گـــــمـــۆ

ئاسایش و پەرەسەندنی

10:38 - 2023-08-23
فەرید دڵشاد
874 خوێندراوەتەوە

ئاسایش بابەتێكی ئاڵۆزە پەیوەندیدارە بە تاك و گروپ و دەوڵەت تاكو دەگاتە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، كۆمەڵێك رێوشوێنی یاسایی و سیاسییە، دەوڵەت دەیگرێتەبەر بە ئامانجی پاراستنی ناوخۆی وڵاتەكەی لە هەڕەشە دەرەكییەكان و دڵنیاییدان بە هاووڵاتییەكانی لە روبەڕوبوونەوەی هەر مەترسییەك .
لە كۆندا تێگەیشتن بۆ چەمكی ئاسایش تێگەیشتنێكی كلاسیكییانە بوو، بوونی سوپایەكی بەهێز هۆكار بووە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات، ئەوەش لە چوارچێوەی هێزی سەربازیدا خۆی دەبینییەوە، كە بە مانای پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی دەهات لە هەڕەشە دەرەكییەكان، واتا بەكارهێنانی هێزی سەربازیی ئامڕازی كۆتایی بوو بۆ روبەڕوبوونەوەی هەڕەشە دەرەكییەكان تاکو ئارامی و سەقامگیریی وڵات دابین بكرێت.
پەیوەندیی ئاسایش بە دەوڵەتی نەتەوەیی مێژوویەكی كۆنی هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ (پەیماننامەی ویستیڤالیا) لەساڵی (1648) كە دەوڵەت كارەكتەری سەرەكی بوو لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و تاكە بكەر بوو لە سیستمی نێودەوڵەتی، بۆیە شیكردنەوە بۆ ئاسایش كورتكرابۆوە بۆ چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەیی كە ئەوەش چەمكی ئاسایشی نەتەوەیی بەدوای خۆیداهێنا، كە بە واتای توانای دەوڵەت دێت لە تێكشكانی هەر هێرشێكی دەرەكی.
هەر لە روانگەی كلاسیكییەكانەوە دەوڵەت بەهێزترین كارەكتەرە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بۆیە پاراستنی ئاسایش لە پێشینەی كارەكانی دەبێت وە هێزی سەربازیی بەكاردەهێنێت بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشە دەرەكییەكان تا ئاسایشی ناوخۆی وڵات بپارێزێت، كاردانەوەكانی دەوڵەت تەنها بۆ بەرگریكردنە لە هێرش و پەلامارەكانی وڵاتانی دەرەوە، كە دەوڵەتە بەهێزەكان هێرشیان دەكردە سەر لاوازەكان هەربۆیە تاكو هێزی سەربازیی وڵاتێك لە رووی فڕۆكە و تانك و كەشتی و مووشەك و سەرباز بەهێزتر بێت، هێندە ئاسایشی ئەو وڵاتە پارێزراوتر دەبێت.
چەكی ئاسایش بە مانا كلاسیكییەكەی نەمایەوە كە تەركیزی لەسەر هێزی سەربازیی بوو، بەڵكو مانایەکی فراوانتری وەرگرت و ئاسایشی ئابووریی و كۆمەڵایەتی و مرۆیی و كەلتوری گرتەوە، بەپێی تێڕوانینی ریالیستەكان بابەتی سەربازیی و ئەمنی و سیاسی لە لووتكەی هەڕەمی ئاسایشدایە، بەڵام بابەتی ئابووری و كۆمەڵایەتی و كەلتوری، بابەتی لە خوارەوەی هەڕەمەكەیە.
لەبەرامبەردا تێڕوانینی لیبڕاڵەكان جەخت لە دابینكردنی ئاسایشی بەكۆمەڵ دەكەنەوە، وەك جێگرەوەیەك بۆ ئاسایشی نەتەوەیی كە ریالیستەكان خستیانە روو. 
لای لیبڕاڵییەكان دەوڵەتان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رووبەرووی هەرەشە دەبنەوە، بەڵام هاوكاری نێوان دەوڵەتان و دامەزراندنی رێكخراوەكان و بەرژەوەندیی هاوبەش و بڵاوكردنەوەی بەهاكانی دیموكراسی و ئازادی بازاڕ، زیاتر ئارامی و ئاسایش دەستەبەر دەكات.
لەلایەكی دیكەوە كۆمەڵناسی ئەمریكی باری بوزان كە سەر بە (قوتابخانەی كۆپنهاگن)ە ، چەمكی ئاسایش دابەشدەكات بۆ بواری سەربازیی و ژینگەیی و ئابووری و نەتەوەیی و دەڵێت:" ئاسایش رزگاربوونە لە هەڕەشەكان  لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و پاراستنی قەوارەكەیەتی و توانای دەوڵەت و كۆمەڵگەیە بۆ روبەڕوبوونەوەی مەترسییەکان".
هەروەك بۆمان دەركەوت چەمكی ئاسایش لە چوارچێوەی سەربازیی نەماوەتەوە، بەڵكو لایەنە ئابووریی و كومەڵایەتی و كەلتوری و ژینگەکەشی گرتۆتەوە، هەربۆیە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی بە هەموو لایەنەكانی ئاسایش بدات، چونكە فەرامۆشكردنی لایەنێك مەترسیی لەسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان دروستدەكات.

وتارەکانی نوسەر