سەروبەندی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانە و بانگەشەی هەڵبژاردنیش لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان گەرموگوڕە و دڵی كوردەكانیش لە گەرموگوڕی بانگەشەی هەڵبژاردن گەرمترە، ئەمەش بەهۆی ئەو نادادپەروەرییەی رۆژانە لەلایەن دەسەڵاتەوە، لە زێد و خاك و ماڵیاندا بەرامبەریان دەكرێت و وایكردووە لە هەڵبژاردن نیگەران بن، لەوەش راستتر ئەوەیە كە كورد لە كەركوك لەكاتی كێشە و گرفتەكاندا بێ پشتیوان دەمێنێتەوە، هەربۆیە هێندەی ئەو بێدادییە و زیاتریش لە هەندێ لە حزبە كوردستانییەكان نیگەرانن. لەساڵی2005ەوە ئەمە دووەمین پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاكانە كە لە كەركوكدا دەکرێت، یەكەمیان لە 2005-1-30 دا بوو، كە تێیدا كورد لەكۆی 41 كورسی 26 كورسی بەدەستهێنا و لەبەرامبەردا توانی پۆستی پارێزگار بۆخۆی ببات و زۆرینەی جومگە هەستیارەكانی دەسەڵاتی ئەو شارەش گەڕایەوە ژێر دەستی كورد كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی پێكدەهێنێ .
دواتر بەهۆی دەستكاریكردنی یاسای هەڵبژاردن، لەساڵەكانی 2019،2013،2009، كەركوك نەیتوانی بەشداریی هەڵبژاردنی پارێزگاكان بكات، وائێستا دوای 18ساڵ جارێكیتر بەشداری ئەو پڕۆسەیە دەكات و گەر بە وریایی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، دەكرێ جارێكی تر كورد بەتایبەتیش یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان پێگەی خۆی بەهێزبكاتەوە.
بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەوە کە بەسەر کەرکوکدا هات، زۆربەی دەستكەوت و دەسەڵاتەكانیشی لێسەندرایەوە بە پۆستی پارێزگاریشەوە، تا كار گەیشتە ئەوەی رۆژانە لەلایەن هەندێک لە شۆڤێنیستانی عەرەب و تورکمان، ناهەقی و بێدادی بەرامبەر كورد دەكرێت و حزبە كوردستانیەكانیش كەم تا زۆر، بێچارە ماونەتەوە.
كورد نەیتوانی بەیەك لیستی و بەیەكگرتوویی بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكات، ئەمە خەنجەرێكە و لە هەناوی خۆیدا، هەرچەند پێویستە بۆ مێژوو ئەو راستییە بڵێین كە یەكێتی لەسەرووی هەمووشیانەوە هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەمبارەیەوە هەوڵی بێوچانیانداوە و لە دەرگای سەرجەم پارتەكانی دا.
ئێستا كورد پارچە پارچەن، بە سێ هاوپەیمانی و دوو حزبی جیا بەشداریی هەڵبژاردنی پارێزگا دەكەن، ئەمەش وادەكات دەنگەكانی كورد پەرت و بڵاوببنەوە.
پێویستە سەرجەم حزبەكان بە ئەركی خۆیانی بزانن و دەنگدەری كورد لەوە تێبگەیەنن كە بە تووڕە بوون و نەچوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان سزای حزبە كوردستانییەكان نادەن، بەڵكو نەیارانی كورد بەهێز دەكەن
دەنگنەدان زیان بە کورد دەگەیەنێت
بۆیە پێویستە سەرجەم حزبەكان بە ئەركی خۆیانی بزانن و دەنگدەری كورد لەوە تێبگەیەنن كە بە تووڕە بوون و نەچوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان سزای حزبە كوردستانییەكان نادەن، بەڵكو نەیارانی كورد بەهێز دەكەن.
ئەوانەی رۆژانە لەم سەروبەندی نابەرامبەریی هێز و باڵانسەدا بوونەتە خۆرەی كورد و رۆژ لە دوای رۆژ لە هەوڵی لاوازكردنیدان، دەنگدەری كوردیش دەبێ ئەوەی لەبیربێت كە دەنگدان پڕۆسەیەكی یاسایی و تۆمارێکی مێژووییە و ئەنجامەكانی دەبنە دیكۆمێنت و لە ئایندەدا كاری جدییان پێدەكرێت.
هەر كەمتەرخەمییەك لە چوون بۆ سندوقەكانی دەنگدان دوورخستنەوە و لاوازكردنی كورد و بەهێزكردنی نەیارەكانە، ئەمە جگە لەوەی لە هەڵبژاردنی پێشوو، كورد زۆرینەی دەنگی بەدەستهێنا، ئێستاش گەر بیر لە تۆڵەسەندنەوە و سزادانی حزبەكان وەلا نەنێین، بەدەستی خۆمان كورد لە كەركوكدا دەكەینە كەمینە، ئەمەش دەبێتە هەڵەیەكی سیاسیی و مێژوویی و نەك پێگەی كورد لەكەركوكدا لاواز دەكات، بەڵكو كورد دەخاتە بەردەم پرسیارێكی مێژوویی كە ئەویش كوردستانیبوونی كەركوك و بە هەدەردانی رەنجی دەیان ساڵەی شەهیدان و تێكۆشەرانی كوردە لە سەروو هەموویانەوە سەرۆک مام جەلال كە هەموومان لە بیرمانە چۆن بەهێنانەوەی نەخشەی سەردەمی عوسمانی، جاڕی كوردستانی بوونی كەركوكی بە گوێی هەموو عیراقییەکاندا دا.
دەبێت هیوا و ئاواتی لە مێژینەی مامە كە هەمیشە دەیووت یان كەركوك و خانەقین یان تا ماوین دەجەنگین، لە بیر نەکەین.
لێرەوە بە كوردانی كەركوك و سەرجەم ناوچە جێناكۆكەكان دەڵێین: ئەوەی ئازاری ئێوەی دانیشتوانی رەسەنی كەركوك و ناوچەكانی تر دەدات نەیارانی كوردن، ئەوانەن كە رۆژانە دەستدرێژی و توندوتیژیان دەرهەق بە خۆتان و سەروماڵ و زەوی و زارەكانتان و كار و پیشە و هاووڵاتیبونتان كردووە، هەربۆیە ئێستا كاتیەتی، بە دەنگدان تۆڵەی خۆتان بكەنەوە و بە سەلماندنی زۆرینە بوونتان دەسەڵاتەكان وەربگرنەوە و كورد لەو شارەدا بكەنەوە ژمارە یەك.