حزبەکان، گەنجان بەرەو کوێ دەبەن؟

10:45 - 2024-03-14
شارۆ شاهۆ
359 خوێندراوەتەوە

شارۆ شاهۆ


لە هەرێمی کوردستان حزبە سیاسییەکان کەموکووڕییان هەیە لە پەروەردەی گەنجەکانیاندا، بەجۆرێک تەنانەت لەسەر ئەو بنەما و پەیڕەوە فیکرییەی کە هەیانە نەیانتوانیوە راستگۆبن و بەگەڕیان بخەن لە پەروەردەی سیاسییانەی گەنجەکانیاندا. 
مەرج نییە هەموو گەنجێک رێگاکانی سیاسەتکردن بگرێت، بەڵام چونکە کۆمەڵگەکەمان بە سیاسی بووە، بۆ ئەم بەشدارییە سیاسییەش، تا میراتگری سیاسی حزبەکان وەستابێت، گەنجانی تر جگە لە گرتنەبەری رێگای سازش و مەرایی، ناتوانن خەونەکانیان بچننەوە و لە چوارچێوەی پێودانگی سەردەمەکانی زانستی سیاسەت  خزمەت بکەن و داکۆکی لە کۆمەڵگە و هاووڵاتی ئاسایی بکەن بەبێ جیاوازی. 
ئەوەش لەیاد نەکەین کاتێک گەنج هەر ئەم رێگایەی هەبوو ئاستی بیرکردنەوەی بە شێنەیی دادەبەزێت و دادەبڕێت لە جیهانی بیرکردنەوەی سیاسی سەردەم، بۆیە ئەگەر تەماشا بکەین چەکداری پارتە سیاسییەکان و دامەزراوە سەربازییەکان زۆری لە گەنجان پێکهاتووە بە مووچەیەکی کەم و گەنجانی  هەژاری کۆمەڵگەن. 
ئەو گەنجانەی کە زانکۆ تەواودەکەن و بە کۆششی خۆیان خۆیان پەروەردەکردووە و فێری زانستە سەردەمییەکان بوون، کاتێک دەبینن دەرگاکان تەنها بۆ گەنجانی حزبی و گەنجی موتوربەکراو کراوەیە، بڕیار دەدەن کۆچ بکەن یاخود بجەنگن، بۆ بڕیاری کۆچکردنیش پرسی خوێندن و دۆزینەوەی کار لە تاراوگە بژاردەیەکی بیرلێکراوەیە لە بەردەمیاندا. 
ئەو گەنجانەشی کە ناتوانن ئەو دەرفەتانە بقۆزنەوە، رێگای کۆچی نایاسای و مەرگ دەکەنە بژاردە بۆ رزگاربوون کە چیرۆکەکانی ئەم رێگایە دەبێت بکرێنە بەشێک لە گێڕانەوەی نەهامەتی و قڕکردنی تاکی کورد لە مێژووی هاوچەرخدا. 
گەنجان لەناو ئەم سیستمەدا پێویستیان بە هۆشیاریی تەواو  هەیە، چونکە کاتێک زانیان دژی ئەوان بیردەکەیتەوە و ناتەوێت کۆیلە بیت. دەرگاکان بە جۆرێک کڵۆم دەدەن لێت و هەزاران بیانووی ئامادە راست دەکەنەوە!
 ئیتر لێرەدا بەناو نیشتمانپەروەران و خەمخۆران بیرناکەنەوە کۆچی عەقڵەکان تێچووی مانەوەیان لە دەسەڵات زیاتر دەکات. چونکە ئەوکات دەبێت پارە لە لۆبیکردن زیاتر و زیاتر خەرجبکەن. 
ئەگەر بڕیارە رێگای تۆ جیاواز بێت، بەجۆرێک خودئەڤین بە کە هەڵنەخەڵەتێیت بەوەی کە وترا یەکسەر باوەڕ بکەیت. 
ئەو چیرۆکەی بۆ خۆت دروستی دەکەیت، دواجار پێناسەی رەسەنی تۆ دەکات، نەوەک ئەو جۆرە چیرۆکە باوانەی کە داوات لێدەکەن ببیت بە کارەکتەرێکی ساختە تێیدا!

ئەرکی حکومەتە رۆڵ بداتە گەنجان و هەلی کاریان بۆ دابین بکات

وتارەکانی نوسەر