سەرۆکی کۆریای باشوور لە کەناسییەوە دەستیپێکردووە

10:59 - 2024-03-14
وتار
122 خوێندراوەتەوە

د. ضیاء واجد المهندس*

و: عەبدوڵڵا سدیق


لی میونگ باک، کە لە نێوان ساڵانی 2008 تا 2013 سەرۆکی پێشووی کۆریای باشوور بوو،  لە بنەماڵەیەکی زۆر هەژار لەدایکبووە، تا تەمەنی 18 ساڵی کاری  کەناسی (کرێکاری پاککەرەوە)ی کردووە، بەمشێوەیەش توانیویەتی پارە بۆ خوێندنەکەی پەیدا بکات، دوای تەواوکردنی خوێندن،  پەیوەندی بە کۆمپانیای هیۆنداوە کرد. دوای پێنج ساڵ بوو بە بەڕێوەبەری کۆمپانیا زەبەلاحەکە دوای ئەوەی لە ماوەی پێنج ساڵدا سەرمایەکەی کردی بە دوو هێندە . دواتریش بوو بە سەرۆکی کۆمپانیای هیۆندای،  پاشان وەک گەنجترین سەرۆکی دەوڵەت لە جیهاندا، بوو بە سەرۆکی کۆریای باشوور.
لە وتارێکدا کە لە زانکۆی سوڵتان قابوس وەک میوانی سەرەکی لە کۆڕبەندی ئابووری ئاسیا پێشکەشی کرد، وتی: سەرۆکایەتی ئاسەوار و بۆنی زبڵ و خاشاکیی لە دەستم نەسڕییەوە، ئەمەش تاوەکو ئێستا زۆرترین شانازی پێوە دەکەم. لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێش 50 ساڵ، کۆریا پێنجەم هەژارترین وڵاتی جیهان بوو، لە کاتێکدا ئەمڕۆ پێنجەم گەورەترین ئابووری جیهانە، ئەمەش  بەهۆی گرنگیدانەوە بوو بە پەروەردەو فێربوون بوو. ئێمە لە کۆریا جگە لە مرۆڤ هیچ سەرچاوەیەکمان نییە.
لە ماوەی پێنج ساڵدا هیۆندای کردە ئیمپراتۆریەتێکی پیشەسازی زەبەلاح، لەماوەی پێنج ساڵیشدا کۆریای باشووری بەرزکردۆتەوە بۆ پێنجەم گەورەترین ئابووری لە جیهاندا و ئەمڕۆش ئەم وڵاتە پێگە و رۆڵێکی گرنگی لە بواری  سیاسی و ئابووری جیهاندا هەیە، ئەمەش بەبێ ئەوەی ئەم وڵاتە  هیچ سەرچاوەیەکی سروشتی بەرچاوی هەبێت.
کاتێک پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار بەجێدەهێڵێت، وەک فەرمانبەرێک لە دەسەڵاتی زانستە ژینگەییەکان کاری کردووە و مووچەی مانگانە 2200 دۆلار بووە، کە باجی لەسەرە، بەڵام بۆ وتارێکی یەک کاتژمێری 30 هەزار دۆلاری دەستکەوتووە.

کرێکاری پاککەرەوەی بەڕێز
لی میونگ باک شەرەف و کەرامەتێکی بۆ خۆی و خێزانەکەی و وڵاتەکەی دروستکرد، کە تا قیامەت منداڵەکانی و نەوەکانی و خەڵکی وڵاتەکەی شانازی پێوە دەکەن، لە کاتێکدا گوێم لە سیاسەتمەدارێک بوو کە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی دەکرد، باسی سەروەت و سامانەکەی و دەستکەوتە خەیاڵیەکانی لە بواری ئاسایش و ئابووری و سیاسەتدا دەکرد. سەیرترین شت ئەوەیە،سەرۆکەکانمان شانازی بە مێژووی خەبات و تێکۆشانیی و قارەمانێتی خۆیانەوە دەکەن، لەکاتێکدا عیراقیان خستە ڕیزی دواوەی وڵاتان، نە ئاسایش، نە ئابووری، نە شکۆ، نە ژیانێکی شایستە، نە بیمەی تەندروستی، نە خوێندنێکی مۆدێرن ، نە خانووبەرەی شایستە، نە، نە، نە، نە.
دکتۆر ڤیکتۆر شیا پسپۆڕی کوالیتی پەروەردەی کۆری دەڵێت:
هیچ وڵاتێک توانای بەرهەمهێنانی تەواوی نەوەیەکی بێ پەروەردەی نییە چونکە وڵات لە ناوخۆدا وێران دەکات و بوونی خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، حکومەتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پەروەردەیان پشتگوێ خستووە و ئێستا باجەکەی دەدەن. 
ساڵی 1977 رێکخراوی یونسکۆ لە راپۆرتێکیدا دەڵێت: عیراق  باشترین سیستمی پەروەردەی  لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.
رۆشنبیران دەیانگوت: قاهیرە کتێب دەنووسێت، بەیروت چاپی دەکات، بەغداش دەیخوێنێتەوە. بەڵام ئێستا، قاهیرە سەما دەکات، بەیروت سەرخۆش دەبێت، بەغداش دەلەرزێت.
کەی نمونەیەک لە حاکم و سیاسەتمەدارەکانمان دەدۆزینەوە کە پاڵپشتی لە پەروەردە و خوێندن بکات، کەی وەزیرێک دەدۆزینەوە کە خەمی عیراق و زانستی بێت و کار بۆ ڕێکخستن بکات نەک لەناوبردن و وێرانکردن ؟!!
ئای خودایە، یارمەتی عیراقەکەمان بدە.
کەسێکمان بۆ بنێرە کە دۆخەکەمان باشتر بکات.

*ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی عیراق

وتارەکانی نوسەر