زووم

دەنگی میوزیکی تێدا بێت

10:25 - 2024-03-17
رۆزا دڵشاد مەریوانی
137 خوێندراوەتەوە

گوێت لە رادیۆی نێو ئۆتۆمبێلەکەت گرتووە یان لە گەشتێدا هاوڕێکانت گۆرانییەک لێدەدەن لەپڕ هەست دەکەیت هەراسان بوویت و مێشکت دێشێت و دەڵێیت: ئەرێ ئەوە قسە دەکات یان گۆرانی دەڵێت؟
بەداخەوە هونەری گۆرانی مۆدێرن و گۆرانیبێژە نوێیەکان لە هەر زمان و نەتەوەیەک بن هەندێک پەیدا بوون کاتێک گوێیان لێدەگریت  قسە دەکەن نەک گۆرانی دەڵێن، بەو واتایەی وا هەستدەکەیت دەیەوێت کۆمەڵێک قسە کە شیعری گۆرانییەکەیە وەک گۆرانی بیڵێت، بەڵام یان دەنگی یان میوزیک و گونجاندنی لەگەڵ شیعری گۆرانییەکەدا یارمەتیدەر نین بۆ ئەوە، بۆیە ئەنجام شتێکی ناخۆشی لێ دەردەچێت نەک گۆرانی.
ئەوەی گۆرانیبێژی سەرکەوتوو لەوەی من پێیدەڵێم گۆرانیبێژی رۆژ یان کاتیی جیادەکاتەوە ئەوەیە دەبێت جگە لە هەست و سۆز میوزیک لە دەنگیدا هەبێت، بۆیە کاتێک گوێ لەو گۆرانیبێژانە دەگریت کە لە ریزی گۆرانیبێژە پلە بەرزەکاندان بێ هیچ میوزیکێک لە شوێنێکی ئاساییدا یان لەسەر ستەیج بەبێ ئەو تەکنیکەی پێیدەوترێت «ئۆتۆ تۆن» واتا چاککردنەوەی دەنگ هەست دەکەیت جۆرێک لە میوزیک لە دەنگیاندایە و گوێگر مەست دەکەن.
بێگومان نموونەی لەو جۆرە لەنێو هەموو نەتەوەکاندا هەیە، ئەگەر باسی گۆرانیبێژانی ئێستای خۆشمان بکەین بەهەمانشێوە لە هەردوو جۆرەکەمان هەیە و بەداخەوە بەڕای من ئەو جۆرەی دەڵێیت قسەدەکات نەک گۆرانی دەڵێت زۆربووە، بێگومان بێ ناوهێنانی هیچ کەس، چونکە هەر یەکەو بەشی خۆی گوێگر و هەواداری خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی مەبەستمە لێرەدا باسی بکەم راستە من وەک گوێگر زەرەرێکی ئەوتۆ ناکەم تەنیا دەتوانم کەناڵی رادیۆکە بگۆڕم، بەڵام کاتێک لە دانیشتنێک و لایڤ میوزیکێکدا یەکێک لە گۆرانیبێژەکان لەو جۆرە دەبێت، کاتێک دەچیتەوە ماڵەوە هەستدەکەیت مێشکت دارکاریی کراوە لەو کاتەدا هەستدەکەیت تاوانە رێگەدەدەن یەکێکی لەو جۆرە بچێت بەلای هونەری گۆرانیدا. بێگومانیش یەکێک لە هۆکارەکانی زۆربوونی ئەو جۆرە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئێستا زۆر ئاسانە هەر کەسێک بیەوێت گۆرانی تۆمار و بڵاوبکاتەوە و خۆی بە گۆرانیبێژ ناوزەند بکات، بەڵام لە کۆندا هیچ کەسێک نەیتوانیووە وا بەئاسانی ئەو ناوە هەڵگرێت و بچێتە دنیای میوزیک و گۆرانییەوە، بەڵام دەبینین ئێستا ئەوانەی گۆرانی دەڵێن، چونکە گوناهە ناوی گۆرانیبێژیان لێبنێین یەکجار زۆربوون و نازانم ئایا هیچ پێوەر و سانسۆرێک بۆ ئەوەی کەسێک ببێت بە گۆرانیبێژ هەیە؟ دواجار من وەک گوێگرێکی ئاسایی کە تەنیا چێژم بۆ گۆرانی و میوزیکی ئاست بەرز هەیە جیا لە کەسێکی پرۆفێشناڵ تاکە کاردانەوەم بۆ ئەو دیاردەیە ئەوەیە کاتێک گوێم لەو جۆرە گۆرانیانە دەبێت دەڵێم: ئەوە چییە بیگۆڕە.

وتارەکانی نوسەر