نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن و مامەڵەی هاووڵاتیان

09:47 - 2024-03-26
ئەرشەد تەحسین
212 خوێندراوەتەوە

ئەرشەد تەحسین


نەخۆشخانەی فریاكەوتن كە لەلای خۆمان بە « تەواری» ناسراوە، بۆ حاڵەتی كتوپڕ، كارەساتی نەخوازراو، رووداوی هاتوچۆ و ...هتد بەكاردێت، بەڵام بە داخەوە لەم هەرێمەی ئێمەدا، نەخۆش بەبێ گوێدانە حاڵەتی نەخۆشییەكەی سەردانی نەخۆشخانەی فریاكەوتن دەكات، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە كە ئەو کاتێک بۆ حاڵەتێكی سادە و ئاسان دەچێت بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتن، چەند زیان بە خۆی و ستافی نەخۆشخانەكە و نەخۆشەكانی دیکەش دەگەیەنێت.
 بۆ نموونە ئەگەر بۆ حاڵەتێكی سەرئێشەی ئاسایی دەچیت بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتن، ئەوا كات و مافی چەندین نەخۆشی تر دەخۆیت كە نەخۆشییەكەیان حاڵەتی بەپەلەیە و پێویستیان بەوەیە كاتیان بۆ تەرخان بكرێت لەلایەن پزیشک و كارمەندانی نەخۆشخانەكەوە.
 هەروەها زۆركات چەند كەسێك یاوەریی نەخۆشەكان دەکەن و بەتەواوی شپرزە دەبن بەجۆرێك دێنە ناو نەخۆشخانەكەوە و دەبنە مایەی تێكدانی ئارامی و هێمنی كەش و هەوای نەخۆشخانەكە و بێزارکردنی ستاف و كارمەندانی نەخۆشخانەكە، تەنانەت ئەو نەخۆشانەشی كە رێیان كەوتۆتە ئەوێ. 
ئەگەرچی من پڕ بەدڵ ئاواتەخوازم هیچ كەسێك رێی نەكەوێتە نەخۆشخانە و هەموولایەك لەشساغ و تەندروستبن، بەڵام جێی خۆیەتی لەمەولا بیر لەوە بكەینەوە كە:
یەكەم: هەتا زۆر پێویست نەكات، سەردانی نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن نەكەن و لەبری ئەوە سەردانی مەڵبەند و بنكە تەندروستییەكان یان نۆڕینگەی پزیشكە پسپۆڕییەكان بكەین و لەوێ چارەسەری پێویست وەربگرین.
دووەم: لەكاتی چوون بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتن، خەڵكانێكی زۆر لەگەڵ خۆیاندا نەبەن وەك هاوەڵی نەخۆش و ئەگەر خۆشیان وەك هاوەڵی نەخۆش رێیان كەوتە نەخۆشخانە، ئەوا نەبن بە مایەی تێكدانی كەشوهەوای نەخۆشخانەكە و لێگەڕێن ستافی نەخۆشخانەكە كاری خۆیان بەباشی بكەن.
سێیەم: پەلەپەل نەكەن و  رێ بە ستاف و پزیشک و كارمەندانی نەخۆشخانەكان بدەن تا سەرەتا بایەخ بەو نەخۆشانە بدەن كە زۆر حاڵەتی کتوپڕن و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.
چوارەم: ئەركی حكومەت و وەزارەتی تەندروستییە كە زۆرترین بنكە و مەڵبەندی تەندروستی لە گەڕەك و شارۆچكەكاندا بكاتەوە و پزیشك و كارمەندی تەندروستی و ستافی شارەزا و پسپۆڕیان بۆ دابین بكات، بەشێوەیەك كە سەرجەم پێداویستییەكانی تێدابێت و بەشە جۆراوجۆرەكانیش لەخۆبگرێت.
پێنجەم: بەدەر لە حاڵەتە كتوپڕ و نەخوازراوەكان، تا بكرێت هەوڵبدرێت بە رۆژ سەردانی نەخۆشخانە بكەن و نەكەونە شەوەوە، بەتایبەتی درەنگانی شەو لەکاتێکدا دەیتوانی لە رۆژدا سەردان بكات.
لەلایەکی دیکەوە پاراستن و رێزگرتن لە یاسا و رێساكانی نەخۆشخانە و بەرز  نرخاندنی هەوڵ و ماندووبوونی پزیشکان و كارمەندان و ستافی نەخۆشخانەكان، بەرامبەر ئەركی قورسی سەرشانیان جوانترین دیارییە لە نەخۆش و هاوەڵەکانیانەوە بۆ ستافە تەندروستییەکان لە پرسگەوە بۆ ژووری بەشتەرگەریی و چارەسەر و تەنانەت بۆ هاووڵاتیان و نەخۆشەکانی دیکەش.

وتارەکانی نوسەر