زووم

درامایەک مێژووی کۆمەڵایەتی بگێڕێتەوە

10:39 - 2023-07-31
رۆزا دڵشاد مەریوانی
454 خوێندراوەتەوە

دراما مێژووییەکان لەو درامایانەن چێژێکی تایبەتیان هەیە، زۆرم درامای مێژوویی بینیووە، بەڵام هەمیشە کاتێک باس لە درامای مێژوویی دەکەین ئەگەر عەرەبی بێت بیابان و ئەسپ و رەشماڵمان دێتە پێشچاو ئەگەر کوردی بێت شۆڕش و خەباتی سەردەمی رژێمی بەعس، ئەگەر بیانی بێت سەردەمە کۆنەکانی جەنگی جیهانی و ئەگەر کۆریش بێت سەردەمی جۆسۆن و کۆریای باشوور وێنا دەکەین، بەڵام درامای کۆری «Replay 1988» ی ساڵی 2015 چێژێکی تایبەتی هەیە، چونکە  هەڵقەی یەکەمی لە دەستپێکی یارییە ئۆڵۆمپیەکانی ئەو ساڵەوە دەستپێدەکات کە لە کۆریای باشوور کراوە واتا نووسەر سەرەتای چیرۆکی دراماکە بە رووداوێکی مێژوویی وەرزشی دەستپێدەکات و لەوێوە بە شێوەیەکی درامیی چیرۆکی پێنج خێزان و پێنج هاوڕێ دەگێڕێتەوە، دوور لە گێڕانەوەیەکی سیاسی زەق و لەم درامایەدا ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانیی و هاوڕێیەتی و گیانی تەبایی و هاوکاری نێو خەڵک و دراوسێ و گەڕەکێکمان پیشان دەدات، پێمان دەڵێت ژیانی کۆمەڵایەتی چینی ناوەڕاست و هەژاری ئەو سەردەمە چۆن بووە.
درامایەکی لەو شێوەیە بێ ئەوەی بە زەقیی باس لە رووداوە سیاسییەکان بکات بۆ نەوەی ساڵانی هەشتا و ئەوانەی لەو سەردەمەدا گەنج بوون تابڵێیت چێژ بەخشە، جگەلەوەی کاتێک ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵە دراوسێ و هاوڕێیە دەبینیت لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێمەدا جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە و تا رادەیەک شێوەی ژیان و خەم و کێشەکانیان هاوکات خۆشی و کات بەسەربردنیان وەک لای ئێمە بووە.
ئەوەی وایلێکردم چێژێکی زۆر لەم درامایە ببینم جگەلە نواندنی جوانی ئەو کۆمەڵە پاڵەوانە ئەوەیە تائێستا ئەوەندەی من ئاگاداربم لەلای خۆمان درامایەکی مێژوویی نەکراوە مێژووی کۆمەڵایەتی نەتەوەکەمان لە ساڵانی هەشتاکاندا بگێڕێتەوە دوور لە رووداوە سیاسییەکان یان تەنیا لە پەرواێزدا باس بکرێن وەک ئەوەی لەم درامایەدا کراوە، باس لە رژێمی فاشیستی ئەو سەردەمە دەکات، بەڵام لە پەراوێزدا ئەوەش وا دەکات زۆر چێژ بەخش بێت، هاوکات سوودی درامایەکی لەمجۆرە ئەوەیە نووسەر دێت مێژوویەک و کۆمەڵێک رووداوی گرنگی ئەو سەردەمە و ئەو وڵاتەمان پیشاندەدات و گرێی دراماکەی لێوە دادەڕێژێت و کۆمەڵێک زانیاری گرنگیش لەبارەی ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو کاتە دەخاتەڕوو کە سوودی دەبێت بۆ نەوەی دوو هەزارەکان، هەروەها چێژبەخش دەبێت بۆ ئەوانەی لەو ساڵانەدا منداڵ یان گەنج بوون جۆرێک لە سۆز بۆ رابردوویان تێدا دەوروژێنێت.
بە رای من جوانیی ئەم درامایە لەوەدایە کۆمەڵێک بەهامان لەبارەی ژیانەوە فێردەکات دوور لە گرتە و دیمەنی سێکسی و وروژێنەر، خۆشەویستی و هاوڕێیەتی لە چوارچێوەیەکی درامیی جارجار کۆمیدیدا پێشکەش دەکات.  

وتارەکانی نوسەر