سلێمانی دەستەمۆ ناكرێت

10:51 - 2023-09-26
محەمەد ئەمین پێنجوێنی
315 خوێندراوەتەوە

هەڕەشەكانی وەزیری بەرگریی توركیا.
بەگوێرەی ئەو لێدوانەی، وەزیری بەرگریی دەوڵەتی توركیا، كە لە سۆسیال میدیاكانەوە بڵاوكراوەتەوە، جەنابی وەزیر هەڕەشەی توند لە سلێمانی و بافڵ تاڵەبانی دەكات ئەگەر واز لە هاوكاریی پەكەكە نەهێنن، هێرشی ئاسمانی دەکات. بەمەش وادیارە هەموو پرۆتۆكۆلات و پرەنسیپ و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان پێشێل دەكرێت.
جەنابی وەزیر، سلێمانی شارێكی یاخی و كۆڵنەدەرە، ئەم شارە ملی بۆ دەوڵەتی عوسمانی و چەندەها والی یەك لەدوای یەكەكانی بەغدای عوسمانی شۆڕ نەكرد، ئەوەش بزانە كاتێك لەشكری ئینكیشاری هێرشی كردەسەر ئیمارەتی بابان، ئیبراهیم پاشا هەتا دوا گوللە تۆپ بەرگریی كرد، مامەیارەی تۆپ چی لەشكری بابان-یش دوا گوللە تۆپی تەقاند، دوا فیشەكی دەمانچەكەشی نابەخۆیەوە و وتی: مردن شەریف ترە لە تەسلیم بوون.
شێخ مەحمودی حەفید بەرەنگاری سوپای ئینگلیز بۆوە، تا بە برینداری كەوتە دەست دوژمن، وتی: من تەسلیم نەبووم، بە برینداری گیراوم.
ساڵی نەوەدەكان، بەندە لە خزمەتی مام جەلال-دا بووم، لە دەباشان وەفدێكی وەزارەتی بەرگریی، كە پێكهاتبوون لە چەندین ژەنەراڵی گەورە بە سەرۆكایەتیی جێگری سەرۆكی ئەركان، داوایان لە مام جەلال كرد و وتیان: سەرانی پەكەكە لەم ناوەن، دەبێ بیانگرن و تەسلیمیان بكەن. مام جەلال بە زمانێكی دیپلۆماسیی نەرم وەڵامیدانەوە و وتی: ئێوە بەم سوپا زەبەلاحەی، كە هەتانە و بەم هەموو دەزگا هەواڵگری و سەربازییەی كە هەتانە، ناتوانن بیانگرن، ئێستا ئێمە چۆن ئەوانەمان پێ دەگیرێت. ژەنەراڵەكان بە لووتبەرزییەوە وتیان: دەبێت بیانگرن و لێرە تەسلیمیان بكەن. مام جەلال-یش تووڕەبوو وتی: یەك پشیلەشتان تەسلیم ناكەم.. ئیتر ئەمە بووە جێگەی كۆمێنت و نوكتەی میدیا ئەوروپییەكان، چونكە ئەوان تەلەفزیۆنی سی ئێن ئێن-ی توركییان لەگەڵدا بوو، كە بە زمانی ئینگلیزی پەخش دەكات.
جەنابی وەزیر، بافڵ كوڕی مام جەلالە و زۆریش تووڕەیە..! وە كچەزای ئیبراهیم ئەحمەدیشە، كە دەڵێ:
نە عارەبم نە ئێرانی
نە توركێكی شاغستانی
هەر كوردم و كوردستانی
سلێمانی تەسلیم نابێت، چونكە شاری ئیبراهیم پاشای بابان و مەلیك مەحمود و مام جەلال-ە.

تێبینی
ئەم هەڕەشانە لەم رۆژەدا بۆ ئەوەیە كە هەوڵبدەن كۆنگرەكەی یەكێتی سەركەتوو نەبێت.

وتارەکانی نوسەر