دکتۆر شێخ ساڵحی بازرگان، چرای شار و یاری شاخ

11:04 - 2022-04-16
عەلی عەبدولسەمەد
404 خوێندراوەتەوە

دیارە مێژووی شاری سلێمانی پڕە لەو ئەستێرانەی بەئاسمانی ئەم شارەوە گەشاونەتەوە و مۆمی تەمەنی خۆیان لە رێگەی خەبات و تێکۆشان و رووناک کردنەوەی ئایندەی گەل و خاکدا تواندۆتەوە. یەکێك لەو پیاوە ماندوونەناس و نیشتیمانپەروەر و رۆشنبیرانەی سلێمانی، کە بەردەوام لەبەرەی گەل و خاک و تێکۆشاندا بووە.
دکتۆر شێخ ساڵح کێیە؟
دکتۆر شێخ ساڵحی بازرگانە « کە کوڕی شێخ تاهیری مەلا شێخ سەعیدی نەمەڵیە و لە ساداتی پیرخدری شاهۆن» باوکی شێخ تاهیر یەکێك بووە لە بازرگان و کەسایەتییە دیارەکانی شاری سلێمانی و لە بازرگانە دیارەکانی شاری سلێمانی بووە، دکتۆر شێخ ساڵح ساڵی 1954 لە بنەماڵەیەکی نیشتیمانپەروەر و ماندوونەناس لە گوندی نەمەڵ لەدایک بووە و هەر لەهەمان ساڵدا هاتوونەتە شاری سلێمانی و لەگەڕەکی سەرشەقام نیشتەجێبوون و ژیاون، شێخی بازرگان هەر لە شاری سلێمانی پلەکانی خوێندن سەرکەوتوانە دەبڕێت و هەر لەسەرەتای تەمەنی گەنجێتیەوە، جگە لە کارو کەسابەت و بارزرگانی، بەو پێیەی باوکی یەکێك بووە لەو بازرگانانەی سەرقاڵی کاری بازرگانی بووە لەشاری سلێمانیدا، لەگەڵ ئەوانەشدا سەرقاڵی خوێندنەوە و نووسین بووە و یەکێکیش بووە لەو کەسانەی بیرو هەستی بە رۆحی نەتەوایەتی و کوردایەتی گۆشکراوە و بەردەوام لە رووی مادییەوە هاوکاری و پارەی بۆ شۆڕش و پێشمەرگە ناردووە، کە لەو کاتەدا دەورێکی گرنگی هەبووە بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لەو پێداویستیانەی شۆڕش و پێشمەرگە پێویستیان پێ بووە.
بەرهەمەکانی
 ئەوە جگە لەوەی خاوەنی چەندین کتێب و نوسراوە کە دیارترینیان کتێبی «وتەی کوردی» یە زیاتر لە 750 وتەی کوردی لەخۆ دەگرێت و لە ساڵی 1991 دا و لە دوو توێی کتێبێکدا چاپکراوە و رەحمەتی پرۆفیسۆر دکتۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ پێشەکی بۆ نوسیووە هەر خۆیشی ناوی ناوە وتەی کوردی، ئەوە جگە لەوەی هەر یەکە لە کەریمی زەند و دکتۆر کەریم قەرەچەتانی و عەبدولستار شێخ فاتیح دۆڵانی و حەسیب قەرداغیش، پێشەکی و هەڵسەنگاندیان بۆ کتێبەکەی کردووە، شێخ ساڵحی بازرگان لە ساڵانی سەرەتای سەرهەڵدانەوەی شۆڕش و خەباتی کوردیدا، خەریکی کاری رێکخستن و خەباتی کوردایەتی و پێشمەرگایەتی بووە و زۆرجاریش لە پای خەبات و ماندووبونیدا پێشنیاری پلەی حزبی و حکومییان بۆ کردووە، بەڵام ئەو رەتی کردۆتەوە و خۆی لە بەرپرسیارێتی حزبی و حکومی بەدوور گرتووە، لەپای خزمەتەکانی لە بواری نیشتمانی و سیاسی و رۆشنبیریدا، شێخ ساڵحی بازرگان لەساڵی 2018 دا دکتۆرای فەخری پێ بەخشراوە و چەندین مەدالیا و خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشراوە، هەم لە ناوخۆی کوردستان هەم دەرەوەی کوردستانیشدا، وەک خۆشی دەڵێت گەورەترین سەرمایەی مرۆڤ لە ژیاندا، ئەو رێز و خۆشەویستییە کە لەپای خەبات و تێکۆشانی ژیاندا پێت دەبەخشرێت و پێزانینیان بۆ دەردەبڕدرێت، نەوەک پلە و بەرپرسیارێتی کاتیی و بچووک... 
چەند وتەیەکی
چەند وتەیەکی دکتۆر شێخ ساڵحی بازرگان «ئەگەر لەگەڵ کەسێدا کەوتیتە شەڕەوە، جنێو بەدایکی مەدە، خراپترین دایک لە جیهاندا، شایەنی ئەوە نییە جوێنی پێ بدەیت»  عەشق زۆر جار وەک قومارە، وەک جەنگە، زۆر جار بەرەنگاربوونەوەی ژیانێکە، زۆرجار بۆنی نەسیمێکی نەوبەهارە، زۆرجار ئەو گەردەلولەیە کە نازانیت چۆن لەپڕا دێت و باڵت ئەبا، ئای کە پڕ ناسۆر و ئازارە عیشق، زۆر جار بروسکەیەکەو دڵ دەسوتێنێت عیشق، ئەگەر لە بێدەنگیدا هەزار مانا خۆیان حەشار دابێ، کەواتە تەقینەوەی ئەو دەنگە هەزاران مانا بەدوای خۆیدا دێنێت، هەندێک کەس وادەزانن شاخێکن و پاڵیان پێوەبدەی لە کاتێكدا پێویستن، دەزانیت جگە لە گوێنیە پوشێك هیچ شتێکی دیکە نەبوون.

دکتۆر شێخ ساڵحی بازرگان

وتارەکانی نوسەر