زووم

ماراسۆنی دراماکانی رەمەزان

11:29 - 2024-04-07
رۆزا دڵشاد مەریوانی
123 خوێندراوەتەوە

هەموو ساڵێک وەبەرهێنەرانی دنیای تەلەفزیۆن بەتایبەتی لەو وڵاتانەی دروستکەری کارە گرنگەکانی نێو شاشەی بچووکن وەک میسر و سوریا لە هەوڵی ئەوەدا دەبن دراماکانیان فریای مانگی رەمەزانە بکەوێت، بۆ نمایشکردنی لەو کاتەدا بەوپێیەی لەو ماوەیەدا زۆرترین بینەر تامەزرۆی تەماشاکردنی دراماکانن.

چەندە دراماکە بەهێز بێت، بەڵام ئەرکی سەرەکی سەرکەوتنی هەر درامایەک دەکەوێتە ئەستۆی ئەو ئەکتەرانەی رۆڵی تێدا دەگێڕێن 

بۆ ئەمساڵیش دوو دراما جێی سەرنجی بینەران  بوو ئەویش درامای «الحشاشین» ی میسری و درامای «تاج» ی سوری، درامای یەکەمیان مێژوویەک دەگێڕیتەوە لە سەدەی یازدەهەمەوە دەستپێدەکات ئەویش کەسایەتی حەسەن ئەلسەباح-ە لەگەڵ گروپە توندڕەوەکەی وەک یەکەم گروپی توندڕەوی ئیسلامی لە مێژوودا، بێگومان ئەم کارە لەگەڵ کارە مێژووییە گرنگەکانی ساڵانی رابردوودا وەک زیر سالم و رەبیع قورتوبە..هتد جیاوازییەکەی لەوەدایە توانایەکی زەبەلاحی تێدا بەکارهاتووە و لە چەندین وڵاتی جیاواز وێنەی گیراوە، هەروەها یەکەمجارە ئەو جۆرە تەکنیکە بەرزە لە دەرهێنانی دیمەنی شەڕەکاندا بەکاربێت و لە دنیای عەرەبیدا پێشتر کاری لەوجۆرە نەکراوە، بەڵام ئەو رەخنانەی رووبەڕووی دراماکە دەبنەوە ئەوەیە ئەکتەرەکان لەبری ئەوەی بە زمانی عەرەبی فوسحە قسەبکەن بە شێوەزاری میسری دەدوێن لەکاتێکدا دراماکە مێژووییە و واجوانتر دەبوو بە فوسحە قسەیان بکردایە، بە رای من زیادکردنێکی جوان دەبوو بۆ کارەکتەری حەسەن ئەلسەباح کە ئەستێرەی دیاری میسر کەریم عەبدولعەزیز بە شێوەیەکی ناوازە رۆڵی دەگێڕێت.
هاوکات درامای سوری «تاج» کە خۆم بەوردی تائێستا تەماشای دەکەم باس لە ساڵانی چلەکانی سەدەی رابردوو دەکات ئەوکاتەی سوریا لەژێر ئینتیدابی فەڕەنسیدا بووە راستە دراماکە خەیاڵییە، بەڵام زۆرێک لە هێڵە سەرەکییەکانی لەسەر رووداوە مێژووییەکان بنیادنراوە، جگە لە بەرجەستەکردنی هەندێ کەسایەتی ئەو کاتەو بەکارهێنانیان لە دراماکەدا، ئەو رەخنەیەی لە دراماکە دەگیرێت ئەوەیە ریتمی خاوە و ئەوەی پێی دەوترێت جۆش و خرۆش تێیدا نییە، لە زۆر ئەڵقەدا بەتایبەتی ئەوانەی سەرەتا بینەر وەڕس دەبێت، بەڵام بێگومان نواندنە جوانەکەی ئەستێرانی سوری تەیم حەسەن و بەسام کوسا واتلێدەکەن وازنەهێنیت و بەردەوام بیت لە تەماشاکردنی، ئەوەش ئەوە دەردەخات چەندە دراماکە بەهێز بێت و دەرهێنانی جوان بێت، بەڵام ئەرکی سەرەکی و قورسایی سەرکەوتنی هەر درامایەک بەشێکی زۆری دەکەوێتە ئەستۆی ئەو ئەکتەرانەی رۆڵی تێدا دەگێڕێن و زۆر کاری درامیی زۆرجار کلیلی سەرکەوتنەکەی ئەو ئەستێرەیەیە کە رۆڵی تێدا دەگێڕێت، دواجار زۆر زنجیرە دراما هەیە وەبەرهێنەرانی تەنیا بۆئەوەی فریای ماراسۆنی دراماکانی رەمەزان بکەون کارێکی کرچوکاڵ پێشکەش دەکەن.

وتارەکانی نوسەر