زووم

ماری کۆڤلین

10:52 - 2024-02-25
رۆزا دڵشاد مەریوانی
164 خوێندراوەتەوە

هەندێ فیلم تەنیا جارێک تەماشای دەکەیت، بەڵام بە درێژایی تەمەن لەبیرت ناچێتەوە و شتێک لەناخدا جێدەهێڵێت، بەتایبەت ئەگەر بابەتی فیلمەکە بەجۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندی بە ژیانتەوە هەبێت، بۆ من یەکێک لەو فیلمانەی زۆر کاری لێکردووم و جۆرە هەستێکی تایبەتی تێدا جێهێشتووم فیلمی « A Private War- جەنگی تایبەتی» یە ئەم فیلمە ساڵی 2018 نماییشکراوە لە پاڵەوانێتی ئەستێرەی دیار رۆسامۆند پایکە، باس لە چیرۆکی ژیانی یەکێک لە بەناوبانگترین پەیامنێر و رۆژنامەنووسەکانی جەنگ دەکات ئەویش ماری کۆڤلین- ە، ئەو ژنە رۆژنامەنووسەی زۆر چاونەترس بووە و بەردەوام لە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگدا بووە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکانی جەنگ و پێدانی دەنگ بەوانەی دەنگیان نییە.
فیلمەکە بەشێوەیەک دەستپێدەکات بەردەوام کاتێکی دیاریکراو پیشان دەدات و دەنووسرێت پێش رووداوەکانی حومس لە سوریا، واتا دوا وێستگەی ئەو رۆژنامەنووسە حومسە، بەدرێژایی فیلمەکە ئازایەتی ئەو ژنەمان پیشان دەدات کە بەهۆی کارەکەیەوە لە هێڵی پێشەوەی یەکێک لە جەنگەکاندا چاوێکی لەدەست دەدات، بەڵام ئەوە وایلێناکات واز لە کارەکەی بێنێت، بەڵکو وەک چەتەکانی دەریا پارچەیەک دەکات بە چاویەوە و بەو جۆرە بەردەوام دەبێت.
راستە فیلمەکە پیشانی دەدات ئەو ژنە چەندە لەڕووی جەستەیی و دەروونی و خێزانییەوە ماندووە، بەڵام کارەکەی وەک عاشقێکی خۆپەرست وایە و ناتوانێت وازیلێبێنێت، چیرۆکی ئەم فیلمە چیرۆکی ناشیرینییەکانی جەنگە کە دەکرێت چ کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر ژیانی نەتەوەکان هەبێت، هەروەها چیرۆکی ژنێکی ئازایە لەگەڵ ئەوەی کاری میدیایی دەکرێت چ رۆڵێکی کاریگەری هەبێت لە گێڕانەوەی راستییەکان و گەیاندنی دەنگی قوربانییان، لە کۆتاییدا کاتێک ماری لە ساڵی 2012 دا دەگاتە حومس لەبەردەم دنیادا پیشانی دەدات حکومەتی سوریا بۆردومانی خەڵکی سڤیل دەکات، دواجار ئامادە نییە لەوێ ئەو خەڵکە جێبێڵێت و خۆی رزگار بکات، لە دوا ساتەکانی ژیانیدا دەنگی ئەوان دەگوێزێتەوە تا ئەو کاتەی دەبێت بە یەکێک لە قوربانیانی جەنگ و گیان لە دەست دەدات.
هەرچەندە چەند ساڵێک دەبێت ئەم فیلمەم تەماشاکردووە، بەڵام  کاتێک وەک نووسەر و رۆژنامەنووس تەماشای فیلمێکی لەوجۆرە دەکەیت کاریگەرییەکی زۆر لە ناختدا جێدەهێڵێت، لە هەمانکاتیشدا سوپاسگوزارم لەوەی توانیوومە فیلمێکی لەو جۆرە ببینم، چونکە جگەلەوەی ئەو جۆرە فیلمانە چێژبەخشن هاوکات زۆر بابەتی گرنگی لێوە فێردەبیت، وەک هەمیشەش وتوومە تەماشاکردنی فیلمێکی بەهێز تەنیا بۆ کات بەسەربردن نییە، بەڵکو دەکرێت زۆر لەوە زیاتر سوودی هەبێت، دەتوانم بڵێم بە ئاستی خوێندنەوەی کتێبێک سوودم لێبینیووە، هەروەها وەک ژنێک شانازی دەکەم بەوەی توانیوومە چیرۆکی ژنە رۆژنامەنووسێکی ئازا بزانم و دواجار زیاتر لەبارەیەوە بدوێم.

وتارەکانی نوسەر