عوزر لە قەباحەت خراپتر

09:45 - 2023-10-02
هاژە باست
320 خوێندراوەتەوە

فلتەرەکان جوانن، ئێ دوای ئەمە پەیامی ترمان هەیە هێشتا تەواو نەبووە، بەڵام با شەرحێکی ئەم بەشە بکەین، فلتەرەکان، مەبەستیان ئەو کلک و لووت و لێو و گوپ و گوێیەیە کە لە فۆتۆی سێڵفی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە سەر و چاومانی دەنێن، جا دیقەت بەن هەموو بووینەتە بووکەڵە، وایان لێکردوین کە کامێرا دەکەینەوە و خۆمان دەبینین، دەترسین و دەڵێین سوبحانەڵا.
هۆقەیەک مکیاج و جوانکاریش دەکەین، کەچی هەر لەخۆمان ناڕازین و دەبێت فلتەرەکان، لووتمان بقرتێنن و گوپمان فوو تێبکەن و برۆمان پان کەنەوە و لچمان بکەن بەقاز، گرنگترین پۆینتیش لێرە ئەوەیە، ئەو برادەرە ئازیزەی دامەزرێنەری سناپ چاتە، کە یەکێکە لەو ئاپانەی پڕ فلتەرە، خۆی قنج و قیت گەڕاوە جوانترین خانمی دۆزیوەتەوە، کە پێویستی بە بەکارهێنانی فلتەر نییە و هەموو جوانییەکانی تێدایە، وەک کاکە مارکی فەیسبووک، کە خۆی بە دەگمەن بەکارهێنەری فەیسبووکە و کاتەکانی بە گەشت و خوێندنەوە و چێژ بینین لەژیان لەگەڵ خێزانەکەی دەباتە سەر و ژیانی ئێمەی هەمووی بە فەیسبووکەوە بەستۆتەوە.
ئێ یەڵا بێینەوە سەر باسەکەی خۆمان، کۆمپانیایەکی ریکلام، بۆ شەرعیەتدان بە کارەکەی خۆی، نوسیبوویان، (فلتەرەکان جوانن، بەڵام پێستێکی پاک جوانترە)، ئەو بەشە هیچ کە ریکلامیان دەکرد، بۆ پاککردنەوەی دەم و چاو  و بەکارهێنانی لێزەر و فیلەر و بۆتۆکس و دەرهێنانی چەوری و نازانم ئەو شتانەی پێی دەڵێن: پلازما و میزۆ و جۆرەکانی.
هەر لەگەڵ ئەم کارەساتانە، شەرعییەتیان بە فلتەریش دەدا، واتە وەرن پاکیشی کەنەوە، بەس لە کۆتاییا هەر دەبێت فلتەر بەکاربهێنن.
جا خۆی مەسەلەیەک هەبوو، دەڵێت: (عوزر لە قەباحەت خراپتر)، ئیتر وەک هەمیشە بۆ پێشەوە.

وتارەکانی نوسەر