بۆچی بودجە نایەت و کێ رێگرە؟

11:50 - 2023-09-13
سەرباز سەید مەحمود
590 خوێندراوەتەوە

ماوەی سێ مانگە بودجەی سێ ساڵەی عیراق لە پەرلەمان پەسەندکراوە، کەچی تا ئێستاش بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان نەھاتووە و موچەخۆران بە دوو مانگ جارێک مووچە وەردەگرن.
حکومەتی ھەرێم ئۆباڵی نەھاتنی بودجە دەخاتە ئەستۆی حکومەتی ناوەند، لەبەرامبەردا وتەبێژی حکومەتی عیراق ئاماژە بە پابەند نەبوونی ھەرێم دەکات.
ھەرێم یان عیراق ھۆکارە بۆ نەھاتنی بودجەی ھەرێم؟ بێگومان حکومەتی ھەرێم ھۆکاری سەرەکی نەھاتنی بودجەیە! ئەگەر ئەم قسەیە راست نییە بۆ وتەبێژی حکومەتی ھەرێم وەڵامی وتەبێژی حکومەتی عیراق ناداتەوە و تۆمەتەکان بە بەڵگەوە رەتبکاتەوە؟
چونکە بەپێی بودجەی پەسەندکراو، حکومەتی ھەرێم ناچار دەکات بە رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و نیوەی داھاتی نانەوتی، لەبەرامبەردا حکومەتی عیراق پابەند کراوە کە مانگانە 1 ترلیۆن و 200 ملیار دینار بنێرێت بۆ ھەرێم.
حکومەتی عیراق دەڵێت ھەرێم رۆژانە 50 ھەزار بەرمیلی ناردووە، نیوەی داھاتی نانەوتیشی نەناردووە، ئیتر چۆن بودجە بنێرم؟ بێگومان بەگوێرەی ئەمە بێت حکومەتی فیدراڵی لەسەر حەقە.
ئەگەر حکومەتی ھەرێم بەردەوام بێت لەسەر ئەو رەوتە، بەڵایەک بەسەر خۆی دەھێنێت کە کەس بە مێشکیدا نایەت، ئایا بۆچی حکومەتی هەرێم ناتوانێت یاخود نایەوێت پابەندبێت بەو رێکەوتنەی کە لەسەر بودجە کراوە؟
چەند ھۆکارێک ھەن کە ئەگەر حکومەت پابەندی ئەم رێکەوتنە بێت، ئەوا زۆربەی سەرچاوەکانی داھاتی دزیکردنی نامێنێت بۆنموونە:
1-  بە چی و کام پارە بتوانێت مووچەی پێنج ھەزار پێشمەرگەی رۆژ بدات کە لە سوریا و ئیسرائیل شەڕ بۆ حکومەتی تورکیا دەکەن.
2- سەدان بندیواری میلیشیای ئەنەکەسە و ئاوارەی سوری و ئێرانی و تورکی مووچەیان بۆ براوەتەوە لەلایەن پارتی و لەکاتی دەنگداندا بەکاریاندەھێنێت، ئێ ئەگەر نەوت رادەست بکات چۆن پارەی ئەو داماوانە بدات؟
3- کۆمپانیای (کار گروپ) چۆن بتوانێت داھاتی دەستبکەوێت و لە مەسەلە حەساسەکاندا کێشەکان بە پارە بۆ پارتی یەکلابکاتەوە؟ نزیکترین نموونە لە پرسی جێگری سەرۆکی پەرلەماندا، دەیان ملیۆن دۆلاری سەرفکرد بەس بۆئەوەی پەرلەمانتارەکانی پێبکرێت و ئەو پۆستە وەربگرێت.
4- لە ھەڵبژاردنەکاندا بەکام پارە بتوانێت دەنگ بکڕێت بۆ سەرخستنی لیستەکەی ئەگەر داھاتی نەوتەکەی لەژێر دەستدا نەبێت.
5-  ئەگەر بودجە لە بەغداوە بێت، ئێتر حکومەت دەبێتە بانکێکی حەواڵە و ھیچ دەورێکی نامێنێت و خەڵکیش ئیشی بە حکومەت نامێنێت و دەترسن دەنگدەرانیان لێیان بێ منەت بن، ئەمەش ترسێکی ترە. 

وتارەکانی نوسەر