شۆفێری بە نیەتی دڵ

10:07 - 2024-03-05
پرژە زاهیر جەلال
769 خوێندراوەتەوە

پرژە زاهیر جەلال

تێبینی بكەین، رۆژانە رووبەڕووی كۆمەڵێك شۆفێری یاساشكێن و سەرپێچیكار دەبینەوە. 
بەداخەوە هەندێک شۆفێر لە كاتی لێخوڕیندا تەواوی هۆشیان لای قسەكردنە بە مۆبایل و نامە ناردن، یاخود خەریكی شت خواردنن، بۆیە ناشتوانن ئاگاداری جووڵەی شەقام بن، لەبەرئەوە دوور نییە پیادە بشێلن، یاخود خۆیان بكەن بە نێو شوێنێكی گشتیدا، بەڵام دواتر کە کارەساتێک دەقەومێنن، دەڵێن نەماندەویست ئەوە رووبدات.!
هەندێک شۆفێریش هەن بەبێ هەڵكردنی ئیشارەتی لادان كە پێویستە 70 - 75 مەتر پێش پێچكردنەوە دایبگیرسێنێت، بە خێراییەكی نائاسایی و لە ناكاو پێچ دەكەنەوە، بەبێ گوێدانە ئۆتۆمبێلی پشتەوە و دیسان کاک یان خانمی شۆفێری سەرپێچیكار دەڵێت: من بەنیازبووم ئاوا پێچ بكەمەوە ئەو لەدواوە خۆی پێداکێشام! بەڵام ئاخۆ شۆفێری بەسەزمانی دواوە چۆن بزانێت نیەتی دڵی تۆ بۆ كام لایە؟!
زۆرێک لە شۆفێرانیش هەن، بڕوایان به پشتێنی سەلامەتی نییە، بەتایبەتی بەشێک لە شۆفێری تەکسییەکان زۆرجار لەكاتی راوەستانیان لە ناكاو بۆ سەرنشین، رووداوێكی دەقەومێنن بەبێ هەڵکردنی ئاماژەی لادان، بەڵکو هەر بە نیەتی دڵ لەناكاو خاوی دەكەنەوە و کارەساتێک بۆ ئۆتۆمبێلی پاشەوەی خۆیان دەخولقێنن و رەنگە خۆشیان لە ئەنجامی خۆ نەبەستنەوە ئازاریی جەستەییان پێ بگات.
زۆر جاریش بەشێك لە شۆفێران، كاتێك دێنە سەر شەقامە گشتییەكان، تووشی جۆرێک لە شڵەژان دەبن، لەو شڵەژانەشدا پێچەوانەوە ئیشارەتی پێچکردنەوە هەڵدەكەن و لەولاوە پشتێنی سەلامەتی خەریكە هەناسەیان لێ دەبڕێت، ریکۆردەرەکەی گرمەی دێت، بەو هۆیەشەوە نە ئاوێنەکان بەباشی دەبینن و نە گوێشیان لە هۆڕنی ئۆتۆمبێلەکانی دەوروبەریانە، بەوەش دیسانەوە رووداوی هاتوچۆ دەقەومێت و پاساو و نییەتەکانیش هیچ لە زیانە گیانی و مادییەکان کەم ناکەنەوە.
هەرچی شۆفێرانی رێگەكانی دەرەوەی شار و ناوچە شاخاویەكانیشە، زۆرجار بە خێراییەكی زۆر لێدەخوڕن، بێ گوێدانە پەڕینەوەی ئاژەڵی گوندەکان و ئاژەڵە كێوییەكان و زۆرجار لە ناوەندی رێگە دەرەکییەکاندا دەیانشێلن و بەجێیان دەهێڵن.
لەم وەرزەدا گرفتەکە ئەوەیە ئیدی ماوەیەكی تر سەیران و گەشت دەست پێدەكاتەوە و دیمەنی منداڵان لە پشتی پیكاب و دووتەنیدا زۆر دەبینین، كە چەندین جار لەكاتی رووداودا منداڵەكان وەك چۆلەكە بە ئاسماندا فڕیون، کاکی شۆفێری وەک کەلوپەلی ناو ماڵ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.
بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردە و رووداوانەش پێویستە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لەدوای بەخشینی مۆڵەتیشەوە بە شۆفێران، هەر چەند ساڵ جارێك خولی یاسایی و دووبارە وەبیر هێنانەوەی ئاماژە و هێماكانی هاتوچۆ وەربگرن، وەك چۆن تەمەنی یاسایی هەیە بۆ مۆڵەت وەرگرتن، جێی خۆیەتی تەمەنی یاساییش هەبێت بۆ وەرگرتنەوەی مۆڵەت لە شۆفێران.

وتارەکانی نوسەر