راستكردنەوەیەك بۆ وتاری: چۆن 14 ی 4 كرا بە رۆژی ئەنفال؟

09:52 - 2024-04-17
دڵشاد تاڵەبانی
84 خوێندراوەتەوە

لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ-دا ژمارە 9147ی رۆژی یەكشەممە 14|4|2024 وتارێك لە لایەن نووسەر تەیب جەبار نووسراوە، گوایە پێش دامەزراندنی(كۆمەڵەی رووناكبیری و كۆمەڵایەتی كەركوك لە 1996) هیچ كاتێك دیارینەكراوە بۆ یادكردنەوەی ئەنفال و هیچ مەراسیمێكی رەسمی سازنەكراوە، حكومی بێت یان حزبی. 
دەمەوێت ئەوە روون بکەمەوە بۆ خستنەڕووی  راستی مێژوویی و پاراستنی مافی لایەن  و كەسایەتییەكانیش كە زۆر جار دەبینم هەمان هەڵە دووپات دەكرێتەوە، مێژوو دەبێت بە وردی و لەسەر بنەمای دروست بنووسرێتەوە. 
گەرچی كۆمەڵەی رووناكبیری و كۆمەڵایەتی كەركوك رۆڵی گەورەی بینیوە لە هەموو بوارەكاندا، بەڵام لە راستیدا یەكەم مەراسیمی مەزنی یادكردنەوەی ئەنفال بە رەسمی لە رۆژی 14ی 4ی 1994 دا سازكراوە، پێشتریش چەند نووسەرێك لەوانە نەجم فەقێ عەبدوڵڵا لە تونی مەرگ ئاماژەی بۆ كردووە، هەروەها رەحمان خانیش لە 1992 لە كوردستانی نوێ لە نووسینێكیدا، وەك پێم گەیشتووە. 
بە دەستپێشخەری ی. ن. ك و بە كار و چالاكی بەشی راگەیاندنی مەڵبەندی دووی كەركوكی ئەو كات كە بارەگای لە دەربەندیخان بوو بە هاوكاری لقی كەركوكی حزبی شیوعی كوردستان مەراسیمی ئەو یادە سازكرا. 
لە مانگی 1ی 1994 كۆمیتەیەكمان دامەزراند بۆ سازكردنی مەراسیمی یادكردنەوەی ئەنفال لە رزگاری ( سمود) و كەلار. 
كۆمەڵێك چالاكی ترمان لە سلێمانی، چەمچەماڵ، باوەنور و گۆپتەپە کرد، بە هاوكاری دەیان نووسەر و هونەرمەند. 
رۆژی 14ی 4 مان دیاریکرد وەك یەكەم رۆژی یادەكە كە لەو رۆژەدا زۆرترین قوربانی ئەنفال لە ملە سوورە كۆكرابوونەوە. 
دروشمیشمان كردنی 14ی 4 بە رۆژی ئەنفال و بە جینۆدساید ناساندنی ئەو تاوانە بوو. 

 

رۆژی 14ی 4 مان دیاریکرد وەك یەكەم رۆژی یادەكە كە لەو رۆژەدا زۆرترین قوربانی ئەنفال لە ملە سوورە كۆكرابوونەوە

 

لە 14ی 4ی 1994 مەراسیمەكە بە نمایشی پڕۆسەی ئەنفال لە رێگای ملە سورەوە دەستی پێكرد، وەك چۆن روویدابوو وەك خۆی بە عەرەبانە و سەرباز و ئۆتۆمبیلە سەربازییەكان و تەلبەندەوە پیشاندرا، لەگەڵ كۆمەڵێك شانۆ و نمایشی تر.
لایەنەكانیش وتاریان هەبوو( پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆمیتە و چەلاكییەكان بەشدار نەبوو، بەڵام وتاری هەبوو)، چەندین كۆڕ و كۆبوونەوە لە هۆڵەكانی كەلار لە ماوەی 3 رۆژدا بەردەوام بوو، دەیان نووسەر و رۆشنبیر و شاعیری وەك شێركۆ بێكەس، د. حەمەی حەمە ساڵەح بەشدارییان كرد.
رێپێوانی ژنانی ئەنفالمان رێكخست بۆ بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە سلێمانی و پێدانی یاداشت بەوان، لەگەڵ رێپێوانی 182 منداڵ بە چراوە بۆ بەردەم بارەگاکەیان، بە هاوكاری خوالێخۆشبوو حوسەین مسیری، ئاری بابان و دەیان هونەرمەندی تر لە یەكێتی هونەرمەندانی كەركوك و سلێمانی و چەندین چالاكی تریش. 
بێگومان لە ئەرشیفی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان، كوردستانی نوێ و لایەنەكانی تریش ئەم چالاکییانە هەن. 
دەیان كەسی دیکەش رۆڵی هەبوو بۆ  سەركەوتنی، لەوانەی بیرم مابێت د.عەدالەت عەبدوڵڵا، سەبوور(هێمن چاوسەوز)، رەحمان خانی، ئیبراهیم باجەلان بەرپرسی ئەو كاتەی ئێزگەی گەرمیان، جەمیل پیروەیس، رزگار حاجی حەمید، سەلام عەلی، سەربەست ئەحمەد، ئەمین ساڵح و دەیان كەسی تر لە یەكێتییەکان. 
لە حزبی شیوعی-ش چەندین كەسی وەك تەها سلێمان و چەندین كەسایەتی تر). پاشان بە دەستپێشخەریی كۆمەڵێك لەو رۆشنبیرانە و بە خۆبەخشانە لە 2001 گۆڤاری (ئەنفال) مان دەركرد كە هەریەک لە د. عەدالەت عەبدوڵڵا، د. حەمەی حەمە ساڵح، عارف قوربانی، د.مەجید ساڵح، لەتیف فاتیح فەرەج، تەها سلێمان، شەهاب قەرەلوسی دەستەی نووسەران بوون، د.عومەر مارف گوڵ جێگری سەرنووسەر و بەندەش سەرنووسەر بووم). 
بە كوردی، عەرەبی و ئینگلیزیش چاپ دەكرا. لێرەش دروشم و داواكاریمان كردنی 14ی 4 بە رۆژی ئەنفال و بە جینۆساید ناساندنی بوو. 

وتارەکانی نوسەر