بڕیارە لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا، كۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی سەرۆك جەلال تاڵەبانی لە زانكۆی سلێمانی بەڕێوەبچێت، كۆنفرانسەكە هاوكاتە لەگەڵ هەشتەمین ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلالدا.
میراتەكەی لە بوارەکانی سیاسی، دیپلۆماسی، ئەدەبی، فیكریی و كۆمەڵایەتی و ئەو پاشخانە گەورەیەی لە دوای خۆی جێیهێشتووە، دەكرێت ببێتە هەوێنی دەیان توێژینەوەی توێژەران و مامۆستایانی زانكۆ، تاکو بە شێوەیەكی زانستی تیشك بخەنە سەر هەموو ئەو رەهەندانەی سەرۆك مام جەلال لە ماوەی ژیانی خۆیدا رۆڵی تێدا بینیوە.
سەرۆك جەلال تاڵەبانی جیا لەوەی رێبەرێكی سیاسیی دیار و شۆڕشگێڕێكی مەزن و داكۆكیكارێكی ماندوونەناس بوو، بۆ مافەكانی گەلی كورد و بەهاكانی دیموكراسی، ئازادی بیروباوەڕ، ئاشتی و لێبوردەیی، هاوكات یەكێك بوو لە سەركردە هەڵكەوتووەكانی ناو مێژووی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیهانیش، كە جێپەنجەی بەسەر زۆرێك لە رووداوە سیاسییەكانی دەور و زەمانی خۆیەوە دیارە، هەربۆیە ئەو خەباتە نەپساوەیەی كە كردویەتی، دەكرێت چەندین توێژینەوەی بەپێزی لێ هەڵبهێنجرێ بۆئەوەی خوێنەرانی كورد و عەرەب و ناوچەکە و جیهانیش پێی ئاشنابن.
ئەم هەوڵە زانستییەی ژمارەیەك لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بۆ بەستنی كۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی سەرۆك جەلال تاڵەبانی كە تیایدا ژیاننامە، رەهەندی سیاسی، هزری، شۆڕشگێڕیی و پرسی ژنان، مافەكانی نەتەوەی كورد و رۆڵی سەرۆك مام جەلال لە رەوتی ئازادی رادەبڕین و مافی مرۆڤ و میدیا لە هەرێمی كوردستان دەخەنە بەرباس و لێكۆڵینەوە، دەرفەتێكی گەورەیە بۆئەوەی ئەكادیمییەكان و بیرمەندان و شارەزایانی بواری سیاسی، كۆمەڵایەتی و مێژوویی گفتوگۆی زانستی و پەیپەری ئەكادیمی خۆیان پێشكەش بكەن و تیایدا ئەو خەرمانەی سەرۆك مام جەلال جێیهێشتووە زیاتر دەوڵەمەندی بكەن.
كۆنفرانسەكە دەرفەتی گەورە بۆ توێژەران و خوێندكاران دروست دەكات ئاشنای رۆڵی سەرۆك مام جەلال بن، دواتر ئەو توێژینەوانەی لە كۆنفرانسەكەدا پێشكەش دەكرێن لە دووتوێی گۆڤارێكی ئەكادیمیدا بڵاودەكرێنەوە دەبنە سەرچاوەیەكی گرنگی ئەكادیمی بۆ كتێبخانەی كوردی ئەوانەی دەیانەوێت ئاشنای ئەو مێژووە پرشنگدارەبن كە سەرۆك مام جەلال بەردی بناغەی داڕشتووە، لە هەمووشی گرنگتر لە كۆنفرانسەكەدا چەندین كەسایەتی نێودەوڵەتی و توێژەری بیانی بەشداری تێدا دەكەن، ئەمەش بۆخۆی رۆڵی گەورە دەگێڕێت لە وەرگرتنی دید و تێڕوانینی بیانییەكان لەسەر سەرۆك مام جەلال كە رەنگە توێژەری كورد پەی پێنەبردبێت.
دەمەوێت ئەوەش بەبیر خوێنەران بهێنمەوە كە بەستنی ئەم كۆنفرانسە لە كاتێكدایە، دوایین پڕۆژەی خودی سەرۆك مام جەلال-یش بەستنی كۆنفرانسێكی تایبەت بوو بە ئاشتی لە ناوچەكەدا، بەپێی گێڕانەوەی سیاسەتمەدار محەمەد ئەمین پێنجوێنی، مام جەلال پێی راگەیاندووە، دەیەوێت لە بەغدا كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ساز بكات، لەوبارەیەوە بان كی مۆن، سكرتێری گشتیی ئەوكاتی نەتەوەیەكگرتووەكانی لە ویستەكەی ئاگادار كردووەتەوە و خۆشحاڵ بووە بە بیرۆكەكە، مام جەلال ئاشكراشیكردووە، سەرۆكی چەند وڵاتێكی ئەوروپی لە نموونەی فەڕەنسا، یۆنان، سەرۆكی یەكێتیی ئەورووپا، پەرلەمانی ئەوروپا، هەروەها لە رێگەی كۆندالیزا رایس وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكاوە باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمریكای ئاگادار كردووەتەوە لە نیازی بەستنی كۆنفرانسەكە، ئەمە جگە لەوەی یاداشتێكی داوە بە سەرۆكایەتی سۆسیال دیموكرات ئینتەرناسیۆناڵ و توركەكانیشی دواندووە و بەو هەوڵانەیان زانیوە.