نۆڤەمبەر و ئاماری مەترسیدار

09:53 - 2024-12-03
ماردین عه‌بدولكه‌ریم
51 خوێندراوەتەوە

ماردین عەبدولکەریم

 

ساڵی1960، سێ خوشک لە خێزانی میراباڵ، لە رۆژگاری خۆیاندا چالاکوانی سیاسی بوون و دژی زوڵم و ستەمی دەسەڵات دەجەنگان، لەلایەن حاکمی وڵاتەکەیانەوە رافاییل ترخیۆ حاکمی ئەوسای کۆماری دۆمەنیکان بڕیاری کوشتنیان درا.
کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای نزیکەی 40 ساڵ ئەو رۆژە دەکاتە بنەمای روبەڕوبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئێستاش کە  -25ەمین ساڵیادی 25ی نۆڤەمبەرە و نزیکەی 70ساڵ بەسەر کوشتنی ئەو سێ خاتوونەدا تێدەپەڕێت، کۆمەڵگەکان لەوپەڕی تازە پێگەیشتووەوە تا ئەوپەڕی پێگەیشتووەکان، لەگەڵ ئەوەی بە هەموو میکانیزمێک لە هەوڵی بەرلێگرتنی تێرۆری ژناندان، بەڵام بەداخەوە ئەنجامەکان پێچەوانەیە و تازەترین ئامارەکان پێمان دەڵێن لە جیهاندا هەموو 10خولەک جارێک، ژنێک دەکرێتە قوربانیی هزر و کەلتوری رزیو و قبووڵنەکردنی دەستکەوتەکانیان، کەواتە روونە هەوڵەکانی حکومەت و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان، یاساکان، هەروەها چالاکی و کۆڕ و کۆبوونەوە و هۆشیارکردنەوەی ژنان، هیچی ئەوتۆی لێ سەوز نەبووە و ئەو هێزە نەبوون، کە بتوانن هەم  پیاوان هۆشیار بکەنەوە و  هەم رێ لە رشتنی خوێنی ژنان بگرن.
لە راستیدا دەنگ هەڵبڕین و ناڕەزایی و مانگرتن و خۆپیشاندان دەکرێت پرسی ژنی تا رادەیەک بردبێتە پێشەوە، بەڵام لەگەڵیدا چنینەوەی دەرەنجامی مەترسیداری کوشتنی ژنان پرسیارێکی بابەتیی هێناوەتە گۆڕێ کە ئەویش پرسی زۆربوونی بکوژانی ژنە هاوشێوەی رافاییلەکان، کە دەبوو زۆر بە وردی حکومەتەکانی جیهان و رێکخراوە ناحکومییە پەیوەندیدارەکان بەم پرسەدا بچنەوە و بزانن لاسەنگیی ئەم هاوکێشەیە لە کوێدایە، کە وایکردووە لە24 سەعاتدا 144 ژن و لە ساڵێکدا 52560 ژن بکوژرێن، بۆ نموونە ئاماری ساڵی 2023 پێمان دەڵێت 51110 ژن کوژراون، کەواتە ساڵانە زیاتر لە 50 هەزار بکوژی نوێ دروستدەبن.
لێرەدا پرسیارە لۆژیکییەکە ئەوەیە، ئایا هەوڵی رێکخراوە ناحکومییەکان، لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تا دەگاتە رێکخراوە ناحکومییە لۆکاڵییەکانی ژنان لە بواری پرسی ژناندا، دەستکەوتەکەیان هاوتای ئەو قوربانییە زۆرەیە؟.
بە نموونە خەبات بۆ ئازادی گەلان قوربانی و لافاوی خوێنی بۆ دەدرێت، بەڵام ئازادیی و سەربەخۆیی زۆرجار دەستەبەردەبێت. ئایا ژنان گەیشتوونەتە ئەو رادەیە لە دەستکەوت، کە لە بەرامبەردا  قوربانیدان بە رۆح، بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوە و بەرهەمهێنانی منداڵی بێ دایک و باب باجەکەی بێت.
ناچارم پرسیارە گونجاوەکەی لینین-ی باوکی فەلسەفەی یەکسانی بۆ ئەم دۆخەی ژنان بە شیاو بزانم، منیش وەک ئەو بپرسم (ما العمل) واتە چی بکەین؟
بەرای من باشترین رێگەچارە، کە دەبێ بە زووترین کات هەنگاوی بۆ هەڵبگرین، هۆشیارکردنەوەی پیاوانە، نەک ژنان، کۆڕ و سیمینار و مێزگرد بۆ پیاوان سازبکرێ، چیرۆکەکانی کوشتنی ژنیان بۆ بگێڕدرێتەوە، دەرەنجام و لێکەوتەکانیان بۆ بخرێتەڕوو، لەبەرامبەردا چیرۆکی خێزانی بەختەوەر و ئەو ژن و هاوسەرانەیان بۆ بگێڕدرێتەوە کە ماڵەکانیان پڕکردووە لە خۆشەویستی و یەکسانی و منداڵەکانیان لە ئامێزی دایک و بابدا گەورە دەبن. 
پێویستە بە مرۆڤ بینینی ژن بخرێتە نێو پرۆگرامی خوێندن، تا کوڕانی نەوەی داهاتوو نەبنە بکوژی خوشک و ژنەکانیان. 
پێویستە دایکان و باوکان فێربکرێن جیاکاریی لە پەروەردەی منداڵەکانیاندا  نەکەن، بەڕای من ئەم چەند هەنگاوە هاوکار دەبن لەسنووردانان بۆ کوشتنی ژن و بەرهەمنەهێنانی بکوژ.

وتارەکانی نوسەر