بۆچی هاوبەشیی ستراتیژیی ئەمریكا و عیراق گرنگە؟

11:18 - 2024-03-19
وتار
141 خوێندراوەتەوە

ئەلینا رۆمانەوسكی*

بۆچی هاوبەشیی ستراتیژیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و عیراق گرنگە بۆ خەڵكی عیراق؟
رەمەزانتان پیرۆزبێت. هیوادارم ئەم وتارە هەندێك بیرۆكە بخاتەڕوو بۆ رەچاوكردن لەماوەی ئەم مانگەی تێڕامان لەگەڵ خێزان و هاوڕێیان. پاش راگەیاندنی لیژنەی باڵای سەربازیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و عیراق، سەركردەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و عیراق دانوستان لەسەر گۆڕانكاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەكەن و بەدیاریكراوی بوونی سەربازیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كە ماوەیەكی درێژە پاڵپشتی هاوبەشە عیراقییەكان دەكەن لە تێكشكاندنی داعش. لەكاتێكدا كە عیراقییەكان بە هەموو پێكهاتە فرە چەشنەكانیەوە لەنزیكەوە چاودێری ئەم گۆڕانكارییە گرنگە دەكەن، چەندین كەس دەپرسن ئەمە واتای چییە بۆ پەیوەندیی ستراتیژیی فراوانی 360 پلەییمان. تەنانەت هەندێك دەپرسن بۆچی گرنگە ئەم هاوبەشییەمان بمێنێتەوە؟. 

ئێمە پابەندین بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی عیراق
من تێدەگەم كە هەموو عیراقییەكان بەهەمانشێوە سەیری پەیوەندییەكەمان ناكەن، هەروەها هەبوونی رای جیاواز لەسەر ئاراستەی وڵاتەكەتان شتێكی سروشتییە، بگرە ئاماژەیە بۆ دیموكراسییەكی پێگەیشتوو. لەبەرئەوە، دۆخی ئێستا دەرفەتێكی زێڕینە بۆ رەچاوكردنی ئەوەی چ جۆرە پەیوەندییەكی ستراتیژیی درێژخایەن ئێوە دەتانەوێت لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بنیاد بنێن. تێچووەكانی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە زۆر بەرزن، نەك تەنها بۆ پەیوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و عیراق، بەڵكو بۆ پەیوەندییەكانی عیراق لەگەڵ جیهان. 
وەك باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عیراق، من شكۆمەندم بە كاركردنی رۆژانە لەگەڵ خەڵكی عیراق و نوێنەرەكانیان بۆ خستنەڕووی روانگەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەربارەی هاوبەشیی ستراتیژیی. لە ناو چوارچێوەی رێكەوتنی مێژوویی ستراتیژیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و عیراقی ساڵی 2008 كە رێنوێنی پەیوەندییەكەمان دەكات، من ئەوە دەبینم كە عیراق چەند بەدەستدەهێنێت لە هاوبەشییە ستراتیژییە بەردەوامەكەمان، چونكە دەستكەوتەكانی ئەو پەیوەندییە بەهێزەمان بۆ عیراقییەكان. ئەمانە ئەو شتانەن كە من دەیانبینم. 
ئێمە پابەندین بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی عیراق و شان بەشان وەستاین لەگەڵ هاوبەشە عیراقییەكانمان بۆ رزگاركردنی عیراق لە بەڵای داعش. پاش تێپەڕبوونی دە ساڵ بەسەر دەركەوتنی داعش و پێنج ساڵ بەسەر شكستی مەیدانی داعش، پێویستە بەرچاو روون بین سەبارەت بەوەی هەڕەشەی داعش هێشتا لەسەر عیراق ماوە لە ناو عیراق و لە سوریاوە. ئێمە دەخوازین هێزەكانی ئاسایشی عیراق توانای پێویستیان هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی ئایندە، لەبەرئەوە لە ساڵی 2012 وە، كۆنگرێسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا زیاتر لە 3.5 ملیار دۆلاری تەرخانكردوە بۆ بونیاتنانەوەی هێزەكانی ئاسایشی عیراق. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێداویستییە گرنگەكانی وەكو چەكی پێشكەوتووی فڕۆكەی ئێف 16 و زرێپۆشی جەنگی ئەبرامز و هەروەها راهێنانی پیشەیی بۆ بەهێزكردنی هێزەكانی ئاسایشی عیراق پێشكەش دەكات بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی كۆمەڵگەی فرەچەشنی عیراق بكەن و وەڵامدەرەوەی حكومەتی خاوەن سەروەریی عیراق بن و بتوانن بەرگری بكەن لە عیراق و رۆڵی عیراق لە بەدیهێنانی سەقامگیریی لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. 
بەڵام پێویستمان بە پەیوەندیی زیاترە نەك تەنها پەیوەندیی ئاسایش. پێویستمان بە پەیوەندیی ئابووریی، كلتوریی، پەروەردەیی و پەیوەندیی خەڵك بۆ خەڵك هەیە كە عیراقی نوێ بنیاددەنێن كە عیراقێكی مۆدێرن و سەقامگیر و ئارام و خاوەن سەروەری و گەشەسەندوو و بەستراوە بە جیهانەوە.  
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هێشتا گەورەترین كۆمەكبەخش و پاڵپشتی عیراقە. لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو، ئاژانسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ هاوكاری نێودەوڵەتی (USAID) زیاتر لە 11 ملیار دۆلاری ئەمریكی وەك كۆمەكی گەشەپێدان بۆ باشتركردنی كۆمەڵگەكان پێشكەشكردووە. ئەمە هاوكاری عیراقییەكان بووە بۆ دامەزراندنی سەدان بزنس و دروستكردنی هەزاران هەلی كار و بنیاتنانی 150 قوتابخانەی نوێ و 25 بنكەی خزمەتگوزاریی تەندروستی و 130 پڕۆژەی ئاو. لە ساڵی 2014وە زیاتر لە 3.6 ملیار دۆلاری ئەمریكیمان دابینكردووە بۆ پاڵپشتیكردنی ئاوارە عیراقییەكان و پەنابەرانی كەمدەرامەت لە بوارەكانی چاودێری تەندروستی و دەرمان و ئاوی پاكی خواردنەوە و ئاوەڕۆی باشتر. لە ساڵی 2017وە وەبەرهێنانمان بە بڕی157 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی لە پڕۆژەكان كردووە بە سەرپەشتی عیراقییەكان بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە 12 ملیۆن عیراقی. 

هەزاران عیراقی سوودمەندن لە پڕۆگرامە ئاڵوگۆڕییە پەروەردەیی و كلتورییەكانمان
هەزاران عیراقی سوودمەندن لە پڕۆگرامە ئاڵوگۆڕییە پەروەردەیی و كلتورییەكانمان. لەوكاتەوەی پڕۆگرامە ئاڵوگۆڕییەكانمان بۆ خوێندكارانی ئامادەیی و زانكۆ 17 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێكردووە، زیاتر لە 5000 گەنجی عیراقی گەشتیان بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كردووە و گەڕاونەتەوە بۆ ئەنجامدانی كاری گەورە لە عیراق. لە ساڵی (2024) 400 گەنجی تری عیراقی سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەڕێگەی پڕۆگرامە ئاڵوگۆڕەكانمان دەكەن لەوانەش پڕۆگرامی ناوازەی فولبرایت و پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕیی سەركردەكانی گەنجی عیراقی و پڕۆگرامی نێودەوڵەتی سەركردەی سەردانكەر. هاوكات لەناو عیراق پڕۆگراممان هەیە، لەوانە وانەكانی زمانی ئینگلیزی و راهێنانی مامۆستا و دەرفەتەكانی تواناسازیی بۆ كارخوازان و كارسازان و چالاكوانانی ژینگە. پڕۆگرامەكانمان دەرفەتی بنیاتنانی توانا هەمەجۆرەكان دابین دەكەن بۆ ژنان و كچان، لەوانەش بەدەستهێنانی بڕوانامەی كەرتی تەكنەلۆژیا لەلایەن كۆمپانیاكانی مایكرۆسۆفت و گوگڵەوە.
باڵیۆزخانەكەمان لە بەغدا و كونسوڵخانە گشتییەكەمان لە هەولێر، ساڵانە هەزاران ڤیزا دەدەن بۆ كارئاسانی گەشتی عیراقییەكان بەمەبەستی بەیەكگەیشتنەوەی خێزان و خۆتۆماركردن لە زانكۆ و ئەنجامدانی توێژینەوە و دروستكردنی پەیوەندیی كار و وەرگرتنی چارەسەری پزیشكیی، یان تەنها بۆ چێژوەرگرتن لە گەشت بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. هەبوونی ئێمە وایكردووە ئەم پەیوەندییانە دروست ببێت. 
بازرگانی لەنێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و عیراق، واتا جوتیارە ئەمریكییەكان خۆراكی پێویست بەرهەمدەهێنن بۆ خێزانە عیراقییەكان. كۆمپانیا ئەمریكییەكانی وزە پێشكەوتووترین تەكنەلۆژیای تۆڕی كارەبا پێشكەش دەكەن بۆ دەستنیشانكردن و تەنانەت دووركەوتنەوە لە پچڕانی كارەبا و نوێكردنەوەی تۆرباینی كارەبا و دانانی توانای بەرهەمهێنانی نوێ و بەكارهێنانی گازی سروشتی دەرچوو بۆ بەرهەمهێنانی كارەبای خۆماڵی. كۆمپانیا ئەمریكییەكانی دەرمان پێكوتەی كواڵیتی بەرز دەهێنن بۆ عیراقییەكان بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەكان، هاوكات كۆمپانیاكانی تر، وەبەرهێنان دەكەن لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكانی عیراق لەڕێگەی كەرەستەی پزیشكیی ژیانپارێز و تەكنەلۆژیای نوێی تەندروستیی منداڵی ساوا بەمەبەستی بایەخدان بە منداڵانی عیراق.
ئێمە پاڵپشتی بانكی ناوەندییمان كردووە لە فراوانكردنی ژمارەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بانكە نێوەندەكان، كە دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ عیراق لە بواری ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی بازرگانی نێودەوڵەتی و ئەنجامدانی بازرگانی بەشێوەیەكی پارێزراو بە دۆلاری ئەمریكی. لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا كۆی پارەی هەڵگیراو لە بانكە بازرگانییەكانی عیراق بەڕێژەی 40 % بەرزبۆتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ متمانەی بەكاربەر بە دامەزراوە بانكییەكانی عیراق، لەكاتێكدا كە پێكەوە كاردەكەین بۆ زیادكردنی شەفافییەت و بنبڕكردنی گەندەڵی و دزی، بەستنەوەی كەرتی بانكی عیراق بە ئابووریی كێبڕكێكاری جیهانی. 

پردی پەیوەندیی لەنێوان خەڵكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و خەڵكی عیراق دروست دەكەین
بەدڵنیاییەوە وڵاتانی تر کە لە دەرگای عیراق دەدەن و بانگەشەی جێگرەوە دەخەنەڕوو بۆ ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوبەشانمان پێشكەشی دەكەن، بەڵام وەك باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عیراق، من نابینم هیچ یەكێكیان ئەوەندەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەموو رۆژێك پێشكەشی خەڵكی عیراق دەكات، ئەوان پێشكەشی بكەن. هەروەها هیچ یەكێكیان ناتوانن هاوبەشییەكی هاوتای راستەقینە و یەكسان پێشكەش بكەن كە عیراق ببەستێتەوە بە جیهان و گەشەسەندنی عیراق  بەهێز بكات. ئێمە پردی پەیوەندیی لەنێوان خەڵكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و خەڵكی عیراق دروست دەكەین كە بۆ چەندین نەوە بەردەوام دەبێت.  
كاتێك لەگەڵ گەنجانی عیراقی قسە دەكەم كە نوێنەرایەتی بەدیهێنانی گۆڕانكاری لە ئایندەی ئەم وڵاتە دەكەن، پێم دەڵێن خزمەتگوزاریی پشتپێبەستراوتر و پەروەردەی باشتر و كاری زیاتر و كواڵیتی بەرزتری ژیان و دەرفەتی زیاتریان دەوێت. لەبەرئەوەی دەزانین كە پێكەوە دەتوانین هەموو شتێك لەڕێگەی هاوبەشییەكی بەهێزی ستراتیژیی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و عیراق بەدەستبهێنین، دەتوانین خەونەكانیان بكەینە ڕاستی.

*باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق
PUKMEDIA

وتارەکانی نوسەر