رێوشوێنەکانی ئەنفال

01:49 - 2022-04-18
وتار
502 خوێندراوەتەوە

پەلامارەکانی ساڵانی 1987-1989 ئەم خاسیەتانەی خوارەوەی پێشێلکردنی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤیان لەخۆ گرتووە:
•ئیعدامکردنی تێکڕا و بە کۆمەڵ و بێ سەر و شوێنکردنی دەیان هەزار خەڵکی شەڕ نەکەر، لەوانە ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵ و هەندێ جار تەواوی دانیشتوانی گوندەکان.
•بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بەشێوەیەکی بەرفراوان، لەوانە گازی خەردەل و دەمارەگاز GB  یان سارین، دژ بە شاری هەڵەبجە و دەیان گوندی کوردنشین و کوشتنی هەزاران خەڵک، بە زۆریی ئافرەت و منداڵ.
•وێرانکردنی تێکڕا دوو هەزار گوند، کە لە بەڵگەنامەکانی حکومەتی بەعسدا وا باسکراون «سووتاون»، «تێکدراون»، «تەختکراون»، «پاکتاوکراون»(ژمارەکە زۆر لەمە زیاترە و بە پێی ئاماری گوندەکان لە کوردستانی عیراق 5 هەزار گوند هەبووە، لەو تاوانەدا حکومەت بە مەبەست تۆماری نەکردوون یان تەنها ئەوانە تۆمارکراون کە لە 8 قۆناغەکەی ئەنفال رووخێنراون)، بەلای کەمیشەوە دە دوانزە شارۆچکەی گەورە و مەڵبەندی بەڕێوەبردن «قەزا و ناحیە» هەمان شتیان بەسەرهاتووە.
•تێکڕا وێرانکردنی ئامانجە مەدەنییەکان لەلایەن ئەندازیاریی سوپاوە، لەوانە تەواوی قوتابخانەکان، مزگەوتەکان، بیرەکان و گەلێ بینای تر کە نیشتەجێی خەڵک نەبوون لە گوندە دەستنیشان کراوەکاندا، بە ژمارەیەک وێزگەی سانەویی کارەباشەوە.
•تاڵانکردنی ماڵ و سامانی هاووڵاتییە مەدەنییەکان و ئاژەڵ و ماڵاتەکانیان بە رادەیەکی بەرفراوان لەلایەن هێزەکانی سوپا و میلیشیای سەر بە حکومەتەوە.
•گرتنی هەڕەمەکیی گوندنشینان لە «ناوچە قەدەغەکراوەکاندا» هەرچەندە ئەم شوێنانە زێد و خاکی خۆیان بوو.
•بەندکردن و دەستبەسەرکردنی دەیان هەزار ئافرەت و منداڵ و خەڵکی بەتەمەن بۆ چەندین مانگ لە بارودۆخی ئەوپەڕی سەخت و ناڕەحەتدا بێ فەرمانی دادوەری و بێ هیچ هۆیەک لەوە زیاتر کە وایان لە قەڵەم دابوون گوایە هەواخوا و سەر بە نەیارانی کورد بوون، سەدانیشیان بەهۆی بەدخۆراکی و نەخۆشییەوە مردن.
•بەزۆر راگواستنی سەدان هەزار لە خەڵکی دێهات پاش وێرانکردنی ماڵ و حاڵیان، بەردانیان لە بەندینخانە یان لە ئاوارەیی گەڕانەوەیان. ئەم خەڵکە مەدەنیانە بۆ هەندێ جێگە لە کوردستاندا بارکران کە دوور بوو لە شوێن و رێی خۆیانەوە. لەوێ سوپا هەڵیڕشتن و تەنها بۆرە قەرەبوویەک کرانەوە، یان هەر هیچیان نەدرایە لەبری وێرانکردنی دێهات و تێداچوونی ماڵ و سامانیان. لەهیچ روویەکیشەوە بۆ نیشتەجێکردن و پۆشاک و خۆراک فریایان نەکەوتن و رێگەشیان نەدەدا بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانی جارانی خۆیان، پێچەوانەشی سزای مردن بوو. لە بارودۆخێکی ئاوها سەختدا زۆریان لەماوەی ساڵێکی دوورخستنەوەیاندا مردن.
•تێکوپێکدان و هەڵتەکاندنی ژێرخانی ئابووریی دێهاتی کورد.
رژێمی عیراق ، وەک نازییەکانی ئەڵمانیا، کار و کردەوەکانی پەردەپۆش دەکرد و لەژێر گوزارشتی ناسکدا دەیشاردنەوە. لەو شوێنانەی بەرپرسە نازیەکان لە «ئیجرائاتی جێبەجێکردن»، «کاری تایبەت» و «سەر لەنوێ نیشتەجێکردنەوە لە رۆژهەڵات» دەدوان، بەعسییە بیرۆکراتەکانیش دەربارەی «ئیجرائاتی کۆکردنەوە»، «گەڕانەوە بۆ ریزی نیشتمانی» و « سەر لەنوێ نیشتەجێکردنەوە لە باشوور» دەدوان، بەڵام لەژێر پەردەی قسەی شیرین و لوسدا تاوانەکانی عیراق دژ بە کورد دەگاتە ئاستی جینۆساید، کە بریتییە لەو کارانەی بەنیازی تێکشکاندن و لەناوبردنی کۆمەڵێکی نیشتمانی، ئیتنی، رەگەزی یان ئاینی ئەنجامدەدرێن، جا هەمووی بێت یان بەشێکی.
سەرچاوە:
راپۆرتی هیومان رایتس وۆچ- و: محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق- چاپی سێیەم 2013 ل 53-54

وتارەکانی نوسەر