راوی نایاسایی و كاریگەری لەسەر هاوسەنگی ژینگە

07:35 - 2022-05-08
سەردار عەبدولرەحمان
591 خوێندراوەتەوە

جیهانی ئەمڕۆ كەوتۆتە بەرشاڵاوی مەترسییەكانی تێكچوونی هاوسەنگی ژینگە، هەوڵەكانیش لەم روانگەیەوە وەك پێویست نەخراونەتە گەڕ، هەرێمی كوردستان بێ بەش نەبووە لە دەرئەنجامەكانی گۆڕانكاری كەش هەوا و پیسبوونی پێكهێنەرەكانی ژینگە ( ئاو و هەوا و خاك)،  هەموو ئاژەڵەكانی سەر رووی زەوی ژینگەدۆستن تەنها مرۆڤ نەبێت،  مرۆڤی ئەم سەردەمەی دنیای  پێشكەوتوو زۆربەی چالاكییەكانی لەسەر ئەژماری زیانگەیاندنە بە ژینگە، ئەمە بێ گوێدانە مەترسییەكان و ئاوڕدانەوەیەك لە نەوەی ئایندە، بێگومان خودی مرۆڤ خۆشی باجی ئەم ملهوڕییەی خۆی دەدات.
یەكێك لەو مەترسیانەی ئەمرۆ لەسەر كوردستان کە كاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر تێكچوونی هاوسەنگی ژینگە، بریتی یە لە راوی نایاسایی، كە خۆی دەبینێتەوە لە ( راوەماسی و راوی ئاژەڵی كێوی و كوشتنی مار و ئاژەڵە مەترسیدارەكانی وەك ورچ و پڵنگ و بەراز و ......هتد) بێگومان ئەمانە  لەناو پێكهاتەكانی ژینگەدا هاوسەنگی دەپارێزن، لەناوچوونی ئەمانە بەهەر بیانوویەك بێت هیچ پاساوێك بەدەستەوە نادات، بۆیە پێویستە هەموو هەوڵەكان لەم روانگەیەوە چڕتر بكرێنەوە بۆ پاراستنی ژینگەی ناوچەكە، هەروەها هەموو دامودەزگانی پەیوەست بەم  پرسە پێویستە هەموو رێكارە یاساییەكان بگرنە بەر بۆ سەرپێچی كاران و زیانگەیانەر بەژینگە ، وەك زانراوە هەمیشە بە یاسا ئاستی هۆشیاری تاك پەیوەست دەبێت. لەگەڵ بوونی ئەمەشدا پێویستە راو بەیاسایی بكرێت بۆ ئەوەی سنوورێك دابنرێت بۆ ئەو زیادەرەویانەی كە مرۆڤ دەیخاتە سەر ژینگە و پێكهێنەرەكانی، هەروەها پێویستە حكومەت و رێكخراوە ژینگەییەكان و بەرێوەبەرایەتیەكانی تایبەت بەم پرسە لە رێگەی هەڵمەتەكانی هۆشیاری و پەروەردەییەوە زیان و مەترسییەكانی پیس بوونی ژینگە بۆ هەموو هاووڵاتییەك رون بكەنەوە بێ جیاوازی تەمەن.
بۆ فەراهەمبوونی كۆمەڵگەیەكی ساخڵەم پێویستی بەرەخساندنی هەلومەرجی ژینگەیەكی لەبارە، هەر دەستدرێژییەك بۆ سەر هەر یەك لە پێكهێنەرو رەگەزەكانی ژینگە مەترسی لە سەر ناوچەكە و خۆیی و نەوەی ئایندە بەجێ دەهێڵێت.

وتارەکانی نوسەر