دێرین عەلی
سەد ساڵ لەمەوپێش لە سوید، ئاسایی نەبووە ژنێک پێیەکانی یان سنگی بەدەرەوە بێت، زۆرینەی وڵاتان بەمجۆرە بوون، بەڵام دواجار فیکرەکان گۆڕان، نەک لە چوارچێوەی دین یان سیاسەت بەڵکو لە چوارچێوەی ئازادبوونی مرۆڤ و هەبوونیان لەنێو کۆمەڵگەدا بووە جێگەی باسی میدیا و رۆژنامەنووسانی ئەوکاتە.
شۆڕشی ژنان
سیاسەتی دین نەهات ئازادییەکانیان قۆرغ بکات، بەڵکو پەرەیدا بە هەموو تواناکانی ژنان. پیاوان نەهاتن ژنان وەک جەستە و تێربوون سەیر بکەن، شتێک نەبوو بەناوی ئەوەی ژن گەر بەتەنیا ژیا ئەوا هەرچی شتی نەشیاو و ناشیرینە بخرێتە پاڵی و بێویژدانانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بکرێت، ژن بەهای خۆی بۆ دانرا لەنێو جیهاندا، مەخابن لە کوردستان پێچەوانەکەی دەبینرێت.
ژنان لە وڵاتان دوای شۆڕشێک ماف و دەنگ و رەنگیان لەنێو کۆمەڵگەدا پەرەی سەند و گەیشتنە ئەم رۆژەی ئێمە دەیبینین، لە میدیا جیهانییەکانەوە باسی رۆڵ و کاریگەرییان دەکرێت لەسەر خانەکانی ژیان و تەواوی
بوارەکانی کۆمەڵگە.
بیرمان نەچێت شۆڕشی قوتابیانی پاریس لەنێو جیهاندا دەنگیدایەوە لەو نێوەندەدا ژن بوونی هەبوو، دواجار ژن بڕیاریدا سفووربێت یان باڵاپۆش، مەخابن لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ژن لەژێر سیاسەتی ئاییندا هەزارەها حەز و خولیا و ئازادی لێ زەوتکرا، سلێمانی لەنێو فەرهەنگی کوردیدا مافی ژنی نەخواردووە، بەڵام سیاسەت و دین و کۆمەڵگە هات سەرکوتییەکانی زیاد کرد.
گومان لە هەموو شت
بە وشەی ترس و عەیبە ژنانیان تووشی حاڵەتێک کرد گومانیان لە هەموو شتەکانی ژیان بێت، تەنانەت لە هەبوونی خۆشیان، ناڵێم هەموو شتێک ئاساییە، بەڵام چۆن پیاوێک مافی هەیە با ژنانیش هەناسەیەک بکەنەوە بەبەری ژیاندا! ئەوەش لەیاد نەکەین لەتورکیاوە مێژووی سفووری سەریهەڵداوە، گەر زۆریش دوور نەڕۆین ئێرانی دراوسێ لەوێ سفووری و ئازادییەکان بەجۆرێک بوو وەک رەهایەکی بێ بنەما کاری دەکرد لەسەر ژن .
دەی نەک ئەمە و نەک ئەوەش کە ئێستا هەموو شتەکان ترشاون بەسەر یەکدا، قیممەی خۆشەویستی نەماوە بۆ ژنان.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێ تیشکی بخەمە سەر، بەسیاسەت وا لەژنان مەکەن ژیانی رەها هەڵبژێرن، بە دین بوون وامەکەن بکوژرێن، لەکۆمەڵگەشەوە هێندە کەمیان مەکەنەوە تا لە بیر و ئایدیا و تواناکانیان گومانیان هەبێت، ژن پەیکەرێکی گەشاوەی کۆمەڵگەیە، نەک پەیکەرێکی دەستکاری کراوی کۆمەڵگەبێت.