یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەهۆی زۆریی ژمارەی شەهیدەكانییەوە، نازناوی حزبی شەهیدانی پێبڕاوە، ئێستاش كە سەروبەندی یادی شەهیدە سەربەرزەكانە، دەمەوێت بەراوردێك لەنێوان شەهیدی كاندید و كاندیدی پەرلەماندا بكەم، هەرچەندە ئەم ناونیشانە سەرنجڕاكێش و مایەی پرسیارە! بەڵام هەوڵدەدەم وردە وردە ئامانجی تایتڵەكە بپێكم.
لەڕاستیدا؛ رۆژانە وشەی كاندید بەرگوێمان دەكەوێت و دەزانین كەسانێك بۆ بەدەستهێنانی كورسیی پەرلەمان و ئەنجومەنەكانی دیكە، خۆیان كاندید دەكەن، ئەمە حاڵەتێكی ئاسایی و مافی تاكە، هەروەها لەگەڵ ئەوەی كاندیدبوون بۆ هەر پێگەیەك لەوانەی ئاماژەی پێكرا، ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەییە، بەڵام دەكرێ كەسی كاندید جگە لە بەرژەوەندیی خزمەتی نیشتمان و نەتەوەكەی، خزمەتی بەرژەوەندیی خۆیشی بكات، بەڵام شەهیدی كاندید، یاخود روونترە بنووسم خۆكاندیدكردن بۆ شەهادەت، بڕیارێكە بەبێدەنگی لە ناخی خوددا دەدرێت، بڕیارێكی جەسوور و جەربەزانەیە، قوربانیدانێكی مەزنی بێوێنەیە و تەنها ئامانج لێی خزمەتی خاك و نیشتمانە، بەرژەوەندیی ئەم خۆكاندیدكردنە لەپێناوی خۆیدا نییە، بەڵكو تەنها لەپێناوی نیشتمان و ئەوانی تردایە.
سەرباری ئەوەی ئەم جۆرە لە خۆكاندیدكردن بۆ مەرگ، تەنیا فیداكردنی خود نییە، بەڵكو لەگەڵیدا خانەوادەیەك راپێچی نەهامەتییەكان دەكرێت، بەجۆرێك هیچ كات هەتیووی و بێنازیی باوك و بوون بە بێوەژن و كەوتنە ژێرباری قورسایی ژیان و یەكباڵی لە پەروەردە و بەخێوكردنی منداڵدا، بارێكی ئەوەندە قورسە، جێگرەوەی نییە، كەچی لەبەرامبەردا بەشێك لەوانەی خۆیان بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنەكانی تر كاندید دەكەن، كاتێك ناگەن بە كورسییەكەی، هەر خێرا پەیامی بانگەشەكەی خۆیان لە دڵسۆزی و خەمخۆریی بۆ میللەت، سفر دەكەنەوە و تەنانەت پشت دەكەنە خوێنی شەهیدان و یەكێتییەكەشیان.
هەربۆیە لە رۆژی یادكردنەوەی شەهیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، دەبێت بزانرێت تا چەند ئەوانیتر لە قوربانیدانی سەرقافڵەی شەهیدان؛ شیهابی شێخ نوری، جەعفەر عەبدولواحید، ئەنوەر زۆراب و سەرجەم شەهیدان و ئەنفالكراوان و كارەساتی هەڵەبجە و ناوچەكانی دیكە و بەم دواییەش جینۆسایدی شنگال، تێگەیشتوون و تا چەند قەدر و رێزی ئازادی و سەربەستی دەزانن، كە بە خوێنی ئاڵی ئەوان دەستەبەربووە.
ئەوانیتر كێن؟ ئەوانی تر نەوەی ئەمڕۆ و نەوە یەك لەدوایەكەكانن، كە هەندێجار نرخی ئەو دەستكەوتانە لە ئازادی و سەربەستی نازانن و بگرە بە نێگەتیڤیش لێكدانەوەی بۆ دەكەن.
بەڵێ راستە، یادكردنەوەی رۆژی شەهیدانی یەكێتی لەلایەك كولاندنەوەی برینی كەسوكارییانە بەتایبەت ئەوانەی وەك پێویست خزمەت نەكراون، هاوكات بیرهێنانەوەی رۆژانی تاوان و ستەمی رژێمی دیكتاتۆر و داگیركەرانیشە بە پشتیوانیی وڵاتانی خاوەن بڕیار و پێگە و هێز لە جیهاندا، ئەوانەی هۆكاری پارچەپارچەكردنی خاك و نیشتمانی كوردان و كۆمەڵكوژیی نەوەكانمان بوون، بەگشتیش بیرهێنانەوەی زیاتر لە سەدەیەك لە قوربانیدانی كوردە لەپێناوی ئازادی و رزگاریدا.
هەربۆیە یادی شەهیدان دەیەوێت بە نەوەی ئەمڕۆ بڵێت: خەباتی شەهیدان كۆتایینەهاتووە، پێویستە ئێوەش دوور لە بەرژەوەندیی خود، لەپێناوی دیموكراسی و دادپەروەریدا تێبكۆشن، تا گەیشتن بە ئاواتی لەمێژینەی نەتەوەكەمان.
شەهیدی كاندید یان خۆكاندیدكردن بۆ شەهیدبوون، قۆناغێكی خەباتی كوردایەتی بوو، بەڵام كاندیدبوون بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنەكانی دیكە، بەمەبەستی خزمەتی نیشتمان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دوور لە بەرژەوەندی، قۆناغێكی تری خەباتی جەماوەریی و مەدەنییە لەپێناوی هەرێمێكی سەقامگیر و باشوورێكی دامەزراوی خاوەن دەستوور، كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەر لەگەڵ یەكەم چەخماخەیدا، قوربانی و شەهیدی بۆ داوە.