زووم

درامایەکی تاریک

10:44 - 2024-03-24
رۆزا دڵشاد مەریوانی
127 خوێندراوەتەوە

کەم جار هەبووە تەماشای درامایەکی کۆریای باشوور بکەم و لێی وەڕس بم یان چێژی لێنەبینم، چونکە زۆربەی ئەو دراما کۆرییانەی تەماشامکردوون هەر یەکە و بەپێی چیرۆک و نواندن و زنجیرەی رووداوەکانی کۆمەڵێک بەها و پەیامی جۆراجۆر بە بینەر دەبەخشن جگەلەوەی چێژ بەخشە بەسوودیشە، بەڵام تائێستا دوو دراما هەیە لە تەماشاکردنیان پەشیمانم و وەک واجیبێک تەواوم کردوون یەکەمیان درامای
«Our Beloved Summer- هاوینی خۆشەویستیمان» ە کە ساڵی 2021  نماییشکراوە کێشەی ئەم درامایە ئەوەیە ریتمی زۆر خاوە و بینەر وەڕس دەکات، جگە لەوەی پاڵەوانەکان ئەوەی پێیدەوترێت کیمیا لەنێوانیاندا نییە، ناتوانی باوەڕ بەوە بکەیت ئەم دوانە خۆشەویستن و بینەر ناجوڵێنن.
هاوکات ئەوەی زیاتر تووشی شۆکی کردم کاتێک لەماوەی رابردوودا تەماشای نوێترین درامای ئەستێرەی کۆریا «لی دۆنگ ووک» م کرد ئەویش درامای « A Shop for Killers- بازاڕێک بۆ بکوژان» ی ساڵی 2024 ە، یەکێک لەو خاڵانەی جیاوازە لەم درامایەدا ئەوەیە لە یەکەم ساتی دراماکەوە هەواڵی مردنی پاڵەوانەکە دەزانی واتا بەدرێژایی دراماکە پاڵەوان تەنیا لە خەیاڵ و بیرەوەرییەکانی برازاکەیدا کە پاڵەوانی دووەمە دەبینرێت و بەشێکی زۆری دراماکە تەنیا گێڕانەوە و بیرەوەرییە، کاتێکیش کامێرا دێتەوە سەر ئێستا هەموو رووداوەکان لەماوەی تەنیا شەو و رۆژێکدا روودەدەن کە هەشت ئەڵقەیە، بێگومان ئەمجۆرە لە گێڕانەوە لەڕێگەی بیرەوەری کەسێکی دیکەوە و روونبوونەوەی هۆکاری کوژرانی پاڵەوانەکە بەلای منەوە سەرنجڕاکێش بوو، بەڵام ئەوەی تێبینم لەسەر هەیە ئەوەیە یەکەمیان من زۆر خولیای کارێک نیم تەنیا ئەکشن بێت بێ هیچ هەست و سۆزێک، دووەمیان ستایلی وێنەگرتن و ئەوەی پیشانی بینەر دەدرێت زیاد لەپێویست تاریک بوو، تاریک تەنیا بە مانای رووداوەکانی نا، بەڵکو وێنەکانیشی لە هەندێ گرتەدا دراماکە ئەوەندە تاریکە وا هەستدەکەیت تەماشای فیلم یان درامایەکی کۆن دەکەیت کاتێک لە شەودا وێنەیان دەگرت و ئەو تەکنیکە نەبوو چەندە تاریک بێت، بەڵام رووداوەکان بۆ چاوی ئێمە رووناک بێت و بینەر تێبگات  چی روودەدات، بەڵام ئەم درامایە بەو شێوەیەیە زۆرێک لە گرتەکان تێناگەیت چی روودەدات تەنیا لەبەر تاریکیی وێنەکان بەو پێیەی زۆربەی رووداوەکان تا کۆتایی لە شەودا روودەدەن.
بەڕاستی من وەک بینەرێکی ئاسایی مەبەست و هۆکاری ئەوەی دراماکە بەو جۆرە تاریکە تێنەگەیشتم ئایا هەڵەی بەرهەمهێنەرانی دراماکەیە یان بە مەبەست بووە؟ ئەگەر وایە ئەو کارە بە رای من نەک سوودی نەبووە بۆ دراماکە بگرە بووە بە خاڵی لاواز و لە گرنگی و گەورەیی کارێکی هونەری زۆرباش و نواندنە بێوێنەکەی ئەو ئەستێرەیەی کەمکردۆتەوە.

وتارەکانی نوسەر