کۆمێنت

خۆشەویستی و بلیمەتی

10:31 - 2023-11-23
شیرین. ک
325 خوێندراوەتەوە

شیرین. ک

(77)

 
كتێبی (جۆرج ساند.. خۆشەویستی و بلیمەتی) یەكێكە لەو كتێبانەی ساڵی 1992 خوێندوومەتەوە، نووسینی سەلما ئەلحەفار، كە توێژینەوەیەكی ئەدەبی چێژبەخشە لەبارەی ژیان و ئەدەبی ئەدیبی فەرەنسی ئۆرۆر دۆبانەوە، ئەو ژنەی بەناوی جۆرج ساندەوە بەرهەمەكانی بڵاودەكردەوە كە ناوێكی پیاوانەی خوازراوە، زۆرجاریش بەرگی پیاوانەی دەپۆشی و بە ئاشكرا جگەرەی دەكێشا، دەنگی ساند دیارترین دەنگی ژنە لەسەدەی نۆزدەدا، بەكتێبەكانی بانگەشەی بۆ ئازادی ژن دەكرد.
ساند خاوەنی زیاتر لە سەد كتێبە لە رۆمان و شانۆنامە و ئۆپێراو هتد.. تا ئێستاش كتێبەكانی دەخوێنرێنەوە، یەكەم ژن بووە لە سەردەمەكەی خۆیدا ساڵۆنی ئەدەبی هەبووە، بەڵام هەر كاتێك ناوی بهێنرێت باسی ژیانە سۆزدارییە پڕ شێواوەكەی دەكرێت زیادەڕۆییەكی زۆریشی پێوە كراوە، دیارترینیان پەیوەندییە سۆزدارییەكەی بووە لەگەڵ فریدریك شۆپان-ی مۆسیقاری پۆڵەندی، كە دە ساڵی خایاندووە، لەو ماوەیەدا دڵی و ساڵۆنە ئەدەبییەكەی و ماڵەكەی بۆ شۆپانی بلیمەت كردۆتەوە، ئەو گەنجە پۆڵۆنییەی بەدەست دەردی سیلەوە دەیناڵاند، بەڵام رۆژ لەدوای رۆژ وەكو مۆسیقارێك لە پاریس دەدرەوشایەوە، شۆپان بۆ یەكەمجار لە ژیانیدا لە ئامێزی ساندا تامی گەرموگوڕی خۆشەویستی كرد، خۆشەویستییەك كە تا كۆتایی تەمەنی پێوەی ئالوودە بووە، بەڵام دوای دە ساڵ جیادەبنەوە، جیابوونەوەیەكی یەكجارەكی، تەنانەت كە شۆپان دەمرێ ساند لە پرسەكەیدا ئامادە نابێت، هەموو وێنە و نامە و یادەوەرییەكانی لەناو دەبات، شۆپانیش لە سەرەمەرگدا چاوەڕوانی ساند دەكات، لەبەرخۆیەوە دەچرپێنێ: پەیمانی پێدابووم لەباوەشیا بمرم.. كۆمێنت: (ساند بۆ وایكرد؟! ئەمە نهێنییەكە و بەتەواوی ئاشكرا نەبووە، دەڵێن، ساند پەیوەندییەكی سۆزداریی نهێنی بۆ ئاشكرا بووە لەنێوان شۆپان و كچەكەی خۆیدا!!)..ساند دوای شۆپان هیچ پەیوەندییەكی سۆزداری نابەستێت.
كۆمێنت: (دابونەریتە چەقبەستووەكانی كۆمەڵگە شكست بە یەكەم ئەزموونی خۆشەویستی ساند دێنێت، لەمەوە زیاتر یاخی دەبێت و ئیتر هەموو ژیانی تەرخان دەكات بۆ دژایەتیكردنی ئەو نەریتە كۆنانە، ئەمە بە ئاشكرا بە هەموو رۆمانەكانییەوە دیارە، لە ژیانی تایبەتی خۆشیدا تەحەدای ئەو  نەریتە كۆنانەی كردووە..).

وتارەکانی نوسەر