جیاوازیی کەسەکان لە خوێندن و فێربووندا

09:48 - 2024-02-13
سمکۆ چنارەیی
96 خوێندراوەتەوە

سمکۆ چنارەیی


  مرۆڤ بەگشتی حەزو خووی جیاواز و تەنانەت ئەداو ئاستی ژیریشی جیاوازە، سەبارەت بە منداڵیش پێویستە درک بەو راستییە بکەین کە لە خوێندن و فێربووندا توانای دەروونیی جیاجیایان هەیە، بۆ نموونە منداڵ هەیە بەبێ هیچ گرفتێک  پیت و رستەکان دەردەبڕێت و تەنانەت لەکاتی لەبەرکردنی شیعر و بابەتی دیکەی ئەدەبیشدا بە ئاسانی و رەوانی دەیخوێنێتەوە و ئەزبەری دەکات، بەڵام رەنگە لەڕووی هونەریی یان وەرزشییەوە بە ئاستەنگێکی زۆرەوە فێری نیگارکێشان، یاخود بێژانی سروودێک یان گۆرانییەک ببێت، یاخود رەنگە نەتوانێت بەئاسانی بەشداریی چالاکییە وەرزشییەکان بکات و ئەنجامی باش بەدەست بهێنێت. 
یان رەنگە لە زۆربەی یارییەکاندا خاوەن توانا و لێهاتووییەکی دیار و بەرچاو بێت، بەڵام لە بابەتی بیرکاری و زانستەکاندا بەگشتی لاوازبێت و  بە زەحمەت فێری یاساکانی زانستی بیرکاری و فیزیا و کیمیا ببێت و شیکردنەوەکانیان بۆ بکات.
جگە لەو دوو نموونەیە، چەندین جۆری تر لە جیاوازیی ئاستی فێربوون و تێگەیشتنی فێرخواز بەدیدەکرێت، لەبەرئەوە ئەرکی مامۆستاکانە لە توانای خوێندکارەکانیان تێبگەن و بەوردی پلان بۆ ئەو ئاستە جیاوازانە دابنێن کە خوێندکار حەزی لێیەتی و تیایدا سەرکەوتوو دەبێت.
 لە کوردەواریشدا وتراوە «بەزۆر بینێریت بۆ مازووان، بە داردا ناڕوانێت». کەواتە با لە ماڵ و خوێندنگەش بەپێی توانا و حەزی منداڵ لەو بوارەی کە تێیدا سەرکەوتوو دەبێت ئاراستەی بکەین و هاندەری بین، ئەوەش بۆ دواڕۆژی منداڵەکانمان ئەنجامی ئەرێنی دەبێت و تاکێکی خزمەتگوزار و شارەزا و بەتوانای لێ دروست دەبێت.

وتارەکانی نوسەر