له (8)ی مارسدا ژنان پۆل پۆل سه‌رقاڵی ئیڤێنته جیاوازه‌كانن و هه‌ریه‌ك به‌جۆرێ گوزارشت له بیروڕا ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌كان ده‌كه‌ن. بۆ ئه‌م ته‌وه‌ره مشت‌ومڕێك دێته ئاراوە و ده‌پرسین ئایا خه‌باتی ژنان له كوردستان ئامانجی پێكاوه، یان نه‌خێر زۆری ماوه، ئایا ژنان له‌خه‌باتیاندا بۆ گه‌یشتن به دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌كوێی هاوكێشه باڵاكه‌دان؟ ئه‌وانه‌ی ئاهه‌نگ ده‌گێڕن هه‌ر به‌ڕاستی خاڵی وه‌رچه‌رخانیان لێ دیاره یان گه‌شبینن و به گه‌شبینیه‌وه له ئاینده ده‌ڕوانن و ئاهه‌نگ و ئیڤێنت به‌و بۆنه‌یه‌وه سازده‌كه‌ن؟ ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌وانه‌ی هاوار ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ته‌نها رۆژێك بۆ ژنان به‌س نییه، كاتێ (8) مارس ته‌نها وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌كی گشتگیری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ژنان بێت، كه‌واته ته‌نها وه‌بیرهێنانه‌وه نرخی نییه.
له راستیدا له‌م دۆزه‌دا هه‌ردوو ئاراسته‌كه هه‌م ئاهه‌نگ و هه‌م ناڕه‌زایی شتێكی نۆرماڵه و هه‌موو بزووتنه‌وه‌كانی جیهان هه‌زاران هه‌وراز و نشێو ده‌بینن تا نزیكده‌بنه‌وه له ئامانج، هه‌ربۆیه ژنی كوردیش گرنگه له خۆی بپرسێت، تا چه‌ند ئامانجی پێكاوه؟ لانیكه‌م له دوای راپه‌رینه‌وه له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی چه‌ندین ر‌ێکخراوی ژنان و ئافره‌تان و خوشكان، ده‌بێ بزانێ ده‌ستكه‌وته‌كانیان چی بووه؟ ئایا جێگه و پێگه‌ی ژنان له كاروباری سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدا ئاڵوگۆڕی دڵخۆشكه‌ری به‌سه‌ردا هاتووه، ئایا به‌شداریی ژنان له‌و كایانه‌دا بۆته دیارده‌یه‌كی سروشتی و سه‌رده‌میانه؟
راسته بزووتنه‌وه‌ی ژنان له جیهاندا مێژوویه‌كی دوور و درێژی هه‌یه و له كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتووه‌كاندا بناغه‌كه‌ی بۆ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م ده‌گه‌رێته‌وه و له كۆمه‌ڵگه داخراوه‌كانیشدا (كورد به نموونه)، جگه له دروستكردنی ئه‌و مینبه‌رانه‌ی باسمكرد، بێده‌نگی هه‌ڵنه‌بژێردراوه، به‌ڵكو بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه میكانیزمی جیاواز گیراوه‌ته‌به‌ر و كه‌م تا زۆر ژن و پیاوانی سه‌ربه قوتابخانه‌كانی فێمینیزم رووبه‌ڕووی داخراویی كۆمه‌ڵگه و پیاوسالاریی و نادادپه‌روه‌ریی و نایه‌كسانی بوونه‌ته‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ی زۆرجار وه‌كو ژنێك سه‌ری لێ ده‌رناكه‌م، دوو ئاراسته‌ی جیاوازی بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه، به‌جۆرێك هه‌میشه شانازی به بوونی ژنانی وه‌ك حه‌پسه‌خان و عادیله خانم و مه‌ستووره‌خان كراوه، كه له رابردوودا ژنانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و پله و پایه بوون، به‌ڵام له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كەمدا و له هه‌مان كۆمه‌ڵگه‌دا بوون به كه‌سی یه‌كه‌م تاڕاده‌یه‌ك بۆ ژنان یاساغه، به‌م پێوه‌ره بێت، ده‌توانین بڵێین كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی قۆناغه‌كانی رابردووی پرشنگدارتر بووه له ئێستای.
ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت، متمانه نه‌بوونه به تواناكانی ژنان، یان پیاوان قۆرغكارن، یان به‌شێك له جه‌نگه‌كه له‌گه‌ڵ خودی هێزی نه‌رمدایه؟
دروستکەرانی بڕیارە هەستیارەکان، وایكردووه ئاینده‌ی ژنان له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه ده‌ستنیشان بكرێت، ئه‌مه خۆی له‌خۆیدا زۆرجار نادادپه‌روه‌ریی و هه‌ندێ جاریش چیرۆكی نه‌خوازراوی لێده‌كه‌وێته‌وه. به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی ژنی كورد بازێکی گه‌وره بكات و به‌شێك له به‌ربه‌سته‌كان تێپه‌ڕێنێت، باشتره فیدراڵی رابگه‌یه‌نێت و بیروڕا جیاوازه‌كان له ده‌وری كۆببنه‌وه، ئه‌ركیشی فیدراسیۆنی داكۆكیكردن و كاندیدكردنی ژنان بێت بۆ پۆست و پله مامناوه‌ند و باڵاكان، كه ده‌توانن هه‌ر به ده‌نگی خۆشیان سه‌ریبخه‌ن، چونكه ئاماره‌كانی عیراق و هه‌رێم به‌هۆی جه‌نگه‌وه، زۆركات ئاماژه به زۆریی رێژه‌ی ژنان له به‌رامبه‌ر پیاواندا ده‌ده‌ن، كه‌واته بۆ ئه‌م قۆناغه شۆڕشی ژنان ده‌بێ خۆ رزگاركردن بێت له سیاسه‌تی په‌رتكه و زاڵبه و فیدراڵیش تاكه چاره‌سه‌ره.