شەوی بەرات لە سلێمانی

09:40 - 2024-02-25
پرژە زاهیر جەلال
640 خوێندراوەتەوە

پرژە زاهیر جەلال

بەپێی لێكدانەوەكان، هەندێك رایان وایە كە وشەی (بەرات) لە وشەی (برا‌ءة)ی عەرەبییەوە هاتووە، كە لە زمانی شیرینی كوردیدا بە واتای (پاكی) دێت، كە مەبەست لێی دەگەڕێتەوە بۆ هۆكارێكی ئایینی ئیسلام.
لەم باسەدا ناچمە نێو بابەت و هۆكاره ئاینییەكانی شەوی بەراتەوە، چونكە قسەی زۆری لەسەر دەکرێت و قسەش  زۆر هەڵدەگرێت، بەڵکو مەبەستمە مێژووی ئەم شەوە و نەریتی بەرات لە شاری سلێمانی و یادەوەرییە شیرینەكانی باس بكەم.
شەوی بەرات دەكەوێتە 15یەمین رۆژی مانگی شەعبانی ساڵنامەی كۆچییەوە، واتە 15 رۆژ پێش هاتنی مانگی رەمەزان. مێژووی بەرز راگرتنی شەوی بەرات لەناو كورددا وەک هەندێک سەرچاوە ئاماژەی پێ دەدەن بۆ 700 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
 بەرات لە هەریەكە لە وڵاتانی (ئێران و عیراق و میسر و بەحرەین) یاددەكرێتەوە. لە كوردستانیش وەك وڵاتێكی مسوڵمان یادی بەرات دەكرێتەوە، باوك و باپیرانی ئێمە ئەم بەخششەی یەزدانیان قۆستۆتەوە و لە ئێوارەكەیدا بە چێژترین خواردنی تایبەتی كوردەواری لەلایەن نەنك یان دایكمانەوە ئامادەكراوە و ئەندامانی خێزانیان كۆكردۆتەوە بە خزم و ناسیاوەوە، شیرینی دابەشدەكرا و هەر ماڵێك كۆمەڵێك مۆم و بغوردی دەخستە سەر سینییەك و لە باخچەی ماڵەكەیاندا وەك ئاماژەی پاكی و شیرینی ئەو شەوە دایاندەنا.
 منداڵانیش بە تورەكەیەك یان زەرفێكەوە بە ماڵاندا گەڕاون، بەدەم گاڵتەوگەپ و گۆرانییەوە شیرینیان وەرگرتووە، تا بەرات ئەم شێوازەی ئێستای وەرگرتووە.
بە ئێستاشەوە ئەو شەوە تەواوی شار پڕ دەنگی منداڵ و بۆنی بغورد و رووناكییە، جاران هەندێك ماڵ كە باری داراییان لە ئاستێکی باشدابوو، لەو شەوەدا لەجیاتی نوقڵ و شیرینی، پارەیان دەبەخشییەوە بەسەر منداڵاندا، هەر لەبەر ئەوەش منداڵان زوو یەكترییان ئاگادار دەكردەوە كە ئەو ماڵە لەكام بەشی گەڕەكە و بە نۆرە دەچوون تا بەرات وەربگرن کە دڵخۆشییەکەیان بێ ئەندازە بوو،  لەگەڵ چوونی منداڵەكان بۆ هەر ماڵێك، توورەكەكەیان دەكردەوە و دەیانگوت بەراتیکە.
ئیتر بەپێی سەردەمەكان جۆری شیرینییەكانیش دەگۆڕێت:
-لە سەردەمی باپیرانماندا بەرات بە خورما و نوقڵی مینۆ و فلس و بسكیت و هەندێك شیرینی ئەوكاتە كراوە.
-لە سەردەمی ئاڵتوونیدا، بەرات بە نوقڵی رەنگاوڕەنگی بێ بەرگ و خورما و پارە و چكلێت و بوكەڵە و زۆر شیرینی تر دەكرا.
- لەم ساڵانەی دواییشدا هەمان جۆرە باوەكانی شیرینی بەكاردێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەم شەوە شیرینەی بەرات لای خێزانەكان و منداڵەكان بە شێوەیەكی بەرچاو كاڵبۆتەوە كە من بۆخۆم هۆكارەكەی دەگەڕێنمەوە بۆ هاتنی تەكنۆلۆژیا.
یەكێك لە یادەوەرییە جوانەكانی ئەم شەوە شیرینە، دەنگی هونەرمەندی گەورە عوسمان عەلی-ی نەمرە، كە شیعری شاعیری گەورەی كورد مەدهۆش-ی كردبوو بەو گۆرانییە هەمیشە زیندووە، كە هەمیشە لەگەڵ هاتنی ئەم شەوەدا لە گوێماندا دەزرینگێتەوە، تا ئەم ساڵانە و بگرە ئێستاش گەورە و بچووك بە ئاوازە خۆشەكەیەوە دەیڵێنەوە:

ئەمشەو شەوی بەراتە
شەوی خۆشی و خەڵاتە
وا مناڵان ئەگەڕێن
دەست بە دەرگاوە ئەنێن

ماوەتەوە بڵیین شەوی بەرات لە باشووری كوردستان و بەتایبەتیش زیاتر لە شاری سلێمانی گرنگیی پێدەدرێت و بۆتە بۆنەیەكی دیاری شارەكە.

وتارەکانی نوسەر