بەدیار فیلمەکانەوە بووین بەفلیم

10:10 - 2023-09-04
هاژە باست
431 خوێندراوەتەوە

فیلم و فلیم دوو دەستەواژە یان وشەی زۆر جیاوازن، وەک بەنزین و شقارتە وان، چۆن شقارتە هۆکارە بۆ گڕدانی بەنزین، فیلمەکەش هۆکارە بۆ بوون بەفلیم.
ئەوجا ئێمەش لەسایەی سەری کۆمەڵێک بەناو کەناڵی کوردییەوە کە سوێشت ببێتەوە بەرهەمێکی کوردی تیا نابینیت، وەک رەمەزان ساڵی یەک مانگیش نیشانمانی نادەن، فیلم لەسەر فیلم و دراما لەسەر دراما دەرخواردمانی دەدەن و هەموو بووینەتە فلیم.
خۆ خوا هەڵناگرێت، تورکی، هیندی، عەرەبی و بیانیشمان دەرخوارد دەدەن، بەس تورکییەکە بیزەبت بۆ ئەوە کراوە بمانکاتە فلیم، دیزاینی جلوبەرگ، کەلوپەلی ناوماڵ، مۆدێلەکانی ئۆتۆمبێل، شێوە و رەنگی قژ و تەنانەت لوت و دەم و چاویشمان بووەتە شێوازی ئەکتەرە تورکەکان.
لەوەش گەڕێین، کاریگەرییە خراپەکەی زیاتر لەسەر کەپڵایەتی، برادەرایەتی، ژن و مێرد و تەواوی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان رەنگیان داوەتەوە. 
کەسێکیش نییە ئەو میللەتەی ئێمە (هەموومان دەڵێم) تێبگەیەنێت، کاکە، دادە، ئەوانە بۆ فیلم نواندن دەکەن، ئەگەر نا ژیانی راستی خۆیان دوورە لەو ستایلی ژیانەوە، ئەوانیش لە راستی و رۆژانەی ژیانی خۆیاندا بوونەتە جۆرێک لە فلیم، ئیتر من و تۆ و ئەو چۆن بچین چاویان لێ بکەین و ژیان لەخۆمان تێک بدەین بۆ ئەوەی بگەینە ئەوەی ئەوان. 
چۆن روون بووەوە لەلامان بەشێکی زۆری جوڵە و تەق و تۆق و شەڕەکانی ناو فیلمی هیندی موبالەغەیە و بە تەواوی دوورە لەڕاستییەوە، ئاوهاش ژیانە خۆشەکەی ناو فیلمە تورکییەکان دوورە لە راستییەوە. 
داخە هەرە گەورەکەش ئەوەیە، بە هەزاران فیلم و درامای ئامۆژگاری و زانستی و فێرکاری هەیە کەس هەر بەلایدا ناچێت.

وتارەکانی نوسەر