هه‌مووان مردنێك قه‌رزارین، مردن خاڵی كۆتایی هێنانه به كار و چالاكی و پرۆژه و پلانه‌كانی ژیان، كاتێك سات و وه‌ختی مردن دێت پرس به‌كه‌س ناكات، خۆت یان ئازیزه‌كانت له‌گه‌ڵ خۆی ده‌بات و زۆرجار چیرۆكی وه‌ها تراژیدی ده‌خولقێنێت، كه روویداوه دایك دوای جگه‌رگۆشه‌كه‌ی یان خوشك بۆ برا به‌رگه‌ی ئه‌و ئازاره سه‌خته‌ی نه‌گرتووه و به دوایدا ژیان به مردن ده‌سپێرێت.
ئه‌گه‌ر مردن هێنده زاڵم و دڵڕه‌قه كه‌واته چۆن له‌گه‌ڵ وشه‌ی میهره‌بان یه‌كده‌گرێته‌وه، مردنی میهره‌بان چییه و چ باسێكه؟!
مردنی جه‌سته نه‌ك سپاردنی رۆح
له‌سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌یه‌می زاینی‌دا زانا و فه‌یله‌سوف (فره‌نسیس بیكون) له بواری پزیشكیدا، یه‌كه‌مین كه‌س بوو وه‌ك ئاماژه‌دانێك بۆ مردنێكی ئاسان و بێ ئازار ئه‌م چه‌مكه‌ی به‌كارهێنا، هه‌رچه‌ند بیكون ئاماژه به مردنی ده‌ره‌كی ده‌كات، مه‌به‌ست له ده‌ره‌كی، واته جه‌سته نه‌ك سپاردنی رۆح، هه‌رچه‌ند له كۆتاییدا مردن هه‌ر مردنه و خاڵی كۆتایی ژیانه.
له راستیدا مردنی میهره‌بان له رێگه‌ی ده‌رزییه‌كه‌وه (ده‌رزی به‌زه‌یی) له‌سه‌ر داوای نه‌خۆش ئه‌نجامده‌درێت، به‌و مه‌رجه‌ی نه‌خۆشه‌كه توانای ژیریی بۆ بڕیاردان له كۆتاییهێنان به ژیانی خۆی له‌ده‌ستنه‌دابێت، هه‌روه‌ها ئه‌م پرۆسه‌یه ره‌زامه‌ندی پزیشكه‌كه و یه‌كێك له خێزانی نه‌خۆشی پێویسته.
بێهیوایی له چاكبوونه‌وه
مردنی میهره‌بان بۆ كۆتایی هێنانه به ژیانی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی، كه به‌ته‌واوی بێهیوابوون له چاكبوونه‌وه و ئازار ته‌نگی پێهه‌ڵچنیون و هیچ جۆره ده‌رمان و چاره‌سه‌رێك نه‌ماوه، كه بتوانرێت له‌پێناو چاكبوونه‌وه‌یاندا به‌كاربهێنرێت. به‌مجۆره دوای ره‌زامه‌ندی ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاماژه‌یان پێدرا، كۆتایی به ژیانیان ده‌هێنرێ، به‌و شێوه‌یه نه‌خۆش له‌و ئازاره بێكۆتایه‌ی غه‌رقی بووه رزگاری ده‌بێت و نابێته مایه‌ی به‌زه‌یی ده‌ورووبه‌ر.
به‌ڵام سه‌رباری هه‌موو ئه‌و ئێش و ئازاره‌ی نه‌خۆش به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێ و سه‌رباری ئه‌و مشتومڕه زۆره‌ی له‌باره‌ی مردنی میهره‌بانه‌وه ده‌كرێ، ته‌نیا چه‌ند وڵاتێك له‌جیهاندا له‌باره‌ی ئه‌مجۆره مردنه‌وه به یاسا ره‌زامه‌ندییان داوه، له پێشه‌نگی هه‌موویانه‌وه هۆڵه‌ندا، كه له ساڵی (2002)ه‌وه ره‌زامه‌ندی داوه، به‌لجیكاش یه‌كه‌مین وڵات بوو كه له رێگه‌ی مردنی میهره‌بانه‌وه كۆتایی به ژیانی نه‌وجه‌وانێك هێنا، له كۆڵۆمبیاش گفتوگۆكان به‌ره‌و ئه‌وه دەڕۆن، كه خه‌ڵك له ترسی پیری په‌نا بۆ ئه‌و جۆره مردنه به‌رن، هه‌روه‌ها سویسرا و لوكسمبۆرگ ، نیوزلاند ، ئیسپانیا و كه‌نه‌دا و له‌نێو ئه‌و وڵاتانه‌دان. بۆ تێروته‌سه‌لكردنی ئه‌م وتاره پێویسته را و بۆچوونی وڵاتانی‌تری جیهان بخه‌ینه‌ڕوو، كه جگه له ره‌تكردنه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی ئیسلامییه‌وه، ئه‌و مشت‌ومڕ و جه‌ده‌له گه‌رمه‌ی نێوان یار و نه‌یاری ئه‌م كه‌یسه له روانگه‌ی ده‌وڵه‌تانی عه‌لمانی له كۆی جیهاندا گرنگی زۆری هه‌یه، كه تا ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن زۆربه‌یانه‌وه ره‌تده‌كرێته‌وه، به‌جۆرێك له كۆی وڵاته‌كانی ئه‌مریكای لاتیندا ته‌نیا له كۆڵۆمبیادا ئه‌م یاسایه رێگه‌پێدراوه، له‌پیرۆ ژنێك (30)ساڵ به ئازاری نه‌خۆشییه‌وه ده‌ناڵێنێ، به هه‌وڵێكی زۆر توانی دادگای وڵاته‌كه‌ی رازی بكات، كه بڕیاری مردنێكی میهره‌بانی بۆ بده‌ن، چونكه ئه‌و بڕیاره له‌و وڵاته‌دا هێشتا یاساغه.
حكومه‌تی فه‌ره‌نساش نیگه‌رانه له‌وه‌ی، كه هاوڵاتییه‌كانیان بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی مردنی میهره‌بان روو له به‌لجیكا و سویسرا ده‌كه‌ن، چونكه پرۆژه یاسای مردنی میهره‌بان له(2018)ه‌وه له‌و وڵاته‌دا له مشتومڕێكی تونددایه تا ئه‌و ئاسته‌ی ماكرۆن داوایكردووه تا هاوینی (2023) كۆتایی پێبهێنن.
له ئه‌مریكاش باس له‌وه ده‌كرێت، كه ته‌نیا له هه‌ردوو ویلایه‌تی واشنتۆن و ئۆریگۆن به‌یاسا رێگه به‌مجۆره مردنه ده‌درێت و له راپرسییه‌كیشدا، كه له نێوان (10000) پزیشكی ئه‌مریكیدا ئه‌نجامدرا، ده‌ركه‌وت ته‌نها (16 %) پزیشكه‌كان ئاماده‌ن له‌سه‌ر داوای خێزانی نه‌خۆش كۆتایی به ژیانی نه‌خۆشه‌كه‌یان بهێنن و (55 %) ره‌تیان كردۆته‌وه، (29 %) ده‌ڵێن بڕیاره‌كانمان په‌یوه‌ندی به حاڵه‌ته‌كه‌وه ده‌بێت، به گوێره‌ی هه‌مان توێژینه‌وه (46 %)ی هاوڵاتییان داوایانكردووه رێگه بدرێ پزیشكه‌كان ئه‌م كاره بكه‌ن، به‌ڵام (41 %)یان به ته‌واوی ره‌تیده‌كه‌نه‌وه، كه رێگه به‌پزیشك بدرێ ئه‌م كاره بكات. (14 %)یان ده‌ڵێن: ده‌بێ له‌سه‌ر جۆری حاڵه‌ته‌كه بڕیار بدرێت .
وڵاتانی ئیسلامی به حه‌رامی ده‌زانن
سه‌باره‌ت به وڵاتانی ئیسلامی تا ئه‌مڕۆ هیچ وڵاتێكی ئیسلامی ته‌نانه‌ت رێگه به باسكردنی ئه‌م بابه‌ته ناده‌ن و پێیانوایه ئه‌م كرده‌یه خۆكوشتنه، یان كوشتنه نه‌ك مردن، هه‌روه‌ها ده‌بێت ئاماژه به‌و خاڵه گرنگه بده‌م، كه ئه‌مه یه‌كێكه له‌و بابه‌تانه ده‌گمه‌نانه‌ی، كه خۆرئاوایی و خۆرهه‌ڵاتی یان ده‌وڵه‌تانی ئیسلامی و عه‌لمانی تا راده‌یه‌كی زۆر له‌مه‌ر ئه‌م بابه‌ته هاوڕان و به‌شێكی زۆری وڵاتانی عه‌لمانی و كۆی ده‌وڵه‌تانی ئیسلامی مردنی میهره‌بان به هاوكاریكرن بۆ خۆكوشتن واته (انتحار) له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و له هه‌موو ئایینه ئاسمانییه‌كانیشدا خۆكوشتن حه‌رام كراوه، هه‌ربۆیه له ده‌وڵه‌تانی ئیسلامی ئه‌مجۆره مردنه به هه‌ره گه‌وره‌ترین تاوانه‌كان و هاوكاریكردن بۆ خۆكوشتن ناو ده‌به‌ن.
به‌رای منیش له‌ملا بێت، یان له‌ولا بڕیاردان له مردنی میهره‌بان بۆ ئازیزه‌كانت به به‌رچاوی خۆته‌وه بڕیارێكی مه‌حاڵه، ئه‌ی رای ئێوه چییه؟!
ئەوانەی بێ هیوا دەبن لە چاکبوونەوە پەنا بۆ مردنی میهرەبان دەبەن