زووم

فیلمی تاوانبار

10:47 - 2024-03-10
رۆزا دڵشاد مەریوانی
143 خوێندراوەتەوە


هەندێ ئەکتەری هۆڵیوود هەن هەمیشە نواندنی زۆر تایبەت و کاریگەر پێشکەش دەکەن، بەڵام نەبوونەتە خاوەن خەڵاتی ئۆسکار، یەکێک لەوانە ئەستێرەی هۆڵیوود جەیک گلینهال-ە من خۆم زۆر سەرسامم بە نواندن و فیلمەکانی و زۆر فیلمی هەیە دەتوانیت چەند جارێک تەماشایان بکەیتەوە، یەکێک لەوانە فیلمێکی خەیاڵییە و باس لە سەردەمێکی کۆن دەکات ئەویش فیلمی «شازادەی فارس» ی ساڵی 2010 هەروەها فیلمێکی دیکەی هەیە بەناوی «Source Code- سەرچاوەی کۆد- ساڵی 2011 « باس لە گەڕاندنەوەی زەمەن دەکات کاتێک تیمێک لە FBI دەیانەوێت تاوانباری تەقاندنەوەی میترۆیەکی پڕ لە سەرنشین بدۆزنەوە، بێگومان فیلمەکە کۆمەڵێک بەها و پەیامی تایبەت لەخۆدەگرێت هەروەها ئەگەر چانسی دووەم بۆ ژیان بدرێت بە مرۆڤێک چی روودەدات؟ بەڵام دوا فیلمی ئەم ئەکتەرە بینیبێت فیلمێکی ساڵی 2021 بەناوی «The Giulty- تاوانبار» باس لە فەرمانبەرێکی هێڵی گەرمی 911 دەکات کاتێک قوربانییەک پەیوەندی پێوە دەکات و ژیانی لە مەترسیدایە و داوای یارمەتی دەکات، جیاوازیی و سەرنجڕاکێشیی ئەم فیلمە لەوەدایە ئەو ئەکتەرە بەدرێژایی فیلمەکە لەنێو ژووری پەیوەندییەکانی فریاکەوتنی 911 دایە و تەنیا گوێی لە دەنگی قوربانییەکەیە، توانای بەرزی نواندنی ئەم ئەکتەرە لەوەدا دەردەکەوێت کاتێک تۆی بینەر بەدرێژایی فیلمەکە لە دڵەڕاوکێ و جۆشوخرۆشدا دەهێڵێتەوە لە کاتێکدا ئەو تەنیا خۆی و تەلەفۆنەکەیەتی، تا دوا ساتەکانی فیلمەکە بینەر ئارام نابێتەوە، جگەلەوەی چەندین گۆڕانکاری سەیر و چاوەڕواننەکراو لە رووداوەکانی فیلمەکەدا روودەدات لە کاتێکدا پاڵەوانەکە تەنیا بە تەعبیری روخسار و جەستە گوزارشت لەو دۆخە ناخۆشانە دەکات کە لە ژیانی تایبەتی و پیشەییدا بەسەری هاتووە، بەڵام کۆڵنادات و بەردەوام دەبێت لە هەوڵی رزگارکردنی قوربانییەکە، لەڕێی تەلەفۆنەوە لەگەڵ ئەو هێزانەی پۆلیس کە بە ئاماژەی ئەم دەچنە ئەو شوێنانەی پاڵەوانەکە تەنها لەڕێی ئەو وەسفانەی قوربانییەکە دەیکات دەیدۆزێتەوە.
ئەوجۆرە فیلمانەی وەک ئەم فیلمە کاتێک پاڵەوان تەنیا خۆی و کامێرایە یەکێکە لە قورسترین ئەو رۆڵانەی ئەکتەر دەیبینێت، چونکە دەبێت تەنیا بە جەستە خۆی هەموو هەستەکانی وەک تووڕەیی و بێهودەیی و دڵخۆشیی..هتد بگەیەنێت لەهەمانکاتدا ئاستی نواندنی بەجۆرێک بێت بینەر وەڕس نەبێت، هەروەها لەسەروو ئەوەشەوە ئەوەی ئەم ئەکتەرە و دەرهێنەر و دروستکەری فیلمەکە کردوویانە نەک هەر بینەر بێزار نابێت بگرە دەیخاتە دۆخێکەوە تا فیلمەکە تەواو دەبێت لە دڵەڕاوکێدا دەبێت و ناتوانێت بەجێیبێڵێت، بێگومان ئەکتەرێک توانایەکی بەرزیی لە نواندندا نەبێت مەحاڵە بتوانێت ئەو کارە بکات، زۆر فیلمی لەو جۆرە هەیە تێیدا شوێن ناگۆڕێت، بەڵام وەڕسکەرن و بینەر ناتوانێت لەگەڵیدا بەردەوام بێت.

وتارەکانی نوسەر