە چ نەهامەتییەک گەورە کراون، ئەی باشە سبەی رۆژ چاوەڕێی چی لە منداڵەکانی خۆیان دەکەن؟ ناکرێت پێشیان وابێت دەستیان دابنێن و جەنابیان بە سەریا تێپەڕن، رۆژت روونە ئازیز، دایک و باوکت لەکوێن ئەوێ شوێنی تۆشە، لەکاتێکدا ئەگەر دەڵێی تووشی لەبیرچونەوە بوون، ئەوە جەنابت پەڕۆیەک بووی گەیشتوی بە ئەمڕۆ، ئەگەر و هەموو ئەگەرەکان شایەنی هەڵوەستە لەسەرکردن نین هەڵەیت قوربان، پێشینان بەساقەی وتەکانی بم دەفەرموێت، چی بچێنیت ئەوە دەدوریتەوە.

وتارەکانی نوسەر