میر قەڵای هەبووە، نەک كوێخا

09:31 - 2024-02-27
دڵشاد تاڵەبانی
98 خوێندراوەتەوە

دروستكردنی قەڵا هەر لە كۆنەوە بۆ خۆپاراستن، خۆسەپاندن و چەسپاندنی  كەسایەتی یان لایەنێك بووە. 
ئەو قەڵایانە هێزێكی چەكداری تێدا جێگیر كراوە، بۆ سەپاندنی فەرمانەكانی خاوەن قەڵا بە سەر خەڵكی ناوچەكەدا و ملكەچكردنیان و ترساندنی ئەوانی تر و پاراستنی خۆیان لە دوژمن. 
هەر لە سەرەتاوە لە جیهاندا، دەسەڵات بە دروستكردنی قەڵا دەستی پێكردووە و شار لە دەوری دروستكراوە و قەڵاش هێما و نیشانەی دەسەڵات و پێگەی ئەو كەسە یان لایەنە بووە. 
لە كوردستانیش لە زۆر شوێن دروستكراوە و ئاسەواری زۆریان ماون. 
هەموو دەسەڵات و شانشین و دەوڵەتانیش قەڵایان بۆ هێزی سەربازی و هێزە چەكدارەكانی تر دروستكردوە. 
لە كۆنیشەوە میرنشینە كوردە دەسەڵاتدارەكان قەڵایان دروستكردووە، وەك قەڵای ماردین، غازی عەنتاب، دیاربەكر، پاشای گەورە لە رەواندوز، مەریوان، دمدم، هەولێر، كەركوك، جەهریقی سمكۆ، قەڵاچوالان، شیروانە، لەگەڵ دەیان قەڵای تر.
نەمبیستووە ئاغا و سەرۆك عەشیرەت و تیرەكان قەڵایان دروستكردبێت، لەبەر ئەوەی زۆربەیان تا سەدەی بیستەمیش رەوەند و كۆچەر بوون، تەنانەت ئەوەشی نیشتەجێبووە، تەنها دیوەخانێكی هەبووە، لەگەڵ یەك دوو ژووری بچووكی خزمەتگوزار و كەلوپەل، بە  قوڕ و گەچیش دروستكراوە نەك بە شێوەی قەڵا. 
ماڵی سەرۆك هۆزەکانیش رەنگە حەوشەی گەورەی بووبێت، بەڵام سادە بووە لە گوند بووبێت یان لە شار. 
بیرمە، هەر لە ماڵی خۆمان، ماڵی باپیر و خزمەكانم لە شارەكانیش، ماڵی بەگزادەكانی كەلار و هەڵەبجە، ئاغاكانی دزەیی، سەرۆك هۆزە عەرەبەكانیش، ماڵی كوێخا و سەرۆک تیرەكانیش هەر وەك خەڵكی تر بووە، كەسیان قەڵایان نەبووە.
لە ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردووشەوە، لە كوردستان حکومەتەکانی عیراق، پۆلیسخانەیان لە شێوەی قەڵایەكی بچووك دروستكردوە، وەک حەوشكوری، قەڵای سوسێ و دەیانی تر.
لە دوای راپەڕینەوە، هەندێک بەرپرسی سەربازیی و خاوەن دەسەڵات، لە رێی بەدەستهێنانی سەروەت و سامان، یان دەستبەسەردا گرتنی زەویی گشتی، بۆ سەلماندنی خۆیان و سەپاندنی دەسەڵات و دروستكردنی ناوچەی نفوز و پێشبڕكێی ئەوانی تر، جۆرێكی تر لە ئاغایەتی و كوێخایەتیان هێنایە كایەوە.
دەستیانكرد بە دروستكردنی كۆشك و تەلار و قەڵا لە ناوشار و دەرەوەش، وەك سەرەتایەك بۆ دروستكردنی دەسەڵاتی ناوچەیی و زۆریان خۆیان لە سەرووی خەڵك و یاساوە دەبینن، زۆربەشیان بنەچەی ئاغا و سەرۆك هۆز و میری رەسەنیان نییە و بەوانە دەیانەوێت رۆڵی ئەوان ببین، ئەوەش حاڵەتی تاكی نییە و بەگشتی دیاردەیەكی مەترسیدارە و تەشەنەی كردووە و و زۆر كەسی تێوە گلاوە. 
بێدەنگیی دەسەڵات لەمە و نەگرتنەبەری رێکاریی یاسایی، لە زیادبووندا بووە، بۆیە پێویستە بە یاسا ئەو دیاردانە یەکلایی بکرێتەوە. 
هەرکەس زەویی خۆی بێت و تاپۆی هەبێت، چی تێدا دەكات با بیكات، بەڵام نەك قەڵا بۆ سەپاندنی خۆی و ترساندنی خەڵك، دەبێ بزانرێت بە چ پارەیەك كردویەتی و چۆن دەستیكەوتووە. 
با دیاردەی گوندەیی، قۆرغكردن و سەپاندن بەگشتی بنەبڕ بكرێت خەڵكیش ئەمەی دەوێت. 

وتارەکانی نوسەر