ئەمڕۆ یادی رادیۆی جیهانییە، ساڵی 2011، رێكخراوی یونسكۆ داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات، ئەم رۆژە بكاتە رۆژی جیهانیی رادیۆ، ساڵی 2012 ئەم بڕیارە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە هاوتایە لەگەڵ یەكەم رۆژی كردنەوەی رادیۆی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ساڵی (1946)دا، لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و دەركەوتنی پلاتفۆڕمەكانی نێو دنیای دیجیتاڵ میدیا، رادیۆ یەكێكە لە بەربڵاوترین هۆیەكانی راگەیاندن، بەجۆرێك بەهۆی كەمیی تێچووەكەی، دەگاتە نزیكەی 70 %ی دانیشتوانی جیهان، بەتایبەت ناوچە دوورەدەستەكان و ئەوانەی خاوەن داهاتی كەمن، هەربۆیە لەنێو جەنجاڵیی ئەم هەموو میدیا جۆربەجۆرەدا، زۆرجار وەك بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان لێمان دەپرسن: ئایا رادیۆ سەنگ و كاریگەریی ماوە یان پێگەی خۆی ونكردووە؟. ئێمەش لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەیسەلمێنین، كە رادیۆ پلاتفۆڕمێكی گرنگی بواری میدیایە و جگە لە سەنگ و قورسایی، چێژی تایبەتی خۆی هەیە، بەوەی كە ئەركی رادیۆ تەنها گەیاندنی هەواڵ و پەخشكردنی میوزیك و گۆرانی نییە، بەڵكو پلاتفۆڕمێكە، كە لەڕێگەیەوە دەتوانرێت گفتوگۆی دیموكراسییانە سازبكرێت، لەوانەیە تۆی وەرگریش بڵێیت گەر دیموكراسی هەبێت دەكرێت لە هەر پلاتفۆڕمێكی تریشەوە بێت گفتوگۆی دیموكراسی بەرپا بكرێت، بەڵام جیاوازییەكە لێرەدا ئەوەیە، كە رادیۆ كار و كاریگەریی خۆی لەڕێگەی هەستەوەری بیستنەوە ئەنجامدەدات و بەتەنها یەك هەستەوەر بەشداریی لەو پرۆسە كاریگەرەدا دەكات، زانستیش سەلماندوویەتی، كە كاركردن لەڕێگەی بیستنەوە زۆرترین كاریگەریی هەیە، هەرواش بووە و زۆرجار روویداوە كە لە ئۆتۆمبێلەكەتدا گوێبیستی گفتوگۆیەك یان میوزیكێك دەبیت، نەتویستووە دابەزیت.
یەكێكیتر لە خەسڵەتەكانی رادیۆ ئەوەیە كە لەماوەیەكی كەمدا تەنها بە سوڕاندنی میلی رادیۆكەت دەتوانیت گوێبیستی كەلتور و رۆشنبیری و زمانە جیاوازەكانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی ببیت، كە ئەمە جگە لە میدیای ژمارەیی، بۆ هۆیەكانی تری راگەیاندن وانییە، لەلایەكی ترەوە خێرایی یەكێكە لە خەسڵەتە گرنگەكانی رادیۆ كە دەتوانێت زۆر بەخێرایی هاووڵاتیان لە رووداوە سروشتییەكان و داخستنی رێگەوبانەكان و قەیرانە مرۆییەكان ئاگاداربكاتەوە.
بۆ ساڵی 2025یش لەژێر دروشمی (رادیۆ و گۆڕانیی كەشوهەوا)، ئاهەنگی یادی رادیۆ دەگێڕدرێت و تیشك دەخرێتە سەر ئەو گۆشەنیگایەی كە لەڕێگەیەوە وشیاریی ژینگەیی بڵاوبكرێتەوە لەپێناوی چڕكردنەوەی هەوڵە جیهانییەكان بەرامبەر ئاڵنگارییەكانی كەش، ئەمانەو زۆر رۆڵی تری گرنگی رادیۆ هەن، كە ناتوانین لەبەر كەمیی پانتایی وتارەكەم باسیان بكەم، تەنها ئەوەندە نەبێت كە دەڵێین هەقی خۆیەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شانازیی بە خاوەندارێتیی رادیۆی دەنگی گەلی كوردستانەوە بكات، كە لە رۆژی (20/3) تەمەنی دەبێتە (46) ساڵ و جگە لە هەموو ئەو رۆڵ و پێگە و گرنگییەی رادیۆ كە باسكرا، دەنگی گەلی كوردستان شەرەفی رادیۆی شۆڕشی نوێ و راپەڕین بووە، لە شاریش وەك قەڵایەكی گەورە لە پشت داخوازییەكانی میللەتەكەیەوە وەستاوە، بۆیە دەبێت رۆڵ و پێگەی هەمیشە بەرزڕابگیرێت.
*بەڕێوەبەری ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان