کامێراکانی هاتوچۆ چاویان لە شۆفێران نییە

11:35 - 2024-04-25
رۆزا دڵشاد مەریوانی
98 خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی


لەگەڵ کەوتنەکاری کامێراکانی چاودێریی تیژڕەویی وەک شۆفێرێک دڵخۆش بووم بەوەی چیتر هیچ شۆفێرێکی دیکە بە فوول کوێرت ناکات بۆئەوەی پێشت بکەوێت و لەسەر سەد بڕوات، کاتێک ئێستا بەسەر شەقامەکاندا ئۆتۆمبێل لێدەخوڕیت بەتایبەتی جادەی شەستی،  هەموو وەک وڵاتانی دەرەوە بە رێکوپێکی پابەندن بە خێراییەوە، بەڵام لێرەدا دوو خاڵ هەیە کە ئەم پڕۆسەیەی تێکداوە یەکێک لەوانە ئۆتۆمبێلە ژمارە علوجەکانن کە هەندێکجار تووشی شۆک دەبیت و دەترسیت کاتێک ئەوان بێ منەتانە وەک فیشەک بەلاتدا دەڕۆن، ناچار کاری تۆ هەر نزاکردنە بۆئەوەی خۆتت لێنەدەن کە جگە لە ئەگەری زیانی جەستەیی ئەوان لەڕووی مادیشەوە لەچاو تۆدا زەرەرێکی ئەو تۆ ناکەن و بەداخەوە ژمارەی ئۆتۆمبێلە علوجەکان زۆرە و خۆزگە چارەسەرێک بۆ نەهێشتنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دەدۆزرایەوە.

 

درەختەکان بەردەم کامێراکانی چاودێریی و هێماکانی هاتوچۆیان گرتووە و کێشەیان دروستکردووە


خاڵی دووەمیان ئێستا لە وەرزی بەهارداین و خۆشبەختانە دارودرەخت سەوز بووە، بەڵام درەختەکان بەردەم بەسێک لە کامێراکانی چاودێریی و هێماکانی هاتوچۆیان گرتووە و بەشێکیان کێشەیان بەتایبەتی بۆ کامێراکان دروست کردووە، چونکە لەپشت گەڵای سەوزی درەختەکانەوە شاردراونەتەوە نە شۆفێر دەیانبینێت نە ئەوانیش دەتوانن بە باشی تۆماری ژمارەی ئۆتۆمبێلە تیژڕەوەکان بکەن، بگرە لە هەندێک جێدا شۆفێران دەزانن کامێراکە ناتوانێت وێنەیان بگرێت گوێ بە تیژڕەویی دیاریکراو نادەن و وەک جاران ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار چارەسەرێک بۆ ئەو حاڵەتە بدۆزێتەوە، بەو هیوایەی لە چەند ساڵی داهاتوودا بەهۆی ئەو رێوشوێنانەوە شۆفێرانی ئێمەش وەک وڵاتانی دنیا فێری یاساکانی پابەندبوون بە تیژڕەویی دیاریکراو لە هەموو شەقامەکاندا ببن. 

وتارەکانی نوسەر