خۆشم نازانم بەچییەوە مەشغوڵم!

09:47 - 2023-11-13
هاژە باست
164 خوێندراوەتەوە

هەموومان مەشغوڵین، رۆژ تا ئێوارە و ئێوارە تا دووبارە رۆژبوونەوە، کێشەی سەرەکی هەموو مرۆڤایەتی بووە بە سەرقاڵی، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، بەچییەوە؟ قەت لە خۆتان پرسیوە هۆکاری ئەو هەموو مەشغوڵییەی باسی دەکەین چییە؟
بەخشراوێکی خودا هەبوو، لە چاوپێکەوتنی کەناڵێکی تەلەفزیۆنیدا (کە وەک هەمیشە مایک دەچێتە بەردەم هەموو کەس، بەداخەوە بەبێ ئەوەی گوێ بە پرنسیپەکانی رۆژنامەوانی بدرێت و لێپرسینەوەش کاریان تێناکات، (چونکە بەینی خۆمان بێت لە بنەڕەتەوە نییە))، لێیان پرسی رۆژانە بەچییەوە مەشغوڵی؟ لەوەڵامدا وتی: «بە هین و شتۆ، وەڵایی ئەوەیە کاکە، خۆیشم نازانم بەچیۆ مەشغوڵم».
هەر رێک ئێمەش وامان لێهاتووە، تێلمان بۆ دەکەن، هەواڵمان دەپرسن، بۆ ونین؟ بۆ دیار نین؟ بێدەنگین؟ وەڵامەکەمان ئەوەیە مەشغوڵین، کارەکانمان بە مەزبوتی بەڕێوەناچێت، دوا دەکەوین، داوای چاوپێکەوتنێک، کۆبوونەوەیەک، دیدارێکمان لێ دەکەن، هەر مەشغوڵین، ئاخر بە چییەوە؟
با دانیشین و لە خۆمان بپرسین، سەیرێکی جەدوەلی رۆژانەمان بکەین، کاتەکانمان چۆن دابەشکردووە؟ چی وا لە مرۆڤێک دەکات، پێی وابێت لە هەفتەیەکدا کە حەوت رۆژە، شەش رۆژی مەشغوڵە؟ باوەڕ دەکەن مۆبایل و مانەوە لەناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە ژیانمان دەرکەین، ئەمەنە کاتمان زۆرە فریای باخداری و ئاژەڵداریش دەکەوین. 
لە هەموو وڵاتان خەمی گەورەی خەڵک، ئالوودەبوونە بە مادەی هۆشبەرەوە، کەچی مۆبایل منداڵ و گەورە، گەنج و پیری ئالوودە کردووە، بەجۆرێک هەر گرتمان بە دەستەوە، شەش بۆ حەوت سەعاتێک لە کاتمان رۆشتووە و ئاگاشمان لە دنیا نەبووە، ئەسڵەن لێشت بپرسن چیت بینی؟ چیت بیست؟ نازانی، چونکە لە راستیدا ئەوە مێشک و چاو و جەستەی ئێمە نییە بەناو ئەو پۆستانەدا دێت و دەڕوات، بەڵکو ئالوودە بوویەکە.

وتارەکانی نوسەر